كێ منی كردە لەشفرۆش ؟

كێ منی كردە لەشفرۆش ؟
لە ڕۆژێكی تەمومژو باراناوی كە دنیا بوڵێڵ بوو، كاتێ كۆمەڵە ئافرەتێكی لەشفرۆش چاوەڕێی بڕیاری بەندكردن بوون و لەناویاندا كچێكی هەرزەكارم بینی كە بەتاقی تەنیا دانیشتبوو، لەناو هۆڵە گەورەكەدا دوور لەهەموو ئافرەتەكانی تر دانیشتبوو،لەچاوەڕێی بڕیاری دادگا بوو تا سزای بەندكردنی بدرێت، ئەگەر تەماشات بكردایە پرسیارێكی سەرسوڕهێنت بەمێشكدا دەهات، ئاخۆ بۆچی ئەم كچە مناڵكارە تاوانی چی ئەنجامداوە وبۆ ڕۆژی خۆی گەیاندۆتە ئێرە، باشە ئەم كچە شۆخە دەبێت لەچ شتێكی كەم بووبێت وا بەم وشە ناشرینە كە لەشفرۆشە ناوزەدەبێ، خۆم پێڕانەگیراو لێی چوومە پێشەوەو قەناعەتم پێكرد بەسەرهاتی خۆییم بۆبگێڕێتەوە،بەم شێوەیە وەڵامی دامەوەو هەموو بەسەرهاتەكەی بۆگێڕامەوە، داواشی لێكردم كە ناوەكەی بەنهێنی لەلای من بمێنێتەوەو منیش بەڵێنم پێیدا، ئەویش زۆر بەهێمنانە و لەسەرخۆ بەسەرهاتی هەموو ژیانی خێزانیی و چۆنیەتی تێوەگلانی بەكاری لەشفرۆشیەوە بۆگێڕامەوە:
هەر لەمنداڵییەوە كەچاوم بەدنیای پڕ لەمەینەتی هەڵهێنا،هێشتا تەواو فامم نەكردبووەوە و لە بەسەرهات و ڕووداوەكانی دەوروپشتم تێنەگەیشتبووم، هەستم بەوە دەكرد كەخودای گەورە و تاك و تەنیا منی لەخێزانێكدا دروست كردووە كەلەناویاندا هەست بەنامۆیی دەكەم، چونكە خێزانەكەمان زۆر شڵەژاو بوون بەجۆرێك كەس بەكەس نەبوو، باوكم هەرخەریكی مەی خواردنەوە بوو، دایكیشم هەر خەریكی گەڕان و چوونەدەرەوە بوو، من هەر لەمنداڵییەوە هەستم بەجۆرێك لەتەنیایی دەكرد و هەڵسوكەوتی خوشكەكانم بەدڵ نەبوو، چونكە لەهەموو ئەندامانی خێزانەكەمان بچووكتر بووم، تووشی جۆرە نامۆبوونێك ببووم نەمدەزانی چیبكەم، چونكە كەسێك نەبوو ئامۆژگاریم بكات، بەناچارییەوە لە هەموو شتێكدا چاوم لەوان دەكردو لاسایی كردەوەكانیانم دەكردەوە ، لەمنداڵییەوە لەخێزانێكدا بووم كە هیچ جۆرە بنەمایەكی پەروەردەیی ڕێكوپێكی تیادا نەبوو، دایكم كەیبانۆی ماڵبوو، بەڵام هەرگیز لەماڵەوە دانەدەنیشت و هەمیشە دەچووە دەرەوە و زۆر كەسێكی بێسەرووبەر بوو، بۆبەرژەوەندی و حەزەكانی خۆی ئێمەی بەتەواوی پشتگوێ خستبوو تەنیا بایەخی بەخۆجوانكردن و خۆ ڕێكخستنی خۆی دەدا و باوكیشم هەر ئێوارەی لێدەهات ڕووی دەكردە یەكێك لەیانەكانی شەوانەو و درەنگانی شەو بەسەرخۆشی دەهاتەوەو یەكسەر دەنووست و ئێمەش نەماندەزانی چیبكەین، بەئارەزووی خۆمان كەوتبووینە كۆڵان و ژیانی خۆمان لەبەردەرگا دەبردەسەر و كەسێك نەبوو لێمان بپرسێتەوە، ئەوەبوو ژیانی ڕۆژانەمان بەمشێوەیە بوو باوكم نەئاگای لەدایكم مابوو نەئاگای لەئێمەبوو، تەمەنی من بەم شێوە سەقەتە دەڕۆیشت تا چوومە قوتابخانە؛ لەوێ توانیم لەوانەكاندا باشبم و وردە وردە هەنگاو بنێم و تاڕاددەیەك سەركەوتن بەدەستبهێنم، بەڵام سێ خوشكە گەورەكەم بۆكاری لاساری هانیان دەدام هەمیشە پێیاندەوتم كەپێویستە لە ئێستاوە هەوڵبدەیت پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكدا دروست بكەیت و ئەوەتا ئێمە هەموو پێوەندیمان لەگەڵ كوڕە دراوسێكاندا دروستكردووە، تۆش دەبێت وا بكەیت بۆئەوەی بتوانیت لە داهاتوودا ژیانێكی باشت هەبێت، هەمیشە پێیان دەوتم خوێندن هیچ نییە پێویستە هەوڵبدەیت خۆشەویستی بۆخۆت دروست بكەیت، تەنانەت كاتێك لەگەڵ خوشكەكانمدا دەچووینە دەرەوە كوڕان دەهاتنە سەر ڕێگامان و داوای خۆشەویستیان لێدەكردین، زۆرجار خوشكەكانم وەڵامی كوڕەكانیان دەدایەوە و هەندێكجار وەڵامیان نەدەدایەوە، خۆیان بێدەنگ دەكرد و ئەوانیش قسەیان پێدەوتن، لە خوشكە گەورەكانی خۆمم دەپرسی بۆچی وادەكەن، ئایا دەبێت وەك ئەوان بم یان دەتوانم لاسایی خوشكەكانم نەكەمەوە، من نەمدەزانی چیبكەم و چ بڕیارێك هەڵبژێرم.
وازهێنانم لەقوتابخانە
دوای ئەوەی پێوەندی خێزانیمان تێكچووبوو، بەجۆرێك باوكم هیچ جۆرە دەسەڵاتێكی لەماڵەكەدا نەمابوو، دایكیشم بەئارەزووی خۆی كاری نابەجێی دەكرد و هەر ڕۆژەو پیاوێك دەیهێنایەوە، تا كارگەیشتە ئەوەی كەدراوسێكان داوایان لەخاوەن ماڵەكە كردبوو دەرمان بكات، ئەوەبوو خاوەن ماڵەكە بڕیاری دا دەرمان بكات و بەمەش خێزانەكەمان بەتەواوی شپرزە بوون، كەس ئاگای لەكەس نەماو هەركەسەو كەوتە لایەك، سێ خوشكەكەی ترم چوون هەریەكەیان لەشوێنێك كاریان دەكرد، دایكم بەمنی وت چیتر ناتوانین مەسرەفی قوتابخانەت بكەین ، دەبێت بچیت كاربكەیت، ئەوەبوو من سەرەتا بەقسەم نەدەكرد و چووم داوای هاوكاریم لەمامێكم كرد كەلەباوكم گەورەتربوو، داوم لێكرد ڕێگەم پێبدات وەك كارەكەرێك لەماڵی ئەواندا بژیم، چونكە ئەگەر لەماڵی خۆماندا بمێنمەوە دەكەومە هەڵەوەو وەزع و ژیانی خۆمانم بۆباسكرد، بەڵام مامم دەریكردم و پێیوتم ئەوان كەسیان ڕازی نەبوون كە باوكم دایكمی هێناوە، چونكە دایكم ناوبانگی بەخراپە ڕۆیشتووەو لەبەر ئەوە هەرگیز ئامادەنابن هاوكاریم بكەن تەنانەت ڕازی نابن وەك ئیشكەرێكیش لەماڵی خۆیاندا دامبنێن، چونكە من كچی ژنێكی لەشفرۆشم دوایی ناوبانگی خێزانەكەی ئەویش دەزڕێت، كاتێك گوێم لەو وشەیە بوو تەواو ڕووخام لەدڵی خۆمدا دەموت دەبێت من چ تاوانێكم هەبێت كە كچی ئافرەتێكم كەناوبانگی وا زڕاوە یان ئەگەر كچی ژنێكی لەشفرۆشیش بم، مەرجە منیش لەشفرۆشبم، لەخۆمم دەپرسی بۆچی ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ مندا بەم شێوە دڵڕەقانە كرد ئایا من هیچ تاوانێكم ئەنجام داوە، ئایا من هێشتا هەڵەم نەكردووە كەچی سزا دەدرێم ئایا بۆدەبێت سزام بدەن خۆمن كەسێكی بێگوناهم.
من لەم هەموو كێشەو قەیرانەدا نەمدەزانی چیبكەم و ڕوو لەكوێ بكەم و چۆن بتوانم خۆم ڕزگار بكەم، ئەوەبوو بەناچاری دوای ئەوەی كە ڕووم لەهەرماڵێكی خزمان كرد دەریاندەكردم ئیتر زانیم كە هیچ ڕێگە چارەیەكم نەماوە، لەبەرئەوە بڕیارمدا بەقسەی دایكم بكەم و لەخوێندن وازبهێنم و دوای چەند ڕۆژێك دایكم منی برد بۆلای ژنێكی برادەری كە خەریكی جلوبەرگ بوو، بۆئەوەی كاری لەگەڵدابكەم، ئیتر منیش بەناچاری دەستم بەكاركردن كرد.
سەرەتایەك بۆ لەشفرۆشی
دوای ئەوەی كە خاوەن خانووەكە ئێمەی دەركرد، چووینە گەڕەكێكی تر،لەوێ خانوویەكمان بەكرێ گرت و ماوەیەك لەوێ ماینەوە، منیش دەستمكرد بەكاركردن لەو ماڵە چەند كچێك كاریان تیادا دەكرد و ڕۆژانە لەخۆمم دەپرسی ئایا خاوەنی ئەم ماڵە چۆن دەتوانێت مووچە بۆ ئەم كچانە دابین بكات، واتە لەدڵمدا لێكمدەدایەوە ئایا كارمان چییە وا ئەم كچانە بەیانیان دێن بۆئێرەو تەنیا یەك دوانێكیان نەبێت كە لەسەرچەند مەكینەیەكی بەرگدروینن ئیتر ئەوانی تر هیچیان كاریان نییە و دانیشتوون ، خەریكی جگەرەكێشان و قسەكردنن، من لەدڵی خۆمدا لەخودی خۆمم دەپرسی تۆ بڵێی ئەم شوێنە كاری چی بێت ئایا دەبێت بۆچی ئەم كچانە لێرەبن، دەبێت چ جۆرە كارێكمان پێبكەن، دواتر زانیم، بەڵام خۆزگە هەر نەمزانیایە كە پیشەكەمان چییە، ئەویش كاری بەدناوی لەشفرۆشی بوو، لەمنداڵیەوە خۆمم لێدەپاراست و لەدەستی هەڵدەهاتم، بەڵام دواتر هەر بەرۆكی گرتم، دوای چەند ڕۆژێك ڕاستیەكەم بەتەواوی بۆ ڕوون بۆوەو زانیم خاوەنی ئەم ماڵە ئەم كچانە بۆكاری لەشفرۆشی بەكاردەهێنێت و هیچ جۆرە كارێكی درومانیان پێناكات و ئەوەندە نەبێت ناوی درومانی لێنراوە بۆئەوەی كەس دركی پێنەكات كەچی تیادا دەكرێت، وردە وردە هەستم پێكرد و ڕۆژانە دەمبینی پیاوێك دەهات كچێكی شۆخی لەگەڵ خۆیدا دەبرد و پارەیەكی باشی پێشكەش بەخاوەن كارگەكە دەكرد، تا ڕۆژێك منیش وەك هەموو كچەكانی تر لەگەڵ پیاوێكی ناشریندا ڕۆیشتم ئەوەندە ناپەسەند بوو بەس بەبینینەكەی بێزار دەبوویت، بەڵام چاریشم نەبوو، هەروەك چۆن بڵێی هیچ ڕێگەیەكم نەمابوو، كەس بەهانامەوە نەدەهات، تەنانەت هەموو خزم و كەسیش حاشایان لێمان كردبوو ئیتر من چیم بكردایە، ڕێگەم نەبوو بۆیە ناچار بووم، ئەو ژنە زۆردارە هەر ڕۆژەو لەگەڵ پیاوێكدا منی دەنارد، بۆئەوەی بژیم دەبوو قبوڵی بكەم، ئیتر نەشەرمم ما نەئابڕوو ، بوومە كەسێكی لەشفرۆش و هەموو ئایینە ئاسمانیەكان لەعنەتیان لێكردووم.
بەندكردنم وەك تاوانبارێك
دوابەدوای بەردەوام بوونم لەسەر ئەو كارە، كاتێك دەگەڕامەوە ماڵەوە هەستم بەوە دەكرد ئێستا من وەك دایكم و خوشكەكانم دەژیم، چونكە دایكم هەموو خوشكەكانمی پێش من خسبۆوە ناو كاری لەشفرۆشیەوە و باوكیشم هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەكی نەدەكرد، باری خێزانەكەمان بەم شێوەیە بوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لەلێواری دۆزەخ نزیك دەبوومەوە.
دەستگیركردنی باندەكە لەلایەن پۆلیسەوە
دوای ئەوەی كەئەو ژنەی سەرۆك باندەكە بەئاشكراو بەبێ هیچ جۆرە ترسێك كەوتە كارپێكردنمان، خەڵكیش هەستیان پێكردبوو، شوێنەكەمان خرابۆوە ژێر چاودێرییەوە تا ڕۆژێكیان پۆلیس هەڵیكوتایە سەرمان من و چەندكچە لەشفرۆشێكی ناو ماڵەكەیان دەستگیركرد و لەوێش لەگەڵ چەند ژنە سۆزانییەكدا دانرام ، بەتەواوی وەك ئەوانم لێهات. دەپرسم كێ وای لێكردم، ئافرەتی سۆزانی چ تاوانێكی هەیە، ئایا من تاوانبارم یان كۆمەڵگە یان هەموومان، ئامۆژگاری هەموو كۆمەڵگە دەكەم كە بەشێوەیەكی ورد مامەڵە لەگەڵ كچاندا بكەن و ئاگایان لێیان بێت نەك هەموو كچی ئافرەتێكی لەشفرۆش لەبەر ئەوەی كە دایكی لەشفرۆشە وەك ئەو سزا بدرێت، داوادەكەم با هەموو كچی ژنە لەشفرۆشەكان وەك دایكیان سزا نەدرێن.
Top