ئافرەتی كورد لە تاراوگەش باجی پیاوسالاری دەدات
November 6, 2019
کۆمەڵایەتی
تەمەنی هێشتا 40 ساڵی پڕ نەكردووەتەوە و وەك خۆی باسی كرد، دایكی پێنج منداڵە و ئێستا لەگەڵ منداڵەكانی لە شاری ستۆكهۆڵمی وڵاتی سوید دەژین. ئافرەتێكی لە سەرخۆ و هێمن دیارە و خۆی بە مینا دەناسێنێت. لە شاشەی چات نێتەوە بەسەرهاتی خۆی بەمجۆرە بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە: «باوكی منداڵەكانم زۆر خۆش دەویست. چەندین ساڵ دووریی ئەوم تەحەمول كردووە و بە بێ مێرد وەك شێرە ژن ژیاوم. ئەو بووە پەنابەر لە وڵاتی سوید و سەرەتا من و یەك منداڵمی بەجێ هێشت و ئێمەی لەگەڵ خۆی بۆ ئەوروپا نەبرد، خۆی ماوە ماوە دەهاتەوە و مانگێك لامان دەمایەوە و دەگەڕایەوە. هەتا منداڵی سێیەمیشمان ئێمەی بۆ ئەوروپا نەبرد. دواتر كە ئێمەی هاتینە سوید، لێرەش دوو منداڵمان بوو. ئێستا پێنج منداڵمان هەیە. كاتێك هاتین بۆ ئەوروپا و بە هاوسەرەكەم شاد بووەمەوە، زۆر دڵخۆش بووم، بەڵام ئەوەش شتێكی كاتی بوو. زۆر جار نەدەهاتەوە بۆ ماڵەوە، زۆر متمانەم پێی هەبوو. هەرگیز دڵم لێی پیس نەدەكرد. رۆژێك مۆبایلەكەی لە ماڵەوە بەجێ هێشتبوو، چەند جار جەڕەسی بۆهات، وەڵامم نەداوە، وتم لەوانەیە پێی ناخۆش بێ، وەڵامی تەلەفۆنی ئەو بدەمەوە. بەڵام نازانم بۆچی سەیری ناو گەلەریی وێنەكانیم كرد، سەیرم كرد، لەگەڵ ئافرەتێك وێنە و سلڤییان هەیە و پێكەوە چەندین وڵات گەڕاون. لەو كاتەوە گومانم لێ كرد و زانیم بۆچی زۆر جار بە هەفتەش سەردانی ماڵەوە ناكات. دوای ئەوە بۆ ماوەیەكی كورت بە خۆشی و تەبایی پێكەوە ژیاین، من ئەو پەیوەندییەی هاوسەرەكەم لەگەڵ ژنی دیكە ئاشكرا نەكرد و نە لای خۆی و نە لای منداڵەكان باسم نەكرد. وتم با سۆزی زیاتری پێ ببەخشم، لەوانەیە پەشیمان ببێتەوە، بەڵام ئەو ئیستغلالی ئەوەی دەكرد و هەتا دەهات هەڵسوكەوتی لەگەڵ خۆم و تەنانەت منداڵەكانیشمان خرابتر دەبوو. هەمیشە بیانووی دەهێنایەوە بۆ ئەوەی بیكاتە ناخۆشی و لێمان دوور بێت، من زۆر باوەڕم بە هاوسەرەكەم هەبوو، زۆرم خۆش دەویست. كاتێك كە من لە غەریبی و بێكەسیدا بە دڵسۆزییەوە ماڵی خۆمم بەڕێوەدەبرد و خێزانەكەم بە گەورەترین شت لە ژیانم دانابوو، هاوسەرەكەم بە دانانی پیلانێك دوور لە هەموو بەها مرۆییەكان، خۆی دەخستە ئامێزی ئافرەتان لە بەرپرسیاریەتی ماڵ و خێزانەكەی خۆی دوور دەخستەوە. سەرەڕای ئەوەی من هەر ددانم بە جەرگمدا دەنا و خەیانەتەكانی ئەم بە روویدا نەدەدایەوە، كەچی ئەو هەر خراپتر بوو. دوای دوو ساڵ تاقەتم لێ بڕا و پێمگوت، ئینكاری دەكرد. داوام لێ كرد، سەیری مۆبایلەكەی بكەین، كەچی بەر بووە گیانم و زۆری لێ دام. منیش سكاڵام لە سەر تۆمار كرد و دوای گرتن و ئازادبوونی، لە بری ئەوەی داوای لێبوردن بكات، هەرچی خراپەیە بەرامبەر بە من كردی، بە تۆمەتی ناڕەوا هەوڵی دا لای كەسوكارم ریسوام بكات، تۆمەتی نامووسی خستە پاڵم بۆ ئەوەی كەسوكارم بمكوژن، یان بەو پیلانە ئاسانتر من تەڵاق بدات و هەموو مافێكم بخوات. دواجار تەڵاقی دام و خۆی لە ئێـمە جیا كردەوە، بەڵام هەرچی موڵك و ماڵمان لە كوردستان هەبوو، بە ناوی خوشكە تاقانەكەی كرد، بۆ ئەوەی من و منداڵەكان هیچمان بەر نەكەوێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا من هەرگیز نەمهێشت منداڵەكان لێی داببڕێن و نەیبینن. هەموو كۆتایی هەفتە دەچوونە سەردانی باوكیان و شەو لەلای دەنووستن. ئەوسا و ئێستاش تەنیا خەمم ئەوە بووە كە چۆن منداڵەكانم لە غەریبی و تەنیایی بە شێوەیەكی باش بەخێو بكەم و دواڕۆژێكی باشیان هەبێت، سوپاس بۆ خوا توانیم ئەمە بهێنمەجێ و ئێستا منداڵەكانم لە ئاستێكی بەرز دەخوێنن، خۆیشم لە خانەی بەساڵاچووان كاردەكەم و نانی شەرەف بۆ خۆم و منداڵەكان پەیدا دەكەم، ئەگەرچی لێرە ژیان زۆر سەختە و كار بە ئاسانی دەست ناكەوێت، وەك دەڵێن نان لە گەرووی نەهەنگدایە..»