شـووكـردن یـاخود بـڕوانــــــ

شـووكـردن یـاخود بـڕوانــــــ
ئایا بۆ شووكردن پێش بەدەستهێنانی بڕوانامە و تەواوكردنی خوێندن باشترە، یان دوای وەرگرتنی بڕوانامە و تەواوكردنی خوێندن؟ ئەم پرسیارەمان ئاراستەی ژمارەیەك كچ كرد بۆ ئەوەی بزانین كامیان بە باشتر دەبینن و سەرنجی خۆیان بخەنە روو، ئەوانیش بەم شێوەیە وەڵامیان دایەوە.
(یارا) 26 ساڵ"من پێم باشە كچ خوێندنی خۆی تەواو بكات ئەوكات شووبكات لەبەر ئەوەی شووكردن لەتەمەنێكی زوودا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوودا پەشیمان بێتەوە، جگە لەمەش بەدەستهێنانی بڕوانامە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ ژیانی داهاتووی خۆی، من بڕوانامەم بەدەست نەهێناوە و شووم نەكردووە، پێشم وانییە هەڵەبم لەو بڕیاڕەم".
دوای خوێندن
بڕیاری شووكردن دەدم
(سەروین) 21 ساڵ كەی بوومە خاوەنی بڕوانامە و كۆلێژم تەواو كرد ئەو كاتە بڕیاری شووكردن دەدەم، بۆ ئەو كچانەی دەخوێنن وا باشترە دوای تەواوكردنی قۆناغی خوێندنی كۆلێژەكەیان یان پەیمانگا بیر لە داهاتووی خۆیان بكەنەوە لەبەر ئەوەی ئەو كاتە زۆر گونجاوە، بەڵام ئێستا ئەوە ناكرێت لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی من دانییە".
خۆشەویستەكەم لە پێناو خوێندن لە دەست نادەم
(شیرین) 20 ساڵ"راستییەكەی من قوتابیم لەپۆلی شەشەمی ئامادەیی، زۆر حەزدەكەم ئەمساڵ بە سەركەوتوویی خوێندنەكەم تەواو بكەم بۆ ئەوەی ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەو كەسە پێكبێنم كە خۆشمدەوێت. نامەوێت چوارساڵی تر چاوەڕێ بكەم تا خوێندنەكەم تەواو دەبێت تەنیا دەمەوێت لەپۆلی شەش دەربچم، سەبارەت بە بڕوانامە پێم وانییە ئەوەندە كاریگەری هەبێت، لەنێوان شووكردن و بڕوانامەدا من یەكەمیان هەڵدەبژێرم.
(شەهێن) 27 ساڵ"پەشیمانم لەوەی كاتی خۆی بڕیارێكی خێرام دا بەوەی شووم كرد پێش ئەوەی بڕوانامە بەدەست بێنم. ئەو كاتە بڕیارەكەم پێ ڕاست بوو، بەڵام ئێستا هەست دەكەم هەڵەم كردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لەژیانی ئێستام بێزارم یان پێم ناخۆشە، تەنیا پێم وایە بەدەستهێنانی بڕوانامە دەبێت بە پلەی یەكەم بێت دواتر شووكردن.
گرنگ ئەوەیە شووكردن
بەئارەزوو بێت
(نادیە)(تەمەن) 24 ساڵ" ئەمساڵ دواساڵی خوێندنی منە و دواتر دەبمە خاوەنی بڕوانامە، سەبارەت بەوەی كامیان بە باشتر دادەنێم بە ڕای من لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كە بڕیارەكە بەدەست خۆت بێت واتە ناچار نەبیت و بە فەرمانی كەس نەبێت. ئەگەر كچ كەسێكی شیاوی دۆزییەوە لەهەر كاتێكدا بێت زۆر ئاساییە شووی پێ بكات جا خوێندی تەواوكردبێ یان نا، بەڵام وەك گوتم بە ئارەزووی خۆی بێت. وەك ڕای تایبەتی خۆم كچ لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامە شووبكات باشترە لەهەموو ڕوویەكەوە خۆشم تا ئەوكاتە بیر لە شووكردن ناكەمەوە.
(سارا) 24 ساڵ"هاوڕێیەكم وازی لە خوێندن هێنا و شووی كرد بەڵام كە ئێستا دەی بینم هەست دەكەم پەشیمانە هەر چەندە تا ئێستا خۆی باسی ئەوەی نەكردووە. من تا بڕوانامە بەدەست نەهێنم بیر لەشووكردن ناكەمەوە لەوانەیە چەند ساڵێكیش دوای ئەوە شوو نەكەم ئەگەر كەسێكی بە دڵی خۆم نەدۆزییەوە.بەدڵنییاییەوە تەواوكردنی خوێندن لای من لەشووكردن گرنگترە.
(چنار) 23 ساڵ"ئەوە بە پێی كەسەكە دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێ كچ بێزارن لەماڵەوە و دەیانەوێ ژیانێكی نوێ پێكبێنن هەر بەر ئەمەش واز لەخوێندن دێنن، بە پێچەوانەوە هەندێ كچی تر دوای تەواوكردنی خوێندن ژیانی هاوسەری پێكدێنن، من هێشتا قوتابیم و بیرم لە شووكردن نەكردۆتەوە كەی بڕوانامەم وەرگرت ئەو كاتە بڕیار دەدەم كە ئایا كەی شوو دەكەم .
(شلێر) 22 ساڵ" نەخێر بە هیچ شێوەیەك بیر لەشووكردن ناكەمەوە تاوەكو دەبمە خاوەنی بڕوانامە، پێویست ناكات پەلە بكەم چونكە وا بە باش دەزانم دوای كۆتایی هاتنی خوێندن بیر لەوە بكەمەوە، ئەگەر ئێستا شوو بكەم ناتوانم بە ئازادی لەگەڵ هاوڕێكانم كە قوتابی زانكۆن بجوڵێمەوە، دەمەوێ چێژ لەم كاتەی ئێستا وەربگرم.
(شیلان) 22 ساڵ" هەرچەندە تا ئێستا شووم نەكردووە و قوتابیم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لەبەر بڕوانامە مێردی نەكردبێت، هەر كاتێك ویستم شوو بكەم و كەسێك هاتە داوام كە گونجاو بێت ئەوا بڕیاری خۆم دەدەم. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم ئەگەر ببمە خاوەنی مووچەی خۆم و بڕوانامەم هەبێت ئەوا كاریگەری دەبێت لەسەر باشتر بوونی ژیانم.
Top