ئافرەتێك لە تاراوگە هەوڵی كۆكردنەوەی خێزانە پەرتەوازەكەی دەدات

ئافرەتێك لە تاراوگە هەوڵی كۆكردنەوەی خێزانە پەرتەوازەكەی دەدات
ئافرەتێكی تەمەن 49 ساڵ ساڵانێكی زۆرە لە تاراوگە دەژی و ساڵی 1999 هەر لە غەریبی كوڕێكی كوردی ناسیوە و هاوسەرگیرییان كردووە، ئێستا چوار منداڵیان هەیە و كچی گەورەی پەنای بۆ حكومەت بردووە و كچێكی لای باوكی منداڵەكانە و كچێك و كوڕە بچووكەكەشی لای خۆیەتی، ئەو خاتوونە باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هەموو هەوڵەكانی لە پێناوی ئەوەدایە خێزانەكەی لەو پەرتەوازییە رزگار بكات.
خۆی بە (جوان) دەناسێنێت و وەك باسی كرد، تەمەنی 49 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكییە و دایكی چوار منداڵە و لەگەڵ هاوسەرەكەشی زۆر ناتەبان و بە جیا دەژین. ئەو خاتوونە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە: «ماوەی 20 ساڵە هاوسەرین، بەڵام بەهۆی رەفتارە خراپەكانی دەرهەق بە من و منداڵەكان، چەند جار شكاتم لە هاوسەرەكەم كردووە، ناچار لەبەر منداڵەكان سكاڵاكەم كێشاوەتەوە، چونكە لێرە ئەگەر حكومەت بزانێ هەڕەشە لەسەر ژیان و دەروونی منداڵەكان هەیە، ئەوا منداڵەكان لە دایك و باوكی دەستێنێ و خۆی بەخێویان دەكات، لە كاتێكدا بە درێژایی ماوەی هاوسەریمان ژیانی خۆم و منداڵەكان لەژێر هەڕەشە و توندوتیژیدا بووە، هەر بە ناچاری قبووڵم كردووە. سێ كچم هەبوو، دەیگوت تۆ كوڕت نییە، بۆیە ئێمە ناتەباین و كێشەمان زۆرە، پاشان زۆری لێكردم تاوەكو رێگە بدەم منداڵی چوارەممان ببێت، دواجار كوڕێكمان بوو، بەڵام ژیانمان هەر وەكو خۆی مایەوە و هیچ شتێك نەگۆڕا، ئێستا من بە تەنیا لەگەڵ منداڵە بچووكەكانم دەژیم، تەنانەت هاوسەرەكەم پارەی منداڵەكانیش كە لە دەوڵەت وەری دەگرێت، بۆ خۆی دەبات و بە ئێمەی نادات، چەندین جار لەگەڵی دانیشتووم و پێم گوتووە با جیا ببینەوە، بەڵام ئەو تەڵاقم نادات، تەنانەت رێگە نادات كاریش بكەم. ئێستاش كچە گەورەكەمان كە 18 ساڵی تەواو كردووە، لە دەست باوكی رای كرد و پەنای بۆ حكومەت بردووە، هەروەها باوكی منداڵەكانم بە زۆر كچە تەمەن 13 ساڵانەكەمانی لای خۆی هێشتووەتەوە، من و دوو منداڵە بچووكەكەش بە تەنیا دەژین.»
جوان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «كێشەی ئێمەی ژنی كورد لە وڵاتانی دەرەوە ئەوەیە كە زۆربەمان گرێبەستی هاوسەرگیریمان لە دادگای ئەو وڵاتەدا نییە، تەنیا بە مەلا مارە كراوین، بۆیە لە دادگا ناتوانم ئیسپاتی ئەوە بكەم كە ئەو پیاوە بە رەسمی هاوسەرمە و داوای مافی خۆم بكەم، واتا هیچ بەڵگەنامەیەكی یاساییم نییە.» گوتیشی: «لە كوردستان دوای مردنی دایك و باوكم كەسم نەماوە، دوو برام هەیە، ئەوانیش لە ئەوروپان، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێكم بۆ ئەوەیە لەگەڵ منداڵەكانم بێمەوە كوردستان و بە یەكجاری لە كوردستان بژیم، هەموو ئاواتم ئەوەیە بتوانم خێزانە پارچەپارچە بووەكەم كۆبكەمەوە.»
رۆژگار موحسین وەك چالاكی مەدەنی و سەرۆكی رێكخراوی رۆژگاری كورد بۆ هاوكاریی مرۆیی، سەبارەت بە گرفتی خانمانی كورد لە تاراوگە هێما بۆ ئەوە دەكات: «لە كۆمەڵگەی ئێمە تاكو ئێستا پابەندین بە دابونەریت و گرتنەبەری ڕێچكەی كۆن كە هەندێكیان سوودی هەیە بۆ كۆمەڵگەكەمان و هەندێكیشیان زەرەرمەندە و ئەزیەتدانە بۆ ژیان و دەروونی ئافرەتان، وەك و پیاوسالاری و قسە و تانەی خەڵك، بۆیە تا ئێستا زۆربەی ژنی كورد بە تەواوی مافی دەربڕینی بیروڕا و ژیانكردنی خۆی پێ نەدراوە و بەپێچەوانە بەردەوام دەچەوسێنەوە بە دەست نەریتی پیاوسالارییەوە، تاكو ئێستا لێدان و توندوتیژی و كوشتنی ژنان بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش روو لە زیادبوون دەكات.»
ئەو چالاكی مەدەنییە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «ئافرەتانی كورد لە دەرەوەی وڵاتیش بێبەش نین لە توندوتیژی و سالاربوونی پیاو، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵگەی رۆژئاوایی لە دژی ئەو ستەمكارییانەن و رێگری لێ دەكەن، بەڵام پەروەردەی سەقەتی هەندێك خێزان وایكردووە، ئافرەت تەنیا گوێڕایەڵ بێت و نابێت لە دەرەوەی ماڵ كاربكات، بەڵكو لە چوارچێوەی ماڵدا تەنیا خزمەتی مێردەكەی بكات و خواردن دروست بكات و منداڵ بەخێو بكات. « هاوكات دەڵێت: «ئەو نەریتە ناڕەوایە وایكردووە، كچ خاوەن را نەبێت و هەموو شتێك بۆ ئافرەتان قەدەغە بێت، بۆیە پیاو له هەر كات و هەر شوێنێك بێت، رای خۆی بەسەر ژندا فەرز دەكات و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام دەدات. زۆربەی كێشەكانی خێزانی لە دەرەوەی وڵاتیش لەسەر توندوتیژییە، لەوێش ئەو پیاوانەی ناخیان نەخۆشە هەوڵی ئازاردانی هاوسەر و منداڵەكانیان دەدەن، بێ ئەوەی كولتوور و نەریتی جوانی ئەوان كە تەژییە لە رێزگرتن كاریان تێ بكات.»
Top