ئافرەتانی کوردستان گەلەکۆمەکێ و هێرشی هاوبەشی عێراق و ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان ئیدانه دەکەن

ئافرەتانی کوردستان گەلەکۆمەکێ و هێرشی هاوبەشی عێراق و ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان ئیدانه دەکەن
داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی به هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرلەبەری کوردستانییانی تووشی شۆک کرد. هەموو ناوچه ئازادکراوه‌کان که زیاتر له (5000) پێشمه‌رگه‌ی وڵاتپاڕێز گیانی خۆیان له سه‌ر دانا و به خوێن له‌ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان کرد، له په‌لامارێکی ناڕه‌وا و نایاسایی به گه‌له‌کۆمه‌کێ و هێرشی هاوبه‌شی میلیشیاکانی عێراق و ئێران داگیرکرانه‌وه، به‌وه‌شه نه‌وه‌ستان و هه‌ولێری پایته‌ختیشیان کرده ئامانج، به‌ڵام هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له نه‌به‌ردێکی قاره‌مانانه به‌ریان به‌و داگیرکارییه گرت و نه‌یانهێشت ئه‌و هێڵی سووره ببه‌زێندرێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و کاره‌ساته هه‌موو کوردستانییانی هه‌ژاند، به‌ڵام خانمانی کوردستانیش وه‌ک هه‌موو کوردستانییه‌ک خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆ دۆخه‌که هه‌یه و له مینبه‌ری گۆڤاری گوڵان –ه‌وه په‌یامی خۆیان بۆ رای گشتی ده‌خه‌نه‌ڕوو.

سه‌ره‌تا تاڤگە عومەر رەشید بەڕێوەبەری گشتی یاسایی پاراستنی مافێ مرۆڤ، به‌مجۆره پەیامی خۆی سه‌باره‌ت دۆخی ئێستای كوردستان دەرده‌بڕێت: «بێگومان لە كاتی هەر شەڕو ململانێیه‌كی نێوخۆیی، یان نێودەوڵەتی كۆمەڵێك مەترسی هەڕەشە لەسەر هاونیشتمانی و دانیشتووانی ناوچەكانی شەڕهکه دروست دەكات كە چەندین كاریگەری خراپی سایكۆلۆجی و فیزیولۆجی لەسەر مرۆڤ جێ دەهێڵێت، هه‌روه‌ها كۆمەڵێك رەوشی نەخوازراو و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش كە تێبینی كراوە لە سەرجەم شەڕوپێكدانەكاندا ئافرەتان و منداڵان دەچنە بازنەی لاوازی و زۆرترین كێشەو گرفت رووبەڕوویان دەبێته‌وە، چونكە شەڕ تەنیا شەڕی سەربازی و پێكدادانی سەربازی نییە، بەڵكو شەڕی سایكۆلۆجیەت و ئابووری و كۆمەڵایەتیشە، لە هەمان كاتیش‌دا هەموو جار ئافرەت لە شەڕو پێكدادانەكان رووبەڕووی چەندەها كرداری وەحشیگەرییانە دەبێتەوە وه‌ک: ئەشكەنجەدان، ئازار و دەستدرێژی و جۆرەها كرداری نامرۆڤانە. بەداخەوە ئەم دیاردەیەش بە گەڕانەوەی بۆ مێژوو ده‌بینین لە هەموو جەنگەكاندا ئافرەت رووبەڕووی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بۆتەوە، تا ئەم جەنگانەش كە ئەمڕۆ لە ئارادایە. هەڵبەتە له رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش كە جەنگێك بوو، هه‌زاران خەڵكی سڤیل بە ئافرەت و منداڵانەوە بوونە قوربانی و ئاواره و دەربەدەر بوون و ده‌یان ئافرەت لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستدرێژی كراوەتە سەریان، كۆمەڵێك یاسا و پڕۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتی ئەم كردارانە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكات، بەڵام تا ئێستا سنوورێك بۆ ئەم تاوانانە دانەنراوە، ئەمەش جارێكی دی ئافرەتان دەخاتەوە مەترسی و به هۆی تێكچوونی باری دەرونی و سایكۆلۆجیی ئافرەتان دەبێت وەك قوربانیی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و هەوڵ بدرێت شیاندنەوەی بۆ ناو كۆمەڵگه بۆ بكرێت، ئەمەش ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و دەزگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانە، بۆیە پەیامی ئافرەتان هەمیشە دژی شەڕ و ململانێ بووە، ئێستاش داوای گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە گوێرەی بنەما دەستورییەكان و ئەو رێكکەوتنانە ده‌که‌ین كە پێشتر واژوو كراوە و داوای پابەندبوون بە هەموو ئەو رێكکەوتنە نێودەوڵەتییانە ده‌که‌ین كە دەوڵەتی عێراق پەسند و واژووی كردووە، بەتایبەتی رێكکەوتننامەی سیداو هەروەها بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (1325) كە جەخت لە پاراستنی ئافرەتان دەكاتەوە لە كاتی شەڕ و ململانێدا، لە هەمان كاتدا عێراق پابەندە بە ناوەڕۆكی ئەم بڕیارە، چونكە جیا لەوەی پێشێلكاری زۆر لەسەر بنەما دەستوورییەكان روویداوە، عێراق لێپرسراوێتی نێودەوڵەتی دەكەوێتە سەر شانی بەرامبەر ئەو تاوانەی كە بەتایبەت دژ بە ئافرەتان و منداڵان ئەنجام دراون. بۆیە ئافرەتان به جیاوازی ئایدیا و ئایینه‌وه هه‌موویان هەڵگری پەیامی ئاشتین و داوای گەڕانەوە بۆ دیالۆگ ده‌که‌ن، چونكە جەنگ بەردەوام قوربانییەكانی ئافرەتان دوو هێندە دەكات.»
ئه‌ڤین عومه‌ر ده‌لو مامۆستای زانكۆ و په‌رله‌مانتاری خولی سێیه‌م، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس دەڵێت: «ئه‌م بارودۆخه‌ی به سه‌ر كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت، چه‌ند ناخۆش و ئازاربه‌خشه، ئه‌وه‌نده‌ش هه‌ستیار و پڕ مه‌سئوولییه‌ته، چونکه كوردستان خه‌ریكی بنیادنانی ده‌وڵه‌ته‌و ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و ئازارانه به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ن و ئه‌ركی دانانی ئه‌م بناغه‌یه‌ش له سه‌ر شانی هه‌موو كوردستانییه‌كه به ئافره‌ت و پیاو پیر و گه‌نجه‌وه، جا له هه‌ولێر بن یان سلێمانی، له زاخۆ بن یان دهۆک، له سۆران بن یان له رانییه، له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریم بن، یان له تاراوگه، هه‌ریه‌كه‌و رۆڵێك و جۆره ئه‌ركێكی له سه‌رشانه، گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌ئیستا چۆن هه‌موو قۆڵی مه‌ردایه‌تی و هیمه‌تی لێ هه‌ڵكردووه، به‌هه‌مان شێوه به‌رده‌وام بن و كۆڵنه‌ده‌ن و سارد نه‌بنه‌وه.» گوتیشی: «راسته بارودۆخه‌كه ئاڵۆزه و كوردستان به ته‌نیایه و شه‌ڕی سێ وڵات ده‌كات و خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی خیانه‌تی ناوخۆیشی له پشت دراوه، به‌ڵام دۆخه‌که به‌م شێوه نامێنێت و رووداوه‌كان زۆر به خێرایی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و هاوکێشهكه ده‌گۆڕێت و پشتگیری زیاتر بۆ كوردستان و سه‌رۆك بارزانی دێته‌ئاراوه. وا ده‌بینین رووسیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی زیاتر له‌گه‌ڵ كورد پته‌وتر ده‌كات، ئیسرائیلیش به ناسه‌قامگیریی كوردستان دوژمنانی زیاتر هه‌ڕه‌شه‌كانیان جێگیر ده‌بێت، ئه‌مریكاش كه چه‌ندها ساڵه خه‌ریكی كۆنتڕۆڵكردنی عیراقه وا به‌ئاسانی نایدۆڕێنێت، هه‌ر له چه‌ند رۆژی رابردوو ئیداره‌ی ئه‌مریكی به‌یانێكی ده‌ركرد و له دووتۆی به‌یانه‌كه‌یدا داوای كشانه‌وه‌ی هێزه عیراقییه‌كان و ئارامی بۆ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 و داوای چاره‌سه‌ری ده‌كات به رێگای ده‌ستوور، مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق له ساڵی 2005 ده‌ڵێت: ده‌بێت له ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان راپرسی بکرێت، كوردستانییانیش له 25ی ئهیلوول و به چاودێری چاودێرانی سیاسی ریفراندۆمیان ئه‌نجام دا‌و وخه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌نگیان به بوونیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان دا، كه‌واته ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ كراوه‌و ئه‌نجامه‌كانی كه ڕای خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یه به‌هیچ هێز و ده‌وڵه‌تێك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، به‌ڵكو بووه به بنه‌مایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و له كۆتاییدا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی جیهان ناچار ده‌بن كه دان به ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمدا بنێن، چونكه خه‌ڵكی كه‌ركووك و خورماتوو و خانه‌قین و شاره‌كانی تریش وا ده‌بینین راپه‌ڕینیان به‌رامبه‌ر به هێزه عێراقییه‌كان ئه‌نجام داوه، خۆ ئێستا جاران نییه كه‌س ئاگای له رووداوه‌كان نه‌بێت، هه‌موو جیهان چاوی له (محه‌مه‌دی 16 ساڵان) بوو كه له که‌رکووک چۆن سنگی نایه به‌ر گولله‌ی هێزه عێراقییه‌كان و ئالای عێراقی لێكرده‌وه، یاخود شه‌هید (محه‌مه‌د دۆشمهچی) كه له‌ژێر ئالای كوردستاندا خۆی فیداكرد، یا ئه‌و گه‌نجه چاونه‌ترسانه‌ی دووز كه به‌بێ پشتگیری هیچ هێزێك تا دوا هه‌ناسه‌یان چۆكیان دانه‌داو به‌رگرییان كرد، ئه‌مه هه‌موو به‌ڵگه‌یه كه كورد چیتر له ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم كه‌متر رازی نابێت. بۆیه وڵاتانی جیهان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌وه زیاتر ناتوانن به‌رهه‌ڵستکاریی ئیراده‌ی گه‌لی كورد بکه‌ن .»
کاڵێ فەقێ وسو ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی، رایوایه: بارودۆخی ئێستای کوردستان تا رادەیەکی زۆر «تێکچوون و شڵەژان و نیگەرانی و ناڕەحەتی و تووڕەیی» پێوە دیارە، ئەوەش به «دەرهاویشتە و دەرئەنجامی ئەو کار و هەوڵە تێکدەرانە و دوژمندۆستانەیە بووه کە چەند کەسێک لەپێناو مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی ماددی و ئەو دڵڕەشییەی که بەرامبەر سەرکەوتنەکانی کوردستان بە رابەرایەتی جەنابی بارزانی هەیانە، ئەنجامیان داوه. گوتیشی: «ئاشکرایە ئێمەی کورد هەوراز و نشێوی زۆرمان بڕیوە و دۆخی ناخۆش و کارەساتی زۆر دڵتەزێنمان بینیون، بەڵام هەمیشە خاوەن ورە و ئومێدی زۆریش بووین و نەوەستاوین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، بۆیە دڵنیاین ئەو قۆناغە قورس و هەستیارەش بە سەربەرزی کۆتایی پێدێنین. بۆ ئەوەی دەرباز بین پێویستە تەبایی و یەکڕێزی بکه‌ینه بنه‌ما و جارێکی‌تر هەوڵ بدەینەوە و دەست لەسەر دەست دانەنێین تا بزانین قەدەر بەرەو کوێمان دەبات. بەهۆی ئەو کارە تێکدەرانە و قێزەون و چاوەڕواننەکراوەی ئەو تاقمە دۆڕاوە، کۆمەڵگەی کوردی تووشی دابەشبونێکی نیگەتیڤ بووە و ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی کەوتۆتە بەر هەڕەشە، به‌ڵام یەکڕێزی و کۆدەنگی فاکتەری سەرەکیی پێشوەچوونەکانن و دەکرێ جارێکی‌تر هەوڵی بەدەستهێنانی ئەوە بدەین کە لە دەستمان داوە. بۆیە زۆر گرنگە پەلە بکەین و نەوەستین لە هەوڵدان و کارکردن بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردستان، تا هەمووان بۆ پاراستنی شکۆ و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان تێ‌بکۆشین.» جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه که «سیاسەت و میدیا دوو فاکتەری زۆر گرنگن کە پێویستە بۆ هێنانەدی ئاشتی و تەبایی و خۆڕاگریی گەل و پاراستنی خاک رۆڵی ئیجابیی خۆیان ببینن و لەخزمەت پێشمەرگە و کوردستاندا بن .»
پەرلەمانتار حەیات مەجید هێما بۆ ئه‌وه ده‌کات که «ئافرەتان لە دۆخە جیاوازەكانی وڵات‌دا بەپێی زەروورەتی كات و دۆخه‌كە لە شەڕ و ئاشتیدا، لە پرسی چارەنووسسازدا، لە بەرپرسیارێتی و حوکمڕانیی وڵات‌دا، لە رێكخراوەكان رۆڵیان بینیوە، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ئافرەت لە هەموو كاتێكدا له بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتەوایی دەوری بووە، لە ئێستاشدا كە وڵات بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئاوارەكان لە زیادبوونە و رەوشی ئەمڕۆی وڵاتیش لە دۆخێكی باش‌دا نییە، ئافرەتانی ئێمە سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەكان لە ئاست پێویستبوونی قۆناغەكەدان و رۆڵی ئاشتییانەیان دەگێڕن و هەوڵدەدەن بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە رێگەی كەمپین و داڵدەدانی میوانە ئاوارەكانی شه‌ڕ داسه‌پاو به سه‌رماندا و وەكو ئەركی خانەدانی خانەوادەی كورد بەرامبەر بە میوان و میوانداری ره‌فتار ده‌که‌ن كە هەمووی بۆ رۆڵ و گەورەیی ئافرەت دەگەڕێتەوە كە لە هەموو هەلومەرجێكدا جێ پەنجەی دیارە و هەمیشە پاڵپشت و هاوكار بووە.»
Top