بازاڕ پێویستی بەبەرنامەو پلان هەیە، بۆچی رەمەزان دەكەنە هەلێك بۆ دادۆشـینی هاووڵاتییان و شێواندنی بازاڕەكان؟

بازاڕ پێویستی بەبەرنامەو پلان هەیە، بۆچی رەمەزان دەكەنە هەلێك بۆ دادۆشـینی هاووڵاتییان و شێواندنی بازاڕەكان؟
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان دووبارە بازرگان و زۆربەی لەفرۆشیارەكان دەگەڕێنەوە سەر دابونەریتە ناشیاوەكانیان، نرخەكانی بازاڕ بەرزدەكەنەوەو لەگەمەیەكی دوو رلەویژدان و ئەخلاقییەت لەكات و بەروارێكی كەمدا دەكەونە مەراسۆنێكی خێرا بۆ پڕكردنەوەی گیرفان و كۆكردنەوەی سامان و پارەو پوول، ئەمەش لەسەر حسابی زۆرینەی هاووڵاتی هەژارو كەم دەرامەت، لە بازاڕی هەرێمێكدا كەتاكو ئێستا داهاتی تاكەكەسی زۆر هاووڵاتی لەگەڵ خەرجییەكانیدا هاوسەنگ نییە، كاتێك كاروباری فرتوفێڵ و گەمە بەنرخەكان روودەدات واتە گرنگترین سیستەمی ئابووری تێك دەدرێت و كاری جەمسەرەكانیش پشێوی و بێسەروبەری تێدەكەوێت، لەمەش مەترسیدارتر تێكدانی (سیستەمی نرخ )ەكانە، شارەزایانی ئابووری بەر لەهاتنی مانگی رەمەزان و نزیكبوونەوەی جەژن پێشهاتی بەرزبوونەوەی نرخەكان و هەڵكشانی بەهای كاڵاو كەلوپەل و زۆر لەخزمەتگوزارییەكان دەكەن كە زۆرجار ئاستی خواستی هاووڵاتییان لەم مانگەدا بۆ لە80% بەرز دەبێتەوە، هەموو داتاو ئامارەكان راستی ئەم بۆچوونانەیان سەلماندووە، ئەوەتا پێش هاتنی مانگی رەمەزان نرخەكان جووڵەیان تێكەوتووە، ئەگەری ئەوەش هەیە لەسەرەتای مانگی رەمەزان نرخەكانی كەرەستە خۆراكییەكان بەرێژەی 15-20% بەرز بێتەوە . هۆكارەكانی هەڵكشانی نرخەكان دیارو روونە كە بۆ كۆنترۆڵ نەكردنی بازاڕو بێ ویژدانی زۆر لەبازرگانەكان دەگەڕێتەوە؛ گرانبوونی نرخەكان و هەڵكشانی بەهای خزمەتگوزارییەكان هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەڵاوسانە ئابوورییەی كەچەند ساڵێكە بەرۆكی زۆرینە بووەو نادادپەروەری و نایەكسانی لێكەوتۆتەوە، تەنانەت پرۆسەی دیموكراتییەتیش دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، مانگی رەمەزان لەلای ئەو بازرگانانەی بەدوای بەرژەوەندی تەسكی شەخسی كەوتوون بە هەلێك دادەنرێت بۆ قۆرخكردنی بازاڕ و هەڵكشانی نرخەكان، كە ئەمەش بەهەدەردانی پارەو بەشێكی گرنگی داهاتەكان دادەنرێت، بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری كارێكی زەحمەتە كۆنترۆڵكردنی نرخەكان بكەین لەبازاڕێكدا كە بەرهەمی خۆماڵی پێگەی لاوازەو بنەماكانی ئابووری بازاڕی تێدا نەچەسپاوە، كەواتە ڕێگا چارەسەر چییە بۆكەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هەڵاوسانی نرخ؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نرخەكان دابەزێت هەروەكو چۆن لەم راپۆرتەدا مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژەی پێ دەكات؟ حكومەت بەرنامەو پلانی ئابوورییانەی نییە پێش روودانی كارەسات و گرفتە ئابوورییەكان تا رووبەرووی بێتەوەو ڕێگا چارەسەری زانستییانە بۆ بازاڕەكان دابنێت، یا لەژوورە داخراوەكاندا تواناو دەسەڵاتێك نییە لەبازاڕێكی بێ یاسادا جووڵە بكات و سنوورێك بۆ قۆرخكاری و گەمەی نرخەكان دابنێت،یاخود زێدە ڕۆیی و بێ سەروبەری خەرجیەكانی هاوڵاتیان ئەدۆخەی لێكەوتۆتەوە؟
بەرزبوونەوەی كتوپڕی نرخەكان تەنیا راستییەك دەسەلمێنێت كە بەرپرسانی پێوەنداری ئابووری لەحكومەت توانای پێشبینی كردنی رووداوەكانی داهاتوویان نییە و خاوەنی پلان و بەرنامەی زانستی نین، ئەمەش شتێكی ئاساییە لەهەرێمێكدا كە خاوەنی دامەزراوەیی نییەو یاساكان تێیدا سەروەر نیین.
چارەسەرێك پێش كەوتنەوەی ئەم گرفتە ئابوورییە رێگر بێت لەبەردەم تەشەنەكردنی و بوونی بە دیاردەیەكی ئاسایی ؟ ئاساییە لەم مانگەدا خواستی هاووڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی كاڵاو پێداویستییەكان زیاد بێت لەبەرامبەردا كاریگەریشی بۆ سەر خستنەڕووی شمەك و كاڵاو كەلوپەلەكان دەبێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە فەرامۆشكردنی ئەگەرەكانی ئەو زیادبوونەی خواستە لەسەر كاڵاو كەلوپەلەكان لە بازاڕێكدا كە نەگەیشتۆتە قۆناغی ئابووری بازاڕ و زۆر لەبازرگان و سەرمایەداران ئیستغلالی ئەو بارودۆخەیان كردووە، كە لێپرسینەوەو دەستێوەردانی حكومی بۆ ناو كاروباری بازاڕ فەرامۆش كراوە، ئەمە لەكاتێكدا كە زۆرینەی هاووڵاتییانی كوردستان مووچەخۆرن و خاوەن داهاتێكی دیاریكراون و مووچەو كرێكانیان لەگەڵ زیادبوون و هەڵكشانی نرخەكان زیاد ناكات، ناكرێت چیتر ڕێگا بەكەسانێك بدرێت لەڕێگای قۆرخكردنی بازاڕەوە سامان و پارەو داهات كەڵەكە بكەن. ئایا دەكرێت ئەو بازرگان و سەرمایەدارانەی كەلەم مانگەدا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ پڕكردنەوەی گیرفانەكانیان و گەمە بەبازاڕ و ئابووری و بەرژەوەندی گشتی دەكەن وابەئاسانی حكومەت دەستبەرداریان بێت و نەكەونە بەردەم لێپرسینەوەو سزادانەوە؟یا ئازادییەكی رەهایان دراوەتێ تاوەكو بەئارەزووی خۆیان زیان بەكڕیارو بەكارهێنەران بگەیەنن؟.
كڕین لەئاكامی ترس و دڵەراوكێ لەئەگەری زیادبوونی نرخەكان وا دەكات هەڵاوسانی نرخەكان ببێتە دیاردەیەكی ئابووری كە بە كڕینی ترس ناسراوە(panic buying) كە لەئاكامی ترس لەداهاتوو بەوەی خواردەمەنی دەست نەكەوێت كاتێك پێویستێتی، ئەمەیە شێواندنی بازاڕ..
ئەم راپۆرتە بەدەرئەنجامێك دەگات بەوەی بێ دەستێوەردانی زانستییانەو ئابوورییانە پێش هاتنی مانگی رەمەزان ناكرێت رووبەرووی ئەم كێشەیە ببینەوە، كێشەیەك كە داهاتی گشتی وڵات بەهەدەر دەدات، چونكە بازرگانەكانی وڵاتانی دەوروبەریش نرخەكانیان لەسەر گران كردووین و، بودجەی وڵاتەكەش بەفیڕۆ دەدات، راستە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ئامۆژگاری بازرگان و فرۆشیارەكان تارادەیەكی كەم لەكەمكردنەوەی چاوچنۆكی و فرتوفێڵەكان رۆڵیان هەیە، بەڵام رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەبڵاوكردنەوەی هۆشیاری ئابووری لەلای تاكی كوردو بەكارهێنەر زۆر كاریگەرتر دەبێت بەوەی لەم مانگەدا هاووڵاتییان زیاد لەپێویستی خۆیان روونەكەنە كڕینی كاڵاو كەرەستە خۆراكییەكان، لەلایەكی دیكەوە هاندانی بازرگانە دەرەكییەكان بەهێنانی زیادەی كاڵاو كەرەستە خۆراكییەكان بەتایبەت ئەوانەی لەم مانگەدا خواستێكی زۆریان دەكەوێتە سەر دەرئەنجامێكی باشی لێدەكەوێتەوەو ڕێگر دەبێت لەبەرزبوونەوەی نرخەكان لەسەرچاوەكەیەوە كە بازرگانە دەرەكییەكانە، دەكرێت لەم مانگەدا حكومەتی عێراق هانبدرێت بەوەی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان زیاد بكات و ئەو كاڵاو كەلوپەلە خۆراكییانەی كە زۆر پێویستە بەنرخێكی كەم دابینی بكات، لێرەدا نابێت رۆڵی چاودێری و بەدواداچوون لەیاد بكەین كەلەهەموو سیستەم و حوكمڕانییەكدا كاریگەری خۆی هەیەو سنوورێك بۆ كەسانێكی هەلپەرست دادەنێت، بۆیە لەڕێگای زیادكردنی كاتژمێری زیادەو كاری بەردەوام لەم مانگەدا كاروچالاكی دەزگاكانی چاودێری بازاڕو و هۆبەكانی ئابووری لەوەزارەتی ناوخۆ چالاكتر دەبن.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر مستەفا مەهدی حوسێن راگری كۆلێژی كارگێری و ئابووری لە زانكۆی بەسرە و پسپۆرو شارەزا لەبواری سیاسەتی دارایی و نەختینەیی پێی وایە: لەعێراقدا بەبەردەوامی نرخەكان رووی لەهەڵكشان كردووە، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان یا نزیكبوونەوەی جەژنەكان ئەو كاتانە خواستی هاووڵاتی بەشێوەیەكی خێراو سەرسوڕهێنەر زیاد دەبێت، ئالێرەدا لەئاكامی لاوازی بارودۆخی ئابووری كەبەشێوەیەكی گشتی بازاڕو ئابووری عێراق بەقۆناغێكی راگوزەردا تێپەڕ دەبێت و حكومەت میكانیزمی ئاراستەكردن و كۆنترۆڵكردنی دیاردەو گرفتە ئابوورییەكانی لاوازە، بۆیە كێشەكە زۆر بەئاڵۆزی و گەورەیی تەشەنە دەكات، لەوڵاتانی پێشكەوتوو سەرجەم وڵاتانی ئیسلامیدا ئەم حاڵەتە هەیە بەڵام ناكاتە بارودۆخە ئاڵۆزەكەی عێراق.
دكتۆر مستەفا مەهدی پێی وایە گەندەڵی و نەبوونی یاسایەكی تایبەت بۆ پاراستنی مافی بەكارهێنەرو قۆرخكاری هەمووی حاڵەتێكی دژواری بۆ بەرەڵاكردنی نرخ و بازرگانەكانی لێكەوتۆتەوە. لەلایەكی ترەوە بۆ دابینكردنی كاڵاو كەلوپەلە خۆراكییەكان بەشێوەیەكی فراوان پشت بەوڵاتانی دەوروبەر دەبەستین كە ئەوانیش لەم مانگەدا دووچاری هەڵاوسانی نرخەكان دەبنەوە ئەمەش ئەوەندەی تر كێشەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆچارەسەركردنی ناسەقامگیری و هەڵاوسانی نرخەكان پێویست بەرنامەو ئابووری وا بەدەست حكومەتەوە بێت پێش كەوتنەوەی رووداوو گرفت و كێشە ئابوورییەكان كاروچالاكی پراكتیكی هەبێت، هاوكات سیستەمی چاودێری و لێپرسینەوەش زۆر لاوازە و پێویستی بەچاوخشاندنەوە هەیە.
نەبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بێسەروبەری رێكخستنی بازاڕ هەمووی كۆمەڵێك گرفتی ئابووری لێدەكەوێتەوە كە هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكان لەمبارەیەوە سەروەر كەمال هاواری سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسی كوردستان پێی وایە نرخەكانی بازاڕ ساڵ لەدوای ساڵ روو لە زیادبوون دەكات، گەرچی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە جێگیركراوە، بەڵام لەئاكامی بێسەروبەری سیاسەتە نەختینەییەكان و نەبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەشێوەیەك لەئاست خواستەكاندا بێت ئەمانە هەمووی وایكردووە نرخەكانی بازاڕ بەشێوەیەكی پێوانەیی و زۆرجار بەخێرایی روو لەهەڵكشان بكات، لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان و جەژنیشدا ئەوەندەی تر بازاڕەكان گرانی بەخۆیانەوە دەبینن. سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسی كوردستان سەبارەت بەبێسەروبەری بازاڕ دەڵێت: ئابووری بازاڕ بریتی نییە لەئازادییەكی رەهاو بێ پرەنسیپ و دیسپلین، پێویستە ئازادی بازرگانی لەناوچوارچێوەی ئابووری بازاڕ رێكبخرێت و كۆنترۆڵ بكرێت، لەمەشدا پێویستیمان بەدامەزراوەیی ئابووری نوێ هەیە كەتوانای داڕشتنەوەی پلانی ئابووری و جێبەجێكردنی هەبێت، هاوكات دامەزراوەیی چاودێریشمان پێویستە تاوەكو راستی و دروستی بەرنامە ئابوورییەكە چاودێری بكات و بەشێوەیەك ئاراستەی بكات كە لەرێڕەوی سروشتی خۆی دەرنەچێت.
زۆر لەشارەزایانی ئابووری ئاڵۆزبوونی كێشەكان بۆ نەبوونی سەرمایەی مەعریفی دەبەنەوەو پێیان وایە هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەڵمەتێكی فراوانی رۆشنبیری ئابووری هەیە هەروەكو دكتۆر كاوە محەمەد فەرەج مامۆستای زانكۆی سلێمانی سەبارەت بەچۆنیەتی چارەسەركردنی نرخ هەڵاوسان دەڵێت: لەمانگی رەمەزان بەو پێیەی خەڵكی زیاتر گوێبیستی مامۆستایانی ئایینی دەبن بەتایبەتی لەوتارەكانی هەینیدا، بۆیە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری هاووڵاتییان چ بازرگان و فرۆشیارەكان بێت یا كڕیارو بەكارهێنەرەكان بێت بەوەی لەلایەك لەڕێگای كەمكردنەوەی زیادەرۆیی لەكڕینی كەرەستە خۆراكییەكان ئاستی خواست كەم بكەنەوەو لەلایەكی تریشەوە بازرگان و فرۆشیارەكان گەمە بەنرخەكان و بەرزكردنەوەی نەكەن چونكە پێچەوانەی ئامۆژگاری و رێنماییەكانی ئاینی ئیسلامە، ئەم مامۆستا زانكۆیە زیاتر گرنگی بە هۆشیاری ئابووری دەدات و دەڵێت: دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵیان لەبڵاوكردنەوەی هۆشیاری ئابووری كەمە بەتایبەت لەمانگی رەمەزان، ئەمە ئەركی وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتە پێوەندارەكانی تری بازرگانی و داراییە كە لەڕێگای رێكلام و بەرنامەو راپۆرتی ئابوورییەوە ئاماژە بەرۆشنبیری ئابووری بكەن بەتایبەت لەم مانگەدا رووبكەنە هاندانی خەڵكی بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانیان و هاندەر بن بەوەی زیاد مەسرەفی كارێكی دوور لەئاین و تەندروستی و ئابوورییە تەنانەت كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتیشی لێدەكەوێتەوە.
پێم باشە گوێبستی بڕیارێك بووم بەهەڵگرتنی باجی گومرگی و رسومات لەسەر سەوزەو میوەو كەرەستەی خۆراكی، ئەمەش هەنگاوێكی باش بوو، حكومەت پێویستی بەباج و گومرگ نییە لەسەر كاڵاو كەرەستەی خۆراكی بەتایبەت لەكاتێكدا كە خواست زۆر بەرز بێتەوە چونكە ئەو رسومات و باجانەی لەم پێناوەدا دەسەپێنرێت زیاتر لەپێناو هاندانی بەرهەمهێنانی نێوخۆیە دەكرێت لەم مانگەدا دەستبەرداری ئەو بوارە بكات تاوەكو خزمەتی هاووڵاتییان و خێزانی هەژار بكات.
گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار نییە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكان، هەموو هەوڵ و بەرنامەو پلانە ئابوورییەكانیان بۆ خەرجكردنی لە 17%ی بەشە داهاتی هەرێمە لەبوارەكانی جوانكاری و رێگاوبان و پرۆژەی نابەرهەمهێندا، كاتێكیش كێشەیەكی ئابووری دەكەوێتەوە بەدوای چارەسەر كاتی و خێرادا دەگەڕێت. گەربێتوو رووبكەینە ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمهێن لەبواری كشتوكاڵ ئەوكات نرخەكان بەو شێوەیە بەرز نابێتەوە، چونكە ئێستاكە تاكو كەلوپەلێكی خۆراكی لەدەرەوەی وڵات دەگاتە دەستی بەكارهێنەر چەندین دەست دەكات و هەریەكەش قازانج و پارەی زیادەی خەرجی لەسەر دادەنێت، نازانم پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بەسەرهات كاتێك ئەمساڵی دانا بەساڵی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی، گەر سەركەوتوو بووایە لەو بەرنامەیە هەڵبەتە ئێستا بەرهەمی خۆماڵیمان بەئاستێك دەبوو ناڵێم با بەرهەمی زیادەمان بناردایەتە دەرەوە بەڵكو با تەنیا بەشی پێداویستی ناوخۆی بكردایە.
سەبارەت بەڕێگا چارەسەرەكانی هەڵاوسانی نرخەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی میكانیزمێك بۆ رووبەرووبوونەوەی كەسانێكی هەلپەرست كە قۆرخكاری و گەمە بەنرخەكانی بازاڕ دەكەن و لەسەر بەرژەوەندی گشتی خۆیان دەوڵەمەند دەكەن لەمبارەیەوە سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسی كوردستان وتی: پێویستە بازاڕەكان رێك بخرێت بەمیكانیزم و بنەماكانی ئابووری بازاڕ و حكومەتیش رۆڵی چاودێری و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی رەچاو بكات، لەهەرێمی كوردستان بەدەیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دەزگای پێوەنداری ئابووری هەیە كە تاكو ئێستا بەرنامەكانیان بۆ گەیشتن بە ئابووری بازاڕو چەسپاندنی بنەماكانی ئەو بازاڕە لاوازە، لەلایەكی ترەوە تا ئەوكاتەی پلانی ئابووری دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەكرێت و بنەماكانی ئابووری بازاڕ دەچەسپێت زۆر گرنگە هاووڵاتی رۆشنبیرییەكی ئابووری هەبێت و سەرمایەی مەعریفی و فەرهەنگی ئابوورییان بەهێز بێت تاوەكو خودی هاووڵاتی ئەو دەزگا رەقابییە بێت كەتوانای ئەوەی هەبێت نەكەوێتە ژێر ركێفی ئەو فرۆشیارو بازرگانانەوە كەبێ هۆو لەپێناو بەرژەوەندی تاكەكەسی نرخەكانی بازاڕ بەرزدەكەنەوە، واتە لەلایەك زیادە خەرجی نەكات و لەلایەكی تریشەوە لەكاتی گرانبوونی میوەو كاڵایەكدا بەدوای بەدیلدا بگەڕێت و تەنانەت ئەوسۆپەرماركێت و دوكاندارەی نرخەكانی گرانە هاوڵاتییان شمەك و كاڵای لێ نەكڕێت. ئەم ڕێگایانە بەهەنگاوی سەرەتایی و تاكەكەسی دادەنرێت بۆ رێكخستنی باری بژێوی ژیان و هاوسەنگ بوونی داهاتی خێزان و خەرجییەكانی، دەكرێت بەرنامەو پلانی ستراتیژی حكومەتیش هەنگاونان بێت بەرەو دامەزرانی بەرهەمی خۆماڵی بەتایبەت دامەزرانی پیشەسازی خۆراكی، چونكە كاتێك سەرچاوەكانی شمەك و كاڵاو كەرەستە خۆراكییەكان لەبەردەستماندا بێت باشتر كۆنترۆڵ دەكرێت.
مانگی رەمەزان بۆنەیەكی ئاینییە دوور نییە لەیادێكی كۆمەڵایەتی و نزیكبوونەوەی تاكەكانی ناوكۆمەڵ لەیەكتر و باشتركردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەنێوان تاكەكانی خێزان و كڕیارو فرۆشیارو توێژەكانی هەژارو دەوڵەمەند بەڵام بەهەڵاوسانی نرخەكان و زیانگەیاندن بەداهاتی خێزانەكان شوێنەواری خراپی كۆمەڵایەتیشی لێدەكەوێتەوە لەمبارەیەوە دكتۆر تاهیر زێباری پسپۆرو شارەزای بواری كۆمەڵناسی سەبارەت بەشوێنەوارەكانی ئەم دیاردەیە بۆسەر بواری كۆمەڵایەتی وتی: نرخ هەڵاوسان و گرانبوونی نرخ و بەهای پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆراك و پۆشاك و تەندروستی و هاتوچۆو بەهای زۆر لەپێداویستیەكانی تری ژیان بارگرانی لەسەر ئەو خێزان و هاووڵاتیانە دروست دەكات كە خاوەنی داهاتێكی دیاریكراوو كەمن، بەرادەیەك زۆرجار كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، بەو پێیەی گرفتەكانی هەژاری و كەم دەرامەتی راستە دیاردەو گرفتێكی ئابووریین بەڵام دەرهاویشتەكانی بۆسەر بواری كۆمەڵایەتی زۆر توندو كاریگەرە، مانگی رەمەزان راستە مانگێكی ئایینی و ئیسلامییە، بەڵام لەبواری كۆمەڵایەتی و نزیكبوونەوەی كەسەكان لەیەكترو زیادبوونی بەزەیی و خۆشەویستی لەناو خێزان و ئاراستەكردنی تاكەكان بەرەو كاری باشە هەمووی كاردانەوەو دەرئەنجامی كۆمەڵایەتی هەیە، بەرزبوونەوەی نرخەكان و كەوتنەوەی دیاردەی هەڵاوسان كاریگەری خراپی لەسەر خێزانەكان هەیە، لەلایەكی ترەوە بەو پێیەی هەموو سەرمایەدارێك بازرگان بێت یا فرۆشیارو بەڵێندەرو بیزنس ئامانجی بنەڕەتی بەدەستهێنانی قازانجە بەڵام كاتێك ئەم قازانجەی دەچێتە بواری قۆرخكاری و چەوساندنەوەی هاووڵاتییان و پڕكردنی گیرفانەكان لەسەر حسابی زۆرینەی هاووڵاتییانی كەم دەرامەت و خاوەن داهاتی دیاریكراو ئەو كات پێوەندی نێوان توێژەكانی ناو كۆمەڵیش بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت .
Top