توێژینەوەكانی قوتابیان لە نێوان وەبەرهێنان و پەراوێزخستندا

توێژینەوەكانی قوتابیان لە نێوان وەبەرهێنان و پەراوێزخستندا
لێكۆڵینەوەی زانستی (میتۆدۆلۆجیا) و توێژینەوەكانی قوتابیان لە قۆناغی خوێندنی باڵادا، وەك نەخشەڕێگە و گەورەپردێ سەیر دەكرێن، كە دەكرێت بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی باشتر و پێشكەوتووتر سوودی بەرچاویان لێ ببینین. زۆر جاریش هەر ئەو توێژینەوانە پڕۆژە و وەبەرهێنانی جۆراوجۆری لێ دەكەوێتەوە. بەڵام ئایا لە كوردستاندا تاچەند توانراوە سوود لە توێژینەوەكان وەربگیرێت؟ دەگوترێ هەندێك قوتابی تاقەتی نووسینی توێژینەوەكەیان نییە و پەنا بۆ توێژینەوەی ئامادەكراو دەبەن، یان لە كەسێك وەری دەگرن و مانشێتی توێژینەوە كۆنەكە دەگۆڕن، یان توێژینەوەكە زۆر باش و بابەتییانە بووە، بەڵام پشتگوێ خراوە. ئایا ئۆباڵی ئەو گرفتە دەكەوێتە ئەستۆی كی؟ سیستەم خەتابارە، یان زانكۆ، یان مامۆستا، یانیش خودی قوتابی؟ چۆن دەكرێت رێكاری زانستی بۆ بایەخدانی زیاتر بەو توێژینەوانە بدۆزینەوە و چۆن دەكارین بەپێزتر و بەهێزتریان بكەین، بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوە و پڕۆژەی كاری گەورەیان لێ بكەێتەوە؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

د.شوان محەمەدئەمین خۆشناو مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین كۆلێژی ئاداب - بەشی مێژوو، بەرپرسی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی خوێندن لە كۆلێژی ئاداب، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «كۆڵەكەی سەرەكی و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك توێژینەوەی زانستییە، لە راستیدا توێژینەوەكانی زانكۆ زۆرتر راهێنان و فێركردنی قوتابییە لە پەیڕەوكردنی رێبازی لێكۆڵینەوەی زانستی (میتۆدۆلۆجیا) بۆ ئەوەی لە قۆناغی خوێندنی باڵادا و لەداهاتوو قوتابی ببێتە لێكۆڵەر و بتوانێت بەردەوام بێت، هەندێ جاریش قوتابیی بەسەلیقە و بەتوانا هەن توێژینەوەی نایاب دەنووسن و دەكرێ ببێتە پڕۆژە و نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەری ئاریشەیەكی دیاریكراو لە كۆمەڵگەدا، بەڵام بەداخەوە لە لایەك بە هۆی نادامەزراوەیی و لایەك بە هۆی سەرلەبەری كەموكووڕیی پرۆسە و سیستمی خوێندن سوودی لێ نابینرێت و لەسەر ڕەفەی كۆگاكان تۆزی لێ دەنیشێت و دواتر فڕێ دەدرێت. بۆ ئەمساڵ هەندێ هەوڵی جددی هەن كە توێژینەوەی دەرچوون (گرانت)ێكی پێ ببەخشرێت، وەك هاندانی توێژەرەكە بۆ خۆماندووكردنی زیاتر و ئەو بابەتانە دەگرێتەوە كە لەپێشتردا نەكرابن و سوودێك بە رەوتی پێشخستنی كۆمەڵگە بگەیەنن.» سەبارەت بە بابەتی دووبارە و گزیكردن و دەستپاكنەبوونی توێژەر لە هێنانی توێژینەوەیەكی ئامادەكراویش دەڵێت: «هۆكارەكەی بەشێكی بۆ سەرقاڵی زۆر و كەمتەرخەمی مامۆستاكە دەگەڕێتەوە، بەشەكەی تریش بۆ لاوازیی پڕۆگرامەكانی خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە لەبواری (ئای تی)دا، چونكە لە دونیادا ئێستا كارەكانی توێژینەوە لە رێگەی ئینتەرنێت بە ئۆنڵاین دەكرێت و هەموو توێژینەوەكان دەبێتە داتا و لەگەڵ كلیكێك نەك هەر توێژینەوەكە، بەڵكو رستەیەكی نووسینەكە ئاشكرا دەكات. لە راستیدا زۆر جار توێژینەوەیەكی بەكالۆریوس دەكرێتە هەوێن و نووسیی ماستەرنامە و تێزی دكتۆراش، بۆیە دەكرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.» وەك چارەسەریش جەخت لەوە دەكاتەوە كە «فەراهەمكردنی زەمینەسازی و پەیڕەوكردنی سیستمی زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابی و مامۆستایان و ئاشنابوونیان بە تەكنۆلۆجیای سەردەم، هەروەها گۆڕینی سیستمی كلاسیكی و باوی خوێندن، رێكارەكانی چارەسەری ئەو گرفتەن و پێویستە قوتابی بكرێتە چەقی خوێندن و لەسەر خۆشەویستی بۆ خوێندن رابهێنرێت و هان بدرێت.»
د. نازەنین عوسمان مامۆستا لە كۆلێژی ڤێترینەری، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «توێژینەوەی خوێندكار لە كۆتاساڵی خوێندندا چەند ئامانجێكی هەیە، یەكێكیان بۆ فێربونی خوێندكارە كە چۆن بگەڕێت بە دوای سەرچاوە و زانیاری و چۆن راپۆرت بنووسێت بە شێوەیەكی زانستییانە، ئامانجێكی دی دۆزینەوەی رێگایە بۆ كاركردنی لە دواڕۆژدا، كە لە چ مەجاڵێكی خوێندنەكەی كار بكات كە لە زانكۆ خوێندوویەتی و حەزەكانی بە چ لایەكدا ببات. ئەم توێژینەوانە، یان بە شێوەی رڤیوە لەسەر بابەتێكی دیاریكراو و گەڕان بە دوای سەرچاوە و بڵاوكراوە لەسەر ئەو بابەتە و كۆكردنەوەیانە، یان بە شێوەیەكی پراكتیكی و مەیدانییە. راستی و دروستیی توێژینەوە بە خوێندكار و مامۆستاو كۆلێژەوە گرێ دراوە و توێژینەوەی زۆر جددی و تەنانەت توێژینەوەی كۆپی پێستی توێژینەوەی پێشتریش هەیە. لەم جیاوازییە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار (سیاسەتی كۆلیژ و زانایی مامۆستای سەرپەرشتیار و جددیبوونی خوێندكار) رۆڵی خۆیان هەیە، كەماسی لە هەر یەكێك لەو سێ لایەنە دروست بێت، توێژینەوەكە كرچ و كاڵ دەبێت.» ئەوەشی خستەڕوو كە «زۆر جار مامۆستا یان خوێندكار بیرۆكەیەكی باشی هەیە بۆ توێژینەوە، بەڵام پێویستی بە ئامێری تایبەتی، یان پشتگیری ماددی هەیە، كە نە زانكۆ و نە كۆلێژ دابینی ناكەن و دابینكردنیشی بۆ مامۆستاكە و خوێندكارەكە ئەركێكی قورسە، بۆیە واز لە بیرۆكەكە دەهێنن. هەندێ توێژینەوەی گەورە هەیە كە پێویستی بە كاری تیمی و چەند خوێندكارێك و چەند مامۆستایەك هەیە كە پێكەوە كاری لەسەر بكەن، بەڵام رێساكانی خوێندن رێگە بەو جۆرە توێژینەوانە نادەن، بۆیە كاری فەردی كاری گەورە نابێت و ناتوانێت دەرەنجامی گەورە لە خۆ بگرێت و مەجبوور لایەنێكی بچووك لەو توێژینەوانە ئەنجام دەدەن، كە رۆڵیكی زۆر گرینگی نابێت.»
رزگار سەعدوڵا كارگێڕی لێژنەی ناوچەی زانكۆ لە كەركووك، رایوایە:»توێژینەوەی زانستی رۆڵی باش و كاریگەری هەیە لە باشتر ناسینی دیاردەكان، چ لە بواری زانستی سرووشتی، یان لە بواری زانستی مرۆڤایەتی بێت. توێژینەوەی زانستی وەكو پێش مەرجێك لە دامەزراوە ئەكادیمییە زانستییەكاندا دانراوە بۆ ئەوەی وەك سەرچاوەیەكی زانستی لە قەڵەم بدرێت، بۆیە پێویستی بەوە هەیە كە بنەما بنچینەییەكانی توێژینەوەی زانستی تیایدا فەراهەم بووبێت، بەتایبەتی لە بوارە ئەكادیمییەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا، بەڵام بەداخەوە لە زانكۆكانی كوردستان و عێراق قوتابیان گرنگییەكی ئەوتۆ بەو توێژینەوەیە نادەن كە لە دوا ساڵی خوێندن دەبێت ئامادەی بكەن، واتە كاری جددی لەسەر ناكەن و تەنیا بۆ زوو دەربازبوون لە رێكارە زانستی و ئیدارییەكان ئەنجامی دەدەن و مەبەستیان ئەوەیە بە زوویی تێپەڕی بكەن، دیارە ئەمەش لە لایەكەوە بۆ خەراپیی ئاستی زانستی زانكۆ و پەیمانگاكان دەگەڕێتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە مامۆستا و قوتابیانیش هۆكارن بۆ ئەم كەمتەرخەمی و ئاستە لاوازەی توێژینەوەی زانستی كە هەیە، بە جۆرێك كە چاودێرییەكی جددی بوونی نەماوە لەسەر توێژینەوەكان، ئەمەش وای كردووە قوتابیان هەندێكجار سوود لە توێژینەوەی ئامادەكراو وەربگرن، چ لە بازاڕ و چ لە ئینتەرنێت، ئەم دیاردەیەش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و هۆكاری ئەمەش نەبوونی سیستەمی چاودێرییە لە لایەن حكومەت و لایەنی ئیداریی پەیوەندیدار بە سەر شوێنی فرۆشتنی توێژینەوەكان و ئینتەرنێتیش وای كردووە قوتابیان هیج هەوڵ و كارێك نەكەن و راستەوخۆ تەنیا ناونیشانی توێژینەوەكە بگۆڕن و پێشكەش بە زانكۆكانی بكەن. واتا نەبوونی سیستەمی چاودێری و بەدواداچوون وای كردووە هەموو توێژینەوەكان بە یەك چاو حیسابیان دەكرێت، هەروەها دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت، یەكێك لە هۆكارەكانی گرنگینەدانی قوتابی بە توێژینەوەكانیش بە هەند وەرنەگرتنی توێژینەوەكەیە، چونكە زۆریك لە توێژینەوەكان دەكرێت، سوودیان لێ وەربگیردرێت بۆ كاری گەورە، بەڵام بە داخەوە ئەم بابەتەش تاوەكو ئێستا كاری جددی لەسەر نەكراوە .»
Top