عێراق شەڕی كەمكردنەوەی بودجەلــەگەڵ هەرێمی كوردستــان دەكـات
February 11, 2013
راپۆرتەکان
ئەمەو سەبارەت بەكۆی كوتلە كوردستانییەكان لەپەرلەمانی عێراق بەكر حەمە سدیق پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق پێی وابوو لەمەسەلەی دژایەتیكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و ئەو فشارو پاڵەپەستۆ سیاسییانەی كە دەخرێنە سەر هەرێمی كوردستان سەرجەم كوتلە كوردستانییەكان لەپەرلەمانی عێراق وەكو هەستێكی نەتەوەیی تەنانەت بێ دانیشتن و گفتوگۆكردن یەك دەنگەو پێمان وایە كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەكۆی بودجەی گشتی عێراق هەڕەشەیەكە لەهەموو هەرێمی كوردستان و زیانی بۆ قووتی هاووڵاتیان و بودجەی هەرێم هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیە لەو ئارامی و سەقامگیرییەی كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە ڕێگا نادەین بەهیچ شێوەیەك ئەو مەسەلەیە موساوەمەی لەسەر بكەین و لەسەر ئاستی كۆبوونەوە فراوانەكان و دانیشتنەكانی ناو هۆپەكانی پەرلەمان و گفتوگۆكاندا هەموو ئەندامانی ناو كوتلە كوردستانییەكان یەك دەنگ بوون و جیاوازی لە نێوانماندا نەبوو.
حكومەتی بەغدا دەیەوێت كێشە بەكێشە چارەسەر بكات
هەر لەمبارەیەوە پەرلەمانتار فاتیح دارائاغایی لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق پێی وابوو مەسەلەی كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەچوارچێوەی ململانێ سیاسییەكەی نێوان هەرێم و بەغدا یەو زیانی بۆ سەر هەموو دانیشتوانی هەرێم هەیەو تەنیا مەبەستی دژایەتیكردنی هەرێمەكەیە هەربۆیە بەوتەی ئەم پەرلەمانتارە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان ڕێگا نادەن بودجە بەو شێوەیەی ئێستا تێپەڕبێت و دەنگی لەسەر نادەن ؛ لەمبارەیەوە وتی: ئەو هەوڵانەی كە 122 پەرلەمانتار واژوویان كۆكردۆتەوە بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەكۆی بەشە بودجەی گشتی عێراق تاوەكو لە رێژەی 17% كەمكرێتەوە بۆ 12.5% تەنیا لەدەرهاویشتەی ئەنجامی ململانێ سیاسییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لەنێوان هەموو كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق هەیە بەتایبەتی ئەو ململانێ سیاسییەی لەنێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمدا هەیە. هەربۆیە ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموومان یەك دەنگ و هاوهەڵوێستین لەسەر ئەوەی بوار نادەین و دەنگ نادەین لەسەر تێپەڕكردنی بودجەكە بەو شێوەیەی ئێستا كە بەشە بودجەی هەرێم كەمكرێتەوە، چونكە كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق زیانی بۆ سەر هەموو دانیشتوانی هەرێم هەیە.
من لەم مەسەلەیە پێم وایە ئەو كێشانەی كە حكومەت دروستی دەكات تەنیا بۆ ئەوەیە حكومەت دەیەوێت كێشە بەكێشە چارەسەر بكات، هەربۆیە كاتێك دەبینین كێشەیەك تەواو نابێت كێشەیەكی تر دەخوڵقێنێت تاوەكو كێشەكەی تر لەبیر خەڵكی و لایەنە سیاسییەكان بباتەوە، لەلایەكی دیكەوە سزای هەرێمی كوردستان دەكەن بەوەی بودجەكەی كەمكرێتەوە بە كۆمەڵێك پاساوی نابەجێ، كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم سزایەكی دارایی یە بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی، چونكە چاویان بەهەرێمی كوردستاندا هەڵنایەت، هەربۆیە تێوەگلانی بودجە لەمەسەلەی سیاسیەت مەترسییەكی دیكەیە لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق سەریهەڵداوە.
تا ئامادە نەبن سەرژمێریی گشتی عێراق بكەن
دەبێت رێژەی 17% ی بودجەی هەرێم وەكو خۆی بمێنێتەوە
محەمەد كیانی پەلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان پێی وایە تا سەرژمێری گشتی عێراق نەكرێت ناتوانرێت بەهیچ شێوەیەك دەسكاری بەشە بودجەی هەرێم بكرێت، بەوتەی ئەم پەرلەمانتارە كێشەكە پێویستە بكرێتە كێشەیەكی سیاسی چونكە گەربێتوو ئەم مەسەلەیە وەكو دەنگدان بێتە ناوپەرلەمانەوە رەنگە كورد زیانمەند بێت لەكاتێكدا ناتوانرێت پشت بەهیچ كوتلەیەكی عەرەبی بكرێت تەنانەت كوتلەی عێراقیەش لەمبارەیەوە وتی: ناكرێت تا سەرژمێری گشتی عێراق ئەنجام دەدرێت دەسكاری ئەو بەشە بودجەیە بكرێت، ئەم مەسەلەیە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەم لایەن و ئەو لایەن و حزبایەتییەوە نییە دژایەتیكردنی بەشە بودجەی هەرێم و كەمكردنەوەی پەیوەندی بەهەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە، لەم روانگەیەوە لەگەڵ ئەوەین بەرێژەی 17% بمێنێتەوە تا سەرژمێری دەكرێت، كاتێك سەرژمێری كرا چەندمان بەركەوت دەبێت رازی بین لەسەری، هەربۆیە تا ئەوان ئامادە نەبن ئەو سەرژمێرییە بكەن پێویستە رێژەی 17% وەكو خۆی بمێنێتەوە.
سەبارەت بەو كۆ دەنگییە سیاسییەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ رەتكردنەوەی دژایەتیكردنی بەشە بودجەی هەرێم هەیە ئەم پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق وتی : كورد بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت پشت بە عێراقییەو هەموو كوتلە سیاسییەكانی تر ببەستێت، كە لەهەندێك بوار كە پێویستیان بەئێمەیە دێن بۆ لامان، بەڵام ئەو مەسەلانەی لەبەرژەوەندی گەلی كوردە بەبەردەوام لەدژی دەوەستنەوە، لەم روانگەیەوە ئێمە نامانەوێت ئەو مەسەلەیە بێتە ناو پەرلەمانەوە وەكو رێگەبژاردەیەك بەڵكو وەكو دۆزێكی سیاسیی تەماشا بكرێت، چونكە ئەگەر بێتە ناو پەرلەمانەوە ئەگەری دۆڕاندنمان زۆرە. لەسەر ئەم مەسەلەیەش هەموو لایەنە كوردییەكان هاودەنگ و یەكهەڵوێستن. ئێمە خۆمان گێل دەكەین ئەگەر بڕوامان بەوە نەبێت هەردوو كوتلەی عێراقی و هاوپەیمانی لەسەر ئەوە كۆدەنگن كە لەدژی داواكارییەكانی كورد بووەستنەوە، بگرە تا ئێستا وەكو شیعەو سوننەش وەكو پێكهاتەیەكی هاوبەش و یەكسان ناڕواننە كورد و تەنیا وەكو تاك و حزب قبووڵیانە، بەداخیشەوە بەو شێوەیە كارمان نەكردووە ئەمەش وایكردووە بەبەردەوام لە پشتەوە خەنچەرمان لێبدرێت .
ئەگەر بودجەی هەرێمی كوردستان كەم بێتەوە
هەڵوێستمان دەبێت و لەدژی ئەو بڕیارە رادەوەستین
نەسرین ئەنوەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی هەڵوێستی ئەم دواییەی دەوڵەتی یاسا بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ خراپی بارودۆخە سیاسییەكەی عێراق دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە دەوڵەتی یاسا دەیەوێت كێشە دروست بكات تاوەكو فەشەلی خۆی لەبەڕێوەبردنی عێراق داپۆشێ، لەلێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەم پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق وتی : دەوڵەتی قانوون زۆر بەهێزەوە پێداگیری لەسەر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەكۆی بودجەی گشتی عێراق دەكات و هاوپەیمانی كوردستانی و هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی تر بەتووندی ئەو هەوڵە دوژمنكارییانە رەت دەكەنەوە چونكە سەرژمێری نەكراوە، هەربۆیە ئێمە قبووڵمانە ئەمساڵ بەو شێوەیە تێبپەڕێت و بەشە بودجە كەمنەكرێتەوە تا سەرژمێری دەكرێت و ژمارەی دانیشتوانی كوردستان دیاری دەكرێت. دروستكردنی ئەم كێشانەش بۆ ناجێگیری بارودۆخە سیاسییەكەی عێراق دەگەڕێتەوە و كە سوننەو كورد لەدژی سیاسەتە چەوتەكانی مالیكین و تەنانەت بەشێكی زۆری شیعەش بەهەمان شێوە نارازین لەو سیاسەتانە، هەربۆیە بۆ داپۆشینی فەشەلەكانی بەڕێوەبردنی وڵات ئەم كێشانە دروست دەكرێت. هەربۆیە بەهیچ شێوەیەك لەدانیشتنێكی دەنگدان ئامادەنابین ئەگەر كێشەی هەرێمی كوردستان یەكلانەبێتەوە، كورد ژمارەیەكی گرنگە لەهاوكێشەی سیاسی بەبێ كوردیش هاوكێشەكە تەواو نابێت ئەگەر بودجەی هەرێمی كوردستان كەم بێتەوە هەڵوێستمان دەبێت و بەهەموو توانامانەوە لەدژی ئەو بڕیارە رادەوەستین.