دكتۆر ئەنوەر بەرزنجی شارەزا لەبواری ئابووریی و سەرنووسەریی گۆڤاری سامان بۆ ( گوڵان ): مێژووی كێشەی دەسەڵات و خراپی ئابووری لەعێراقدا بۆ نەبوونی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون دەگەڕێتەوە

دكتۆر ئەنوەر بەرزنجی شارەزا لەبواری ئابووریی و سەرنووسەریی گۆڤاری سامان بۆ ( گوڵان ): مێژووی كێشەی دەسەڵات و خراپی ئابووری لەعێراقدا بۆ نەبوونی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون دەگەڕێتەوە
دكتۆر ئەنوەر بەرزنجی شارەزا لەبواری ئابووریی و سەرنووسەریی گۆڤاری سامان لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری (گوڵان) باسی لە هۆكاری سەرەكی مانەوەی عێراق كرد لە دۆخێكی ناسەقامگیر و خراپی ئابووری دا ، ئەم شارەزایە لەبواری ئابووری پێی وابوو عێراق لەكورد و عەرەب وەكو دوو پێكهاتەی سەرەكی و دواتریش ژمارەیەك كەمە نەتەوەیی و ئاینی پێكهاتووە كە بەزۆر لكێنراوە بەیەكەوە و بەردەوام پێكهاتەیەك مافی پێكهاتەكانی دیكەو كەمە نەتەوەیی و ئاینیەكانی پێشێلكردووەو هەموو قەیران و كێشەی ئابووری و داراییەكان لێرەوە هاتوون، لێرەدا پوختەی قسەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخەینەڕوو..


عێراق سەرەڕای ئەوەی لە دوو پێكهاتەی سەرەكی ( عەرەب و كورد ) پێكهاتووە ژمارەیەكی زۆری كەمە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزای دیكەشی لەخۆگرتووە ، ئەم عێراقە كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زلهێزەكان لكێنرا بەیەكەوە، بەردەوام لەناو كێشەی سیاسی و ململانێی خوێناویی دایە ، هەموو ئەو كۆمەڵكوژییانەی دەرهەق بە گەلی كورد و كوردستانییەكان كراوە بەڵگەی سەلمێنەریی ئەو راستیەن كە تا ئێستا دەوڵەتێك بە ناوی عێراق بوونی نەبووە و نابێت ، هەڵبەتە لێرەدا مەبەست لەدەوڵەت واتا دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دامەزراوەكانە دوور لە دەمارگیریی و توندوتیژی و بیروبۆچوونی مەزهەبی و شۆڤێنییەوە، جەنگ و كودەتا خوێناوی و شەڕەكانی سوپای عێراق دژ بەگەلی كورد و دەركردن و ئاوارەكردنی هەموو نەتەوەكانی دیكەو پاكتاوكردنی كورد و كریستیانەكان بۆ نەبوونی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون دەگەڕێتەوە ، دەوڵەتێك كە تێیدا هاوڵاتی هەست بەبوون و كیانی خۆی بگات و مافەكانی تێدا پارێزراو بێت ، لەمێژوودا نموونەی دەوڵەتی فاشیلی وامان زۆرە كە دەرئەنجام نەتوانراوە بەیەكپارچەیی و یەكگرتوویی بمێنێتەوە خۆ ئەو دەوڵەتەشی بەرواڵەت ماوەتەوە بووەتە پێگەیەك لە نائارامی و ناسەقامگیری و كوشت و قاتوقڕیی، یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی كە ڕێگر بووە لە وەرچەرخان نەبوونی پاشایەك یاخود سەركردەیەك بووە لەهەڕەمی دەسەڵاتی عێراقدا وەكو باوك هەڵسوكەوت بكات و جیاوازی لەنێوان هیچ نەتەوەو ئاین و ئاینزاو مەزهەبێك نەكات و رەفتار لەگەڵ هاوڵاتیەكانی وەكو ئەندامێكی خێزان بكات و هیچ جیاوازییەك نەكات لەنێوانیاندا .

دكتۆر ئەنوەر بەرزنجی سەبارەت بە رووخانی رژێمی بەعس و لێكەوتەو ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەدوای خۆیدا هێنای وتی : ( لە 2003 رژێمی بەعس وەكو رژێمێكی دیكتاتۆری خوێنڕژ رووخێنراوە ، هەموومان لە چاوەڕوانی وەرچەرخانێكدا بووین لە هەڕەمی دەسەڵات و سیاسەتدا، هەرچەندە كورد بەشدار بوو لە دامەزراندنی عێراقی نوێ دا بەڵام بەپێی كۆمەڵێك مەرج و رێكەوتن بوو كە گرنگترینیان فیدراڵیەت و پاراستنی مافەكانی بووە، چونكە لە ساڵی 1991 ەوە كورد خاوەنی كیانێكی ( نیمچە سەربەخۆ) لەدەوڵەتی عێراق و سەربەخۆ لەسەر ئاستی جیهان بووە، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد رۆژگار وای لێبكات سیناریۆكانی هێرشی سەربازی و گەمارۆو برسیكردن و بڕینی موچە و بودجەی لەسەر دووبارە بكرێتەوەو پێشێلكاریی بەرامبەر مافە نەتەوەیی و شایستە داراییەكانی بكرێت و چارەسەری كێشەی خاكی بۆ نەكرێت و هەرچی سەركردەو سەرۆك وەزیرانی یەك لەدوای یەكی عێراقیش هەبوو بەعەرەبی سوننەو شیعەشەوە پاشگەزبێتەوە لە بەڵێنەكانی 2003 و جێبەجێكردنی ماددەكانی ناو دەستووری هەمیشەیی و یاساكانی عێراقی نوێ .) .

سەبارەت بە هۆكاری هەموو ئەم پێشێلكاریی و پابەندنەبوونە بە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور و بەردەوامبوونی ئەو پۆشاییە سیاسی و نا سەقامگیرییەی عێراق؛ دكتۆر ئەنوەر بەرزنجی پێی وابوو : ( نەبوونی سەركردەیەكی عێراقی كە وەكو باوك رەفتارو هەڵسوكەوت بكات ، عێراقی نەكردە دەوڵەتی هاوڵاتیبوون ، من بەردەوام وەكو پسپۆرو شارەزایەكی ئابووری و چاودێرێك نووسیومە لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزو پڕ لەكێشمە كێش و ناسەقامگیر هەموو ئەو هۆكاری ئاڵۆزی و ناكۆكی و ململانێ توندەشم ناو دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و كێشەی بەغدا لەگەڵ كورد لەزنجیرە وتارێكمدا لە سەر لاپەرەكانی هەردوو گۆڤاری (گوڵان) و گۆڤاری ( الحوار ) ی عێراقی نووسیوە ، بەردەوامیش ئەو پرسیارەم كردووە ؛ چی وایكردووە وڵاتێكی خاوەن شارسانیەتێكی قووڵی وەكو عێراق بەرامبەر باشبوونی بارودۆخەكە دۆش دابمێنێت ؟ لەكۆتاییدا دەگەیتە ئەو دەرئەنجامەی كە وڵاتێكی بەزۆر لكێنراو بەیەكەوە كە هەڵگری ئەو هەموو برین و ململانێ و توندوتیژییە بێت زەحمەتە هەر وا بەئاسانی كلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی تێدا دروست بێت، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت بۆ كورد هەڵگری ئەو كلتوورە بوو بەڵام عەرەب هەڵگری ئەو كلتوورە نەبوو، هۆكارەكەی زۆر قووڵ و ئاڵۆزە لێرەدا بوار نییە بخزێمە ناو ئەو مێژووەوە، بەڵام لەدوای دامەزراندنی حكومەتی عێراق ئەم دەوڵەتەی هاوڵاتیبوون بۆیە دروست نەبووە چونكە سەرۆك و سەركردەیەك نەبووە وەكو باوك هەڵسوكەوت بكات، هەموومان ئەو مەقوولەیەی (حەمواربی) مان لەبیرە كە دەڵێت: (( پیرۆزی و گەورەیی بۆ پاشا لەوەدایە خۆی بە باوكی هەمووان بزانێت))، كەواتە لەم مەقوولەیەوە بۆمان دەردەكەوێت گرفتی سەرەكی عێراق نەبوونی باوكە بۆ وڵاتێكی بەزۆر لكێنراو بەیەكەوە كە بەچاوێكی یەكسانی بڕوانێتە هەمووان.چەمكی باوك لەدەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتیشدا هەروا بەئاسانی دروست نابێت ، ئەم بابەتە بۆ ئێستا كە عێراقیەكان لەسەروبەندی هاتنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێدان و بۆ ئەوەی بەهەمان دەردی سەرۆك وەزیرەكانی دیكەو سەرۆكەكانی دیكە نەچێت، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پێویستە خۆی لەهەموو كۆت و بەندێكی دەرەكی و ناوخۆیی و بیروبۆچوونی كەڵەكەبووی زەمانی نائارامی و شەڕو پشێوییەكان و مەزهەبی و رق و قینی زەمانی رابردوو دەرباز بكات، هەرچەندە من بەدیهێنانی م بۆچوونە بەخەونێك دەزانم كە زۆر زەحمەتە لەرووی كرداوە لەم بارودۆخەدا رووبدات ، خۆ ئەگەر سەرۆك وەزیرانی نوێ بیەوێت ببێتە سەرۆك وەزیرانێكی سەركەوتوو، ئەوا دەبێت بەپێی ووتەكانی حەمورابی رەفتار بكات و رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات .
1- پابەندبوون بە باوكایەتی بۆ سەرجەم پێكهاتەو كەمینەو ئاین و ئاینزاكان و مەزهەبەكانی ناو عێراق بەتایبەتی بۆ ئەو پێكهاتانەی وەكو كورد و كریستیانەكان و كەمینەكانی دیكە كە بەدەست گرفتی هاوڵاتیبوونەوە تووشی دەردو بەڵا بوون.
2- كۆتایهێنان بە دەوڵەتی دەسەڵاتی تاكڕەویی و مەركەزییەتی توندوهەنگاونان بەرەو بونیاتنانی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و خەڵكی.
3- پابەندبوون بە جێبەجێكردنی بنەماكانی سیاسەتێكی راست و دروست و ئەخلاقیەتی دادپەروەری كۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیان لەسەرانسەریی عێراقدا بەهەرێمی كوردستانیشەوە ، كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و ئەنجومەنی وەزیران خاوەنی هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆن و داكۆكی لەمافێكی رەوای نەتەوەیەكی مەزڵوم دەكەن.
4- هاندان و ئاراستەكردنی نەوەی نوێ دوور لەكاروباری سیاسی و ململانێی حزبی و شۆڤێنی و مەزهەبیەوە بەوەی بەرەو بنەماكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بچن .
5- لەدەوڵەتی هاوڵاتیبووندا یاسا لەسەرووی هەمووانەو وەكو یەك بەدادپەروەرانە بەسەر هەموو تاكەكانی ناوكۆمەڵدا دەسەپێنرێت، لەهەرچی پۆست و پایەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا بن.
6- پابەندبوون بە بنەماكانی پێشكەوتنی ئابووری لەرووی پەرەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی مرۆییەوە .

بەمشێوەیە عێراق و سەرۆك وەزیرانی نوێی لەبەردەم هەلێكی مێژوویی دایە و رەنگە دوا هەلی عێراق بێت بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون، ئەو دەوڵەتەی گەلەكانی لەمێژووی نوێی دا بەخۆیەوەی نەیبینیوە، لێرەوە چارەنووسی مانەوەو نەمانەوەی كوردیش لەچوارچێوەی عێراقدا هەر بەستراوەتەوە بەو حاڵەتەوە، رەنگە چیتر چاوەڕوانی بەدیهێنانی خەونێك نەبێت كە عێراق بەرەو دەوڵەت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون بەرێت و مافەكانی تاك و نەتەوەی كوردیشی تێدا پارێزراو بێت .


ئامادەكردنی : شەماڵ نوری
Top