مۆبایل خێزانێك لەناو دەبات

مۆبایل خێزانێك لەناو دەبات
هێرۆ كچێكی هەرزەكار بوو لەقۆناغی دووەمی ناوەندی لەیەكێك لەقوتابخانەكانی ناوشاری هەولێر دەیخوێند. باوك و دایكی فەرمانبەر بوون و خێزانەكەشیان تاڕاددەیەك رۆشنبیر بوون، ماڵیان لە یەكێك لە گەڕەكە هەژار نشینەكانی ناوشاری هەولێربوو، هێرۆ وەك هەموو كچێكی تری ئەم وڵاتە لەتەمەنی هەرزەكاریدا هەستی بەهەراشبوونی تواناكانی دەكرد، بێگومان لە كۆمەڵگەیەكی رۆژهەڵاتیدا كە هەموو جۆرە شتێك و هەڵسوكەوتێكی تاكەكان سانسۆری لەسەرە، تەنانەت هەموو جۆرە جموجۆڵێكی مرۆڤ سانسۆری بۆدانراوە زۆر زەحمەتە بۆكچێك بتوانێت لەناو كۆمەڵگەیەكی وەهادا لەهەموو جۆرە گۆڕانكارییە فسیۆلۆژییەكان تێبگات.
ناسینی ئەیوب
هێرۆ سەرەتا بەهۆی برادەرێكی كچییەوە، ئەیوبی ناسی، ئەیوب خاوەنی دووكانێكی ماكیاژ فرۆشتنی ئافرەتان بوو، زۆر ئارەزووی تێكەڵبوونی لەگەڵ كچاندا دەكرد، هەموو هەوڵێكی خۆی دەخستە كار بۆ ئەوەی بتوانێت هێرۆ وەها لێبكات كەخۆشی بووێت.
ئەوەبوو هێرۆ كەوتە داوی خۆشەویستی لەگەڵ ئەیوبدا، ئەیوب یەكەم جار بەقسەی خۆش و پاڕانەوە خۆی لە هێرۆ نزیك كردەوە، دواتر وردە وردە ئەیوب وای لە هێرۆ كرد كە زۆری خۆش بوێت و دوای ماوەیەك دێتە داوای، بەڵام ئێستا باری ئابووری باش نییە پێویستی بەوە هەیە كە هاوكاری بكات و ئەم ماوەیە پێوەندی خۆشەویستی هەبێت لەنێوانیاندا، ئەوەبوو هێرۆ زۆربەی رۆژەكان كە لە قوتابخانە دەهاتە دەرەوە یەكسەر ئەیوب چاوەڕێی دەركرد و بەسەیارەكەی ئەیوب دەچوون بۆ پیاسەكردن، ئیتر لەئەنجامی ئەم هەموو تێكەڵاویە زۆرەی كەلەنێوانی ئەیوب و هێرۆدا دروست بوو، ئەیوب لە ئامانجە شاراوە و حەزە سێسكییەكانی نزیك ببووەوە.
وێنەگرتنی هێرۆ بەمۆبایل
پاشماوەیەك ئەیوب توانی لەیەكێك لە گەشتەكانیدا كاری بەدڕەوشتی لەگەڵ هێرۆدا بكات و وێنەشی بەمۆبایل بگرێت، دوای ئەم رووداوە هێرۆ پەشیمان بۆوە و چەند جارێك ئەیوب ئەهاتە سەر رێگەی بۆ ئەوەی كە بەیەكەوە بڕۆن بۆ كاری سێكسی و نابەجێ، بەڵام هێرۆ خۆی لێدەدزیەوە و هەوڵی دەدا هەرچۆنێك بێت خۆی لەو كوڕە دوور بخاتەوە كە ئەم كێشەیەی بۆدروستكردووە.
ئەوەبوو هێرۆ توانی خۆی بۆماوەیەكی كاتی لەم كوڕە رزگار بكات، بەڵام ڕزگار بوونەكەی زۆری نەخایاندوو هەر زوو ئەو وێنانەی كەئەیوب گرتبووی بڵاوبۆوە و كەوتبووە دەست چەند كوڕێكی گەڕەك، ئەو كوڕانەش بەئارەزووی خۆیان بەبلوتوس وێنەكەی هێرۆیان بۆیەكتری دەنارد، لەئەنجامدا ئەم وێنانە دەست باوكی هێرۆ دەكەوێت، ئەویش لەداخ و خەمی كچەكەیدا یەكسەر جەڵتە لێی داو كەوتە ناوجێ و دایكیشی لەخەمدا هیچی پێنەكرا، هەر ئەوەندە نەبێت كەكچەكەیان بۆماوەیەك لەماڵەوە بەند بكەن و نەهێڵن بچێتە دەرەوە، بەڵام زۆری پێنەچوو هێرۆ توانی بەهۆی كچێكی دراوسێیانەوە لە ماڵەوە رابكات.
بەرەو هەڵدێر
ئەگەر تائێستا هێرۆ رێگەیەكی لەبەردەمدا بوو كە رزگاری بێت، ئەوە لەبەردەمیدا نەما لەبەر ئەوەی كە ئەو ویستی لەو زیندانە هەڵبێت كەماڵی باوكی بۆیان دروست كردبوو، بەڵام نەیزانی ئەم جارەیان دەكەوێتە ناو زیندانێكەوە كە هەموو كۆمەڵگەو ئایینەكانیش نەفرەتیان لێكردووە، هێرۆ كە لە ماڵەوە رایكرد چووە ماڵێك كە تەنیا كاریان لەشفرۆشی بوو، لەو ماڵەشدا لەگەڵ ژنەكە دەستیان كرد بەكاری لەشفرۆشی و هەتا دەستگیركران و خرانە كونجی زیندانەوە.
بۆ زیاتر روونكردنەوە لەسەر ئەم رووداوە بەڕێز خاتوو پەرێز عەبدولڕەحمان وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لەلایەن دایك و باوكانەوە زۆر چاودێری منداڵەكانیان بكەن، بەتایبەتی كچەكانیان لەتەمەنی هەرزەكاریدا، چونكە وەك خۆمان دەزانین ئەو تەمەنە زۆر هەستیارە بۆ هەموو مرۆڤێك و گرنگی هەیە بۆداهاتووی، لەبەر ئەوە دایكان بەتایبەتی رۆڵێكی زۆر گەورە دەگێڕن بۆ پارستنی ناوبانگی كچەكانیان، دەبێت هەموو دایكێك بزانێت كچەكەی كاتێك دەچێتە دەرەوەی ماڵ چی دەكات و بزانێت ئایە برادەری خراپی هەیە یان نا، ئەمانە هەموو لەژیانی هەرزەكاراندا گرنگن، ناوبراو هەر لەدرێژەی قسەكانیدا دەربارەی مەترسییەكانی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل وتی: زۆر پێویستە لەلایەن رێكخراوەكانی ژنانەوە هەوڵبدرێت هەموو كۆمەڵگە بەرامبەر بەهەموو مەترسییەكانی خراپ بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نوێ بەتایبەتی مۆبایل هۆشیار بكرێنە، واتە دەبێت ئێمە بزانین مۆبایل لەكوردستاندا بۆتە گەورەترین و ترسناكترین كێشە بۆ هەموو تاكێك، چونكە تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە بەس ئەوەندە دەزانن كە مۆبایل بەكار بهێنن ئیتر حساب بۆ ئەنجامەكانی ناكەن، لەكاتێكدا ئەگەر خراپ بەكار بهێنرێت من بەباشی دەزانم هەوڵی جددی بدرێت بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكەكان دەربارەی مەترسییەكانی ئەم ئامێرە كەخەریكە دەبێت بە ئامێرێكی كوشندە بەرامبەر بە ئافرەتان.
Top