نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ (گوڵان):ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 و ئاوەڕۆی قورس ودروستكردنی 6000 تا 7000 خانوو بۆ كرێچیان جێبەجێ دەكرێت

نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ (گوڵان):ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 و ئاوەڕۆی قورس ودروستكردنی 6000 تا 7000 خانوو بۆ كرێچیان جێبەجێ دەكرێت
1026 پرۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لە2012ئەنجامدراوە
سەرەتا پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەگرنگترین پرۆژەكانی كە لەساڵی رابردوو ئەنجامدراوە وتی: بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان بەگشتی پشتمان بەسێ بودجەی پەرەپێدان و بودجەی قەزا سنوورییەكان و هەروەها بودجەی وەبەرهێنان بەستبوو كە لەیەك كاتدا نەهاتووە، كە تەنیا لەبودجەی قەزا سنوورییەكان لەساڵی رابردوو 34 ملیار دینار بەر پارێزگای هەولێر كەوتووەو قەزاكانی سۆران و چۆمان و رواندز و مێرگەسۆری لە خۆگرتبوو. بەگشتی ئەو پرۆژانەی لەناو شاری هەولێرو قەزاو ناحیەو گوندەكان لەسەر هەر سێ بودجە ئەنجام دراوە بەم شێوەیە بوو:
1- كۆی گشتی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر(بەڵێندەرایەتی و راستەوخۆ) 1026پڕۆژەیە بە گوژمەی 290ملیار دینار.
2- كۆی گشتی پڕۆژەكانی قەزا سنوورییەكان 47پڕۆژەیە بە بڕی 34ملیار دینار.
3- كۆی گشتی پڕۆژەكانی لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر 35 پڕۆژەیە بە بڕی45ملیار دینار و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ 331پڕۆژە سپێردراوە بە گوژمەی نزیكەی 176ملیار دینارە و بودجەی وەزارەتەكان بۆ 408پڕۆژە سپێردراوە بە بڕی زیاتر لە 554ملیارو 624ملیۆن دینارە و تێكڕایی ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەكانی كە چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە (60%)ە و هەندێك لە پڕۆژەكانی ساڵی 2012 بەردەوامی كاركردنی تێدایە و لە ساڵی 2013تەواو دەبن بۆ نموونە وەكو بینایەی پارێزگا، لەلایەكی دیكەوە بەرزی رێژەی ئەنجامدانی پرۆژەكان بۆ ئەو سیستەم و تیمە دەگەڕێتەوە كە لەپارێزگا دانراوەو پرس و راوێژكاری بەقایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەو بەرپرسی فەرمانگاكان لەخۆ دەگرێت. لێرەدا بۆ نموونە هەندێ كارو پڕۆژەی ڕێگاوبان و ئاو و كارەبا ئاماژە پێدەدەین لەو پڕۆژانەی كە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی هەولێر ئەنجامیداون وەكو دروستكردنی رێگای 45گوند و 6گوندیش رێگا ناوخۆییەكانی بۆ كراوە، بەرێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر رێگای 13 گوندیان چاككردۆتەوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر توانیویانە لەماوەی ساڵی 2012 كێشەی ئاوی خواردنەوەی 73گوند چارەسەر بكەن، لە بواری كارەباشدا كە لە سنووری پارێزگای هەولێر1474گوند هەیە تەنیا 52گوند هێڵی كارەبای نیشتمانی بۆ نەچووە و ئەمەش لە بەرنامەی ساڵی 2013دا بۆیان دەبرێت و لەسەرەتای ساڵی 2012دا 65گوند هێڵی كارەبای نیشتمانی بۆ بردراوە.
پرۆژەكانی هەولێر لەمساڵدا
سەبارەت بە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی كە لە ساڵی 2013 لەبەرنامەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە كە بۆ شاری هەولێر و سنوورەكەی ئەنجام بدرێت پارێزگاری هەولێر وتی: لەمساڵدا لە سەرجەم سێكتەرەكان پرۆژە ئەنجام دەدرێت، لەوانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەندی و ئۆڤەرپاسێك لەچوار ڕیانی عەنكاوە، ئەمە جگە لەپرۆژەكانی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆ و پارك و جوانكاری و سەوزایی. ئەمەش وایكردووە هەولێر پێشكەوتنێكی باش بەخۆوە ببینێت و ژمارەی كۆمپانیاكان زیاد بكات و باری بژێوی هاووڵاتیانیش بەرز بێتەوە، تەنیا لەم ساڵدا بڕی 4 ملیار دۆلار مۆڵەتی پرۆژەی وەبەرهێنانی بیانی لەهەولێر دراوە كە بەشی زۆری ئەم پڕۆژانەش لە كەرتی پیشەسازییە و زەویش لە ناوچەی تیمار ئامادە كراوە. هاوكات بەمەبەستی چارەسەركردنی هەر كێشەو گرفتێك بە فەرمانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزگاری هەر سێ پارێزگاكانی هەرێم بووینە سەرۆكی لیژنەی پێدانی زەوی بۆ پڕۆژەكانی پیشەسازی كە لە وەبەرهێنان مۆڵەتیان هەیە یەكێك لەو پڕۆژە پیشەسازییە گەورەو گرنگانە كە بەم هاوكاری و بەدواداچوونانەوە لە مانگی 4 و 5/2013 دەست بەكار دەكات ئەویش كارگەی دروستكردنی ئاسنە كە كۆمپانیای پۆلەتێكست دایمەزراندوو و ئەم پڕۆژەیە نزیكەی 700كرێكارو كارمەند تێیدا كار دەكەن، واتە كارگەو پڕۆژە پیشەسازییەكان جگە لە بەرهەمەكانیان دەرفەتی هەلی كارن. ئەگەر لە ساڵی 2004ەوە تەماشا بكەین كێرڤی جوڵەی ئابووری هەولێر رانەوەستاوە لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی و كێشە هەبووە هەتا ئەو كاتەش كە كێشەی سیاسیش لە عیراق هەبووە تا رادەیەكی باش بازاڕی شاری هەولێر بەردەوامبووە و رانەوەستاوە و كاری وەبەرهێنان هەر هەبووە، رێژەی گەشتیاریش هەر لە زیادبوون دابووە، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2011 ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر یەك ملیۆن و 700هەزار كەس بوو، بەڵام لە ساڵی 2012 زیادی كردووە و بۆتە یەك ملیۆن و 750هەزار كەس جگە لە سەری ساڵی تازەش نزیكەی 56هەزار گەشتیاری دیكەش بۆ شاری هەولێر هاتبوون.
پانتایی سەوزایی و گرنگیدان بە ژینگە
لەگەڵ فراوانبوونی شارو زیادبوونی ژمارەی پرۆژەكان لایەنی ژینگەیی لەبیر نەكراوە ئەوەتا پارێزگاری هەولێر باس لەچەندین پرۆژەو باخچەو پانتایی سەوزایی و گواستنەوەی ناوچەی پیشەسازییەكان دەكات و لەم رووەوە دەڵێت: رووبەری پانتایی سەوز لە ناو شاری هەولێر لە زیادبوون دایە و بەبەردەوام پارك و باخچە لە ناو گەڕەك و سەنتەری شار دروست دەكەین و گەورەترین پاركیش كە دەكەوێتە كۆتایی كەسنەزان لەسەر رووبەری نزیكەی 4هەزار دۆنم زەویی دروست دەكرێت، هەروەها پشتێنەی سەوزی شاری هەولێر ماشتەرپلانەكەی ئامادەكراوەو لەلایەن بەرێز وەزیری شارەوانی گەشت و گوزار راگەیاندرا كە بە پانی 2كیلۆمەتر و درێژی 80كیلۆمەترە كە رووبەرەكەی بە گشتی دەكاتە 160 كیلۆمەتر چوارگۆشە و كاركردن لەسەر پێكهاتەو پڕۆژەكانی ناو پشتینەكە دەدرێت بە كەرتی تایبەت و زیاتر خاوەن زەوی موڵكەكان هەقی كاركردنیان لەسەر هەیە پێش خەڵكانی دیكە. هەر بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی كوردستان پاركێكی سروشتی لەسەر چیای سەكران – هەڵگورد دروست دەكرێت و بەرنامەو پلانیش بۆ ناوچەكانی دیكەی وەكو بارزان و چیای سەفین و چەندین شوێنی دیكە هەیە كە پاركی بەرفرەوانی سروشتی بۆ پاراستنی سروشت و گیانەوەری كێوی دروست بكرێت، هەروەها هەر كارگەیەكی پیشەسازی لە هەولێر دابمەزرێت دەبێت فلتەری هەبێت و ئامێرەكانی دۆستی ژینگە بن و ئەو كارگەو كەسارانەی لە ناوچەی قەتەوی هەیە بەبەرنامە هەڵدەگیرێن و بۆ دەرەوەی شار بۆ شوێنی گونجاو دیاریكراو دەگوازرێنەوە و بەرنامەیەكی دیكەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە لە هەر سێ پارێزگای هەرێم شاری پیشەسازی دروست دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر بڕیاری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان شاندێك لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاو وەزیری پیشەسازی و بازرگانی سەردانی توركیا دەكەین بۆ دیتنی شاری پیشەسازی كە لە بۆڕسە هەیە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەو شاری پیشەسازییە لە هەر سێ پارێزگا هەولێر و دهۆك و سلێمانی دروست بكرێت كە شاری پیشەسازی هەولێر لە ڕێگای نێوان هەولێر – خەباتە.
كۆكردنەوەو چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بەپاككردنەوەی شاری هەولێرو دوا هەنگاوەكانی دامەزرانی كارگەی ریسایكلین؛ پارێزگاری هەولێر ئەوەی روونكردەوە كە پێشتر وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیای جەنائن و بەریتانی كردبوو، بەڵام ئەم كۆمپانیانە نەیانتوانیوە لەئاست ویست و خواستەكان بن و سەركەوتوو نەبوون، لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر وتی: ئێستا كۆكردنەوەو پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك لە هەولێر درا بەپارێزگاو دابەشی شارەوانییەكانی ناو شاری هەولێرمان كردوو مەرج و رێنمایی تایبەتمان بۆ دەركردن، پرۆژەی كۆكردنەوەو پاككردنەوەكەش زۆر بەسەركەوتوویی بەڕێوەدەچێت. بۆ چارەسەركردنی زبڵ و خاشاكیش دوای هەڵوەشانەوەی گرێبەستی تایبەت بەدانانی كارگەی ریسایكلین لەگەڵ كۆمپانیایەكە دا كە نەیتوانی بەكارەكە هەڵسێت. هەربۆیە ئەمساڵ دانانی هەر دوو كارگەی ریسایكلین دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەو شوێنی كارگەی ریسایكلینەكانیش دیاری كراوە،
چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەكێشەی نیشتەجێبوون و بەرنامەی داهاتوویان پێی راگەیاندین: لەهەولێر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان بۆ نیشتەجێبوونی كرێچیان لەشاری هەولێر هەیە و 6000 تا 7000خانوو لەخۆدەگرێت، كە بەنرخێكی هەرزان و گونجاوو بەقیستی مانگانە بەپێی فۆرمی هاوشێوەی دابەشكردنی شوقەكانی هانا سیتی دابەش دەكرێت، پرۆژەكەش هەندێك كارو ووردەكاری ئیداری ماوەو راستەوخۆ دوای تەواوبوونی كارەكان پرۆژەكە رادەگەیەنین. لەلایەكی ترەوە چەندین پرۆژەی ترمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون ئەنجام دراوە، وەكو كێشەی نیشتەجێبوونی خەڵكی گەڕەكەكانی (خانەقاو تەعجیل و بیركۆت و..) كە بەدابینكردنی زەوییەك هاوكاریمان كردوون، هەروەها دابەشكردنی سەدان پارچە زەوی و بەردەوامبوونی پێدانی پێشینەی خانووبەرە لەم چوارچێوەیەدا دێت و چەندین گەڕەكی نوێ دروستكراو كێشەكە كەمكرایەوە، ئەمە جگە لەوەی لەڕێگای وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە چەندین یەكەی نیشتەجێبوون لەشێوەی باڵەخانە دروست دەكرێت و پرۆسەكەش ساڵانە بەردەوام دەبێت و بودجەی بۆ دادەنرێت.
شەقامی 120 مەتری هەولێر
سەبارەت بە پرۆژەی دروستكردنی شەقامی 120 مەتری پارێزگاری هەولێر وتی : شەقامی 120 مەتری بەپرۆژەیەكی گەورەو گرنگ دادەنرێت و قۆناغی باشی بڕیوەو كاریگەری لەسەر هاتوچۆكردن و كەمكردنەوەی قەڵەباڵغی دەبێت، لەم رێڕەوەوە گرێبەستی دروستكردنی شەقامەكە لەدیوی نێوان سەڵاحەدین و موسڵ لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە ئیمزا كرا.
چارەسەركردنی كەوتنەوەی لافاو
ئەمساڵ بەهۆی هاتنی بارانبارینی زۆرە لەدەرەوەی سنووری شاری هەولێر لە دارەتوو بنەسڵاوەو گەڕەكی ژیان كەوتنەوەی لافاو روویدا ؛ لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر وتی: بۆ كەمكردنەوەو كاریگەرییەكانی لافاو توانیمان لە بەستەكانی بیركۆت و بەستە بیازەو گلگەند ئاوەڕۆی گەورەو پێویست جێبەجێ بكەین و لەناو شاری هەولێر كێشەمان نەماوە، ئەو لافاوەی لەم دواییەدا لەدەرەوەی هەولێر روویداو لەبەستی دارەتوو بوو كە قەبارەی ئاوەكە زۆر زیادیكردوو چووە سەر پردەكەی دارەتوو دواتر رژایە ناو گەڕەكی ژیان و چووەوە ناو بەستی قەتەوی، هاوكات لەكەسنەزانەوە لەبەستی بنەسڵاوەوە لافاوەكە رووی لە هیران سیتی كرد. بۆ چارەسەركردنی ئەم دوو بەستە لەلای هیران سیتی هەڵساین بەهەڵكەندنی كەندێكی فراوان و گەورە بەمەش هیران سیتی و بیركۆتی تازە كێشەیان نامێنێت، ئەوەی لای دارەتووش بەستەكەمان پاككردەوەو كار بۆ هەڵكەندنی كەندێك دەكەین بۆ دوور خستنەوەی لافاو.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 و ئاوەڕۆی قورس
شاری هەولێر لەگەڵ فراوانبوونی بەبەردەوام پێویستی بەپرۆژەكانی دابینكردنی ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆیە هەیە؛ لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر وتی: وەزارەتی شارەوانی بەهەماهەنگی و هاوكاری پارێزگای هەولێر سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی هەردوو پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 و ئاوەڕۆی قورس، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی هەوڵی ئەوە دەدات پرۆژەی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر لە ڕێگای قەرزی درێژخایەنەوە جێبەجێ بكەین. بەجێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4 رۆڵی بەرچاوی دەبێت لەدابینكردنی ئاویخواردنەوە بۆ ناوچەكانی پشت كەسنەزان و دارەتوو بنەسڵاوەو سێبەردان تا دەكاتەوە ڕێگای مەخموور، ئەمە جگە لەوەی لەدیوی مەلائۆمەرو شاوەیس و پەرزینیشەوە سوود لەم پرۆژەیە وەردەگرن. هاوكات لەگەڵ بەرفراونبوونی پرۆژەی ئیفراز 3 بەهیچ شێوەیەك پێویستیمان بەبیرەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە نامێنێت.
گرنگیدان بەكەرتی تەندروستی
سەبارەت بەكەرتی تەندروستیش پارێزگاری هەولێر وتی: لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەیەكی 330 قەرەوێڵەیی لە هاوشێوەی نەخۆشخانەی رزگاری لەپشت نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاواوە دروست دەكرێت، هاوكات نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوونی 200 قەرەوێڵەیی لەگەڕەكی باداوە چۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە. لەلایەكی ترەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەندی لەشوێنی خۆی دووبارە دروست دەكەینەوە.
بازاڕی قەیسەری هەولێرو نیشتمان
لەتەوەرێكی قسەكانیدا پارێزگاری هەولێر باسی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێرو دوكانەكانی ناو سەنتەری شارو تەواوكردنی بازاڕی نیشتمان كردوو وتی: ماوەیەكە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەستی پێكردووەو ئێستا لەقۆناغی نۆژەنكردنەوەی بەدیوی پەنیرفرۆشان تا دەگاتە بەرامبەر بازاڕگەی سیروان لەژێر كاركردندایە. ئەمساڵ لەناو قەیسەری هەولێر لەمزگەوتی گەورەوە تا زێڕینگەران پشت مزگەوتی حاجی نووری نۆژەن دەكرێتەوە. هەروەها بۆ پاراستنی شوێنەواری قەڵای هەولێرو قەیسەری شوورەی دەوری قەیسەری دروستكراوەو لەقۆناغی تەواوبووندایە. سەبارەت بەتەواونەكردنی پرۆژەی بازاڕی نیشتمان پارێزگاری هەولێر وتی: یەكێك لەكێشەكانمان لەناو سەنتەری شار تەواو نەكردنی بازاڕی نیشتمانە، بۆ ئەم مەبەستە بەبەردەوام لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار لەپەیوەندی و هەوڵداین تاوەكو بەشەكانی تری پرۆژەكە تەواو بكەن، بۆ باشتركردنی ئەو بەشەی تەواو بووە بەهاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار ڕێگایەكی تر دروست دەكەین لەپردی سەیداوە لەپشت مزگەوتی رەشاد نەجاڕ بۆ ناو بازاڕەكە بێت.
نۆژەنكردنەوەی باخچەی گلكەند
پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە هەبوو كە پاخچەی گلگەند دەدرێتە كەرتی تایبەت كە ئێستا لەژێر نۆژەنكردنەوەدایە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: باخچەی گلكەند بەیەكێك لەباخچە كۆنەكانی شاری هەولێر دادەنرێت و هەر بەشوێنێكی كەرتی گشتی وەكو پاركی منارەو شانەدەر بۆ خەڵكی شار دەیهێڵینەوەو بەمنزیكانە كاری نۆژەنكردنەوەكەی تەواو دەبێت، قبووڵیشمان نەبووە بدرێتە هیچ كۆمپانیاو كەسێك و گرێبەستەكەشی كە درابوو هەڵمان وەشاندەوە، ئەو باخچەیەی ئاژەڵانیش كە ئێستا لەگلگەند هەیە لەپاركی نوێی بنەسڵاوە جێگای پێویستمان بۆ دابین كردووە.
پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان
لەكۆتایی دا پارێزگاری هەولێر وەكو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شارەكە بەگۆڤارەكەمانی راگەیاند: پاراستنی هێمنی و سەروماڵی هاووڵاتیان و سەروەری یاسا بۆ هەماهەنگی خەڵكی هەولێرو دانیشتوانەكەی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بۆ هۆشیاری و هێمنی دانیشتوانی شارەكە دەگەڕێتەوە كە هاوكارو یارمەتیدەرمانن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش. كەمبوونەوەی رووداوو ئارامی هاووڵاتیان و سەقامگیری بازاڕو كاسبی و بوونی هەولێر بەپایتەختی گەشتیاری هەموو ئەمانە نموونەیەكی زیندووە بۆ باشی رەوشی ئەمنی و ئارامی هاووڵاتیان لەم شارەدا. تەنانەت سەركەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش بۆ سینگ فراوانی و خۆشەویستی و هاوكاری خەڵكی هەولێر دەگەڕێتەوە كە ڕێگر نەبوون لەئەنجامدانی دەیان پرۆژە. تێڕوانینی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو كوردستان و بەتایبەتی بۆ هەولێر وەكو پایتەختی هەرێمەكە زۆر گەورەو بەرزو بەنرخ بووە و ئێمەش جێبەجێكاری بەرنامەو داخوازییەكانی جەنابی بووین، كە لەهەموو كۆبوونەوەو بۆنەیەكدا سەرۆكی حكومەت تەئكید لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكان دەكاتەوە بەشێوەیەك كە دەبێت لەئاست ستانداردو كوالێتی بەرزی وڵاتانی پێشكەوتوو بێت.
Top