ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە ... ئەحمەد سالار

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە ...  ئەحمەد سالار
هەر سپێدە بوو بە ڕێكەوتین، هێشتا وەكو تاریكی شەوگار و تەمومژی باڵایی و سەركەشی سینە و بەرۆكی چیاكانی بەرنەدابوو، هەتا زیاتر بەرەو رۆژهەڵات ببووینایەتەوە بینەراوەكان كاڵتر و روونتر ئەبوونەوە. لە رێگا، كات نزیكی چێشتهەنگاو بوو لە شارۆچكەیەك لاماندا و نانی بەیانی و قاوەڵتیمان كرد بە یەك و (ئاب گۆشت)ێكی تا بڵێی بەچێژمان خوارد، كەوتینەوەڕێ هەر شوێن و چیایەكم بەرچاویكەوتایە سەربوردەیەكمان بەیاد ئەكرد، هەرنەبوایە ئەو ناوچەیە لە دوتۆی فەرهەنگی فلۆكلۆر و گۆرانی كوردیدا.
بۆ چەند جارێ لە رێگا وچانمان بۆدا و دەمەوە زەردەپەر خۆمان كرد بە شاری (مەهاباد)دا، چوینەوە هەمان میوانخانەوە بە برادەرەكانمان شاد بووینەوە، كەوتینە باسی دەستكەوتە هونەرییەكانمان لەو سەردانەدا، كە چۆن پشتئەستووریان كردبێ بۆ بەدەستهێنانی هونەرێكی شۆڕشگێڕی.
چوینە دەرەوە بۆ پیاسەیەكی شەقامەكان، یەكێك لە دواوە بانگی كردم.
كاتێ هاتەپێشەوە ناسیمەوە و بە گەرموگوڕی چاك و چۆنیمان كرد:
: ئەز دكتۆر حوسێن بارزانیم.
: سەرچاوم دكتۆر گیان، باشن ؟
: سوپاس بۆ خوا، ئەوا بە شارەكەی خۆم بە خزم و كەس وكارم شاد بوومەوە.
: دكتۆر گیان، تۆ مهابادیت ؟
: بەڵێ، بەڵێ، ئەمشەو لەماڵی ئێمە میوانن، ئەوا ماڵمان ئا لە و كۆڵانەدا بە دەستە راستدا چوارهەمین خانووە، ئەگەر ئەشفەرموون، ئەوا برایەكم ئەنێرم بە دواتان، لە هەر شوێنێك بتانەوێ.
: سوپاس ئەوا شوێنەكەمان زانی.
:ئیدی چاوەڕوانتانم، ئێستا سەعات شەشە، سەعات هەشت زۆرباشە؟
: بەڵێ ئەمرئەكەن.
: ئەوە (ماملێ) و (شاڕوخ)یش لەوێ ئەبن، هیچتان پێویست نییە؟ لە خزمەتاندام.
خواحافیزیمان لە یەكدی كردو، برادەران پرسییان:
: چۆنی ئەناسی ؟
: برادەرمە، ئەمە دكتۆر حسین بارزانییە، كاك سەرداری برام مامۆستای ئامادەیی كشتوكاڵ بوو لە (بەكرەجۆ)، خانوویەكی لەوێ وەرگرتبوو، شوێنێكی دڵگیر و جوان بوو، حەزی كرد بەماڵەوە بچێتە بەكرەجۆ، باوكم دڵی نەشكاند و ئەو ماوەیە ماڵمان چووە ئەوێ.
سەربووردەی دكتۆر حسێن بارزانی: لە هەرەتی لاویتیدا لە كۆماری (مهاباد) ئەبێتە پێشمەرگە و لە سەركردایەتی و ئازایەتی بارزانی نەمردا نموونە باڵاكانی خەبات و كۆڵنەدان ئەبێنێنەوە و زۆر پەیوەستی ئەبێت، كاتێ كۆمارەكە ئەكەوێتە بەر شاڵاوی هێرشی دڕندانەی لەشكری (شای پەهلەوی) وكار لە كار ئەترازێ لەگەڵ بارزانی نەمر، وەك پێشمەرگەیەكی دڵ ئاگرینی بارزانی بەرەو یەكێتی (سۆڤیەت) رێدەكەوێ و لەنازی خۆشەویستی بارزانی نەمرەوە شەرەفی هەڵگرتنی لەقەبی بارزانی پێ ئەدرێ و شانازی پێوە ئەكات، هەرچۆن بارزانی مشوورخۆری هەموویان ئەبێ، یەكەمیان كوردستان و خەباتی هەمیشەیی لە گیان و بیر و دڵیاندا بڕوێنێ، دووەمیان خەمخۆری ئایندەیان، بەتایبەت خوێندن و زانست پەروەری.
بۆیە (حسێن بارزانی) سەركەوتووانە پلەكانی خوێندن تەواو ئەكات و پاش خوێندنی زانكۆ لە بواری كشتوكاڵدا، خوێندنی ئاكادیمیش تەواو ئەكات و دكتۆرا وەرئەگرێت.
پاش گەڕانەوەی بارزانی نەمر و بارزانییەكان، دكتۆر حوسێن لەگەڵ خانمە رووسییەكەیدا دێنەوە كوردستان و پاش رێككەوتننامەی مێژوویەكەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) لە كشتوكاڵی سلێمانی دائەمەزرێ و لە شارۆچكەی (بەكرەجۆ) نیشتەجێ ئەبێ، ساڵی (1974) لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشە مەزنەكەی (ئەیلول) وەك گشت بارزانی پەروەرانێك، خۆی لە چەقی شۆڕشی(مان یان نەمان)ی كوردستاندا ئەبینێتەوە، ئەو ساڵە دەرفەتی سەردانی رۆژهەڵات بۆ پێشمەرگە ئاسانكاری بۆ دێتە پێشەوە.
دكتۆر حسێن بارزانی پەرۆشی بینینەوەی خانەوادەكەی ئەبێ، رێگا ئەباتەوە سەر كوچەكەیان و ئەوسا راستەوڕاست بۆ كۆلانەكەیان، بەوەی باش ئەبێ كە چۆن بەری (29) ساڵێك بەجێیهێشتووە، وەك خۆی ماوە، بە درێژایی كۆڵانەكە چاو بەمبەر و ئەوبەریا ئەگێڕێ، لە هەر دەرگا و دیوار و تەنانەت خشتێكی ئەو ناوەدا، هەزارەها یادگاری و سەربووردە و روخسار لە زەینیا ئەورووژێ و ئەیهەژێنێ، وا ئەزانێ هەر ئەو رۆژگارەیە، پاش كەمێك رامان لە دەرگای ماڵەكە ئەدا، خانمێ بانگ ئەكات: كێیە؟
د.حسێن: ئەمنم حسێنم. ئەمە ماڵی فڵانە نییە؟
خانم: با خۆیەتی، ئەتۆ كام حسێنی؟
د.حسێن: حسێن كوڕی ئەم ماڵە.
خانم ئەیكاتە هەرا و بانگی هەموویان ئەكات: دایكە، باوكە، خوشك و براكانم، كاكە حسێن هاتۆتەوە.
لە دەنگە دەنگ و هەرا و هوریا و گریان و قاقای پێكەنین و دەستەملانێ و ماچ كردندا، گەڕەك بە ئاگا دێ، یەك بە یەكی خوشك و برا و دایك و باوك و خوشكەزاو برازا و ئەوەی لەو دەمەدا لە ماڵ ئەبن ماچ ئەكات، لە چەقی حەوشەكەدا بۆ ماوەیەك ئەوق ئەبێ و پاشان بە دەم هەنەسكەوە لە ورد و درشتی ئەڕوانی، دارمێو و ئینجانە گوڵەكان.
ئەو شەوە بە بۆنەی ئەو شادییەوە ئاهەنگ ئەگێڕێ، بۆیە هەر بە یادی جارانەوە، (ماملێ) و (شاروخ) و چەند لە ئازیزان و یاران ئاهەنگگێڕ ئەبن، ئەو شەوی ئێمە بووینە میوانیان، شەوی سێیەم بوو.
لە وچانێكدا (دكتۆر حسێن) هاتە لامەوە و ئاماژەی بۆ پیرێكی رووپیاوانەی بەساڵاچووی چاوان كز كرد و وتی: ئەوە باوكمە، بڕوا ئەكەی بەری دوومانگ هەڤاڵێك لە خەستەخانەكەی شاری (سەردەشت) نەشتەرگەری بۆ كرابوو، چووم سەردانم كرد، لەو قاوشەدا كە هەڤاڵەكەمی لێ راكشابوو، ئەم پیرەمێردەش لەوێ كەوتبوو، سەرنجم ئەدا، بەڵام نەمئەزانی ئەوە باوكمە، كاتێ بەجێمهێشتبوو پێشمەرگەیەكی گەنجی جەربەزەی تێكسمراو بوو، بریسك و باقی دیدەكانی ئەتگوت گزنگی خۆری بەیانیانی هاوینە، دیارە باوكی هەرچەندە گوێی كز بوو، بەڵام ئەیزانی باسی ئەو ئەكات، بۆیە بەدڵ گوێی لە قسەكانی گرتبوو، بۆیە خەندەیەكی بۆ كردین و فەرمووی ئەمە قەدەری ئێمەی كوردە، بەڵام سوپاس بۆ خوا و بۆ شۆڕشی (مەلامستەفای بارزانی) كە بە یەكی شاد و شكۆ كردینەوە.
ئەوەی لە یادگارەكانی ئەو شەوەی لە زەینما هەر ئەژی ئەو چركەیەی (ماملێ) بوو، كە جاروبار (شاڕوخ) وەرامی ئەدایەوە:
((گا دەگریم، گا دەسوتێم غەرقی ئاو و ئاورم
ئاخ لەبەر بەختی سیا نازانم ئەز بۆچ نامرم
هەركە دەتبینم دەڵێی تۆ شەمع منیش پەروانەتم
تا سەراپا نەبمە كۆی زووخالأ قەت ئارام ناگرم))
Top