هونەرمەندێكی دیاری عێراقی كۆچی دوایی كرد
دوای دوو هەفتە مانەوەی لە نەخۆشخانە, ئەمڕۆ یەك شەممە 16/5/2021 (مەی مەحروس) كە دەكاتە كچی خوالێخۆشبوو لە پۆستێكیدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی كۆچی دوایی خانمە ئەكتەری كۆمیدیا و شانۆكاری عێراقی (نادیە ئەلعێراقیە) ڕاگەیاند .
نادیە ئەلعیراقیە لە 3ی ئابی 1963 لە شاری بابل لە دایكبووە, لە تەمەنی 16ساڵیدا لە بواری ڕاگەیاند كاردەكات, لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكان ڕوودەكاتە بواری نواندن, نادیە ئەلعراقییە كە دەرچووی كۆلیژی هونەرە جوانەكانە بەشداری لە چەندین شانۆو زنجیرە درامادا كردووە .
هەروەها ساڵی 1997 ڕوو دەكاتە وڵاتی میسر و دوای هاوسەرگیریی هەر لە دەرەوەی عێراق دەمێنێتەوەو دەبێتە دایكی سێ منداڵ بە ناوەكانی(ئەدهەم - مەی - نیلی), بەڵام سەرەڕای دووركەوتنەوەی لە وڵاتەكەی ساڵی2012 توانی بەشداری لە زنجیرە درامایەكی عێراقی بكات بە هەماهەنگی كەناڵە عێراقییەكان كە لە وڵاتی میسر كاری وێنەگرتنی ئەنجامدرا, هەروەها لە ساڵی 2015 لە ئوردن بەشداری لە شانۆگەرییەكی عێراقی كرد, ئەمەش جگە لە ڕۆڵبینینی لە چەند فیلم و زنجیرە دراماو كاری هونەری تایبەت بە میسر .