وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە مانگی رابردوودا 12 ملیۆن بەرمیلی هەناردەکردووە، كە داهاتەكەی 350 ملیۆن دۆلار بووە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە مانگی رابردوودا 12 ملیۆن بەرمیلی هەناردەکردووە، كە داهاتەكەی  350 ملیۆن دۆلار بووە
سامانە سرووشتییەکان راپۆرتی مانگی هەشتی نەوتی بڵاوکردەوەو بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە مانگی رابردوودا رۆژانە 411 هەزار و 727 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و تەواوی مانگەكە 12 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، كە داهاتەكەی 350 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها رۆژانە بڕی 311.6 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی بەرهەمهاتووە و بە وێستگەکانی کارەبا دراوە.

رۆژ دووشەممە 5-9-2016 وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی راپۆرتی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی 2016 گەیشتووەتە 12 ملیۆن و 763 هەزار و 566 بەرمیل.

جگە لەو بڕە نەوتەی کە لە بەندەری جەیهان فرۆشراوە، 961 هەزار و 390 بەرمیل بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دراوە.

راپۆرتەکەی وازەرەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوە دەكات، لەو ماوەیەدا کۆمپانیای نەوتی باکوور سەدا 50ی هەناردەی خۆی داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 640 هەزار و 329 بەرمیل بووە.

بەپێی راپۆرتەکە ئەو بڕە نەوتەش کە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور وەرگیراوە خراوەتەسەر کۆی بەرهەمی هەرێمی کوردستان.

جگە لەو بڕە نەوتەی فرۆشراوە لە بەندەری جەیهان هەروەها بڕی یەك ملیۆن و 923 هەزار و 404 بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیهان کۆگاکراوە.

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لەو مانگەدا 350 ملیۆن دۆلار بووە.





رووداو
Top