شۆرشڤان صدیق شڕۆ: پێویستە لە كلیپدا تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگای كوردی لەبەرچاو بگیرێت

شۆرشڤان صدیق شڕۆ: پێویستە لە كلیپدا تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگای كوردی لەبەرچاو بگیرێت
سەرەڕای ئەوەی كەسانێك رەخنە لە هەندێك كلیپی كوردی دەگرن بەوەی كە لە ئاستی پێویست نییە و لەرووی سیناریۆە كەموكوڕی زۆری تێدایە و ناوەڕۆكی گۆرانییەكە و كلیپەكە لە یەكتر دوورن، تەنانەت بەشێك لە رەخنەگران پێیانوایە هەندێك لە دەرهێنەرانی كلیپ لاسایی هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكان دەكەنەوە و پشت بە وروژاندن و نمایش كردنی ئافرەتان دەبەستن بۆ سەركەوتنی كلیپەكانیان، بەڵام بەشێك لە دەرهێنەرە كوردەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان و ئەگەر كارەكانیان بە لەبەرچاوگرتنی تەكنیك و تەكنۆلۆژیا لەگەڵ كلیپە بیانییەكان بەراورد بكەین هیچی لەوان كەمتر نییە ئەگەر باشتر نەبێت، یەكێك لەو لاوە سەركەوتووانە لە بواری كلیپ شۆڕشڤان صدیق شڕۆیە كە تا ئێستا كاری بۆ ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندە كوردەكان كردووە و كارەكانیشی لە ئاستێكی بەرزدان.
سەركەوتنی هەر كلیپێك بەندە بە دانانی سیناریۆیەك كە لەگەڵ ناوەڕۆكی تێكستەكەدا بگونجێت لە هەمان كاتدا نواندنێكی سەركەوتوو لەلایەن خودی گۆرانیبێژەكە یاخود كەسێكی تر كە رۆڵی دەبێت لە كلیپەكە، لەم بارەیەوە شۆڕشڤان دەڵێ: هەر دەرهێنەرێك دەزانێت چ پێویستە بۆ ئەو كلیپەی كاری تێدا دەكات دوای ئەوەی گوێی لە ئاوازەكەی دەبێت و لە ناوەڕۆكی تێكستەكە دەگات، هەموو دەرهێنەرێك حەز دەكات كلیپەكەی لەو پەڕی باشیدا بێت و ئەگەر ئامۆژگاری یان رێنماییەكیش بە ئەكتەر یان گۆرانیبێژەكە بدات ئەوا بۆ سەركەوتنی كارەكەیە.
یەكێك لە مەرجە گرنگەكانی هەر كلیپێك ئەوەیە كە بۆ كۆمەڵگا گونجاو بێت و بە هیچ شێوەیەك نابی سنوورەكان ببەزێنێت، سەبارەت بەم بابەتە شۆڕشڤان دەڵێ: كۆمەڵگای كوردەواری چەند دابونەریتێكی تایبەتی هەیە كە پێویستە لە هەر كارێكی هونەریدا لەبەرچاو بگیرێت، بۆیە من پێموایە لە هەموو كارێكی هونەری كوردیدا پێویست دوو شت رەچاو بكرێ كە بە لای منەوە زۆر گرنگن، یەكەمیان: هەست و سۆزی كۆمەڵگای كوردی زۆر گرنگە، چونكە ئێمە كار بۆ كۆمەڵگای خۆمان دەكەین، دووەمیشیان زۆر حەز لە نوێ بوونەوە دەكەم كە پێموایە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ هونەری كوردی، بەڵام نابێ هیچیان لەسەر حیسابی ئەویتریان بێت، هەروەها من هەوڵ دەدەم ئەو شتانە لە كلیپەكانمدا نیشان بدەم كە زیاتر پێی بناسرێت، بۆ نموونە جلوبەرگی كوردی شان بە شانی شتی نوێ لە كلیپەكانمدا رەنگ دەدەنەوە.
دەرهێنانیش وەك هەر بوارێكی دیكەی هونەری ستایلی تایبەتی بە خۆی هەیە و هەر دەرهێنەرێكی بە شێوازێك ناسراوە سەبارەت بەم خاڵە گرنگە شۆڕشڤان دەڵێ: هەر كەسێك لە دید و تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە دەڕوانێتە كارە هونەرییەكانی خۆی و بە شێوەیەكی جیاواز خوێندنەوەی بۆیان هەیە، من هەر كارێك بیكەم بە قەناعەتەوە دەیكەم كە ستایلی تایبەت بە خۆمە لە بواری دەرهێنان، هەر كارێكیش تایبەتمەندێتی خۆی هەیە لەوانە سیناریۆ، مۆنتاژ و هەڵبژاردنی شوێنی كار، كە من پێموایە هەموویان گرنگن و بە یەكەوە گرێدراون بۆ سەركەوتنی هەر كلیپێك، بەڵام بە شێوەیەكی سروشتی چاوی مرۆڤ حەز لە بینینی شتی جوان و رەنگاورەنگ دەكات، تێكەڵاوی ئەم رەنگانە لەگەڵ جووڵەی بەردەوام بەشداری دەكەن لە رەخساندنی جیهانێكی خۆش و تازە بۆ چاو و مێشك و دەبێتە هۆی راكێشانی سەرنجی بینەر، هەروەها من خۆم باكگراوەند هەڵدەبژێرم بۆیە زۆر پێویستم بە بەكارهێنانی كرۆما نییە.
سەبارەت بەو تایبەتمەندیانەی كە پێویستە لە دەرهێنەری كلیپدا هەبێت شۆڕشڤان پێیوایە دەرهێنەر بە گشتی پێویستە لە چەند لایەنێكی هونەری شارەزا بێ، من لە یەك كاتدا شێوەكارك، موزیكژەنم، هەروەها وێنەگریشم، پێویستە ئەم سێیە بە یەكەوە لە یەك كاتدا بەكاربهێنم و بە باشترین شێوە نیشانیان بدەم، چونكە جیهانی من لەو هونەرانە پێكدێت.
شۆڕشڤان لە خێزانێكی رۆشنبیر پەروەردە بووە، سەبارەت بە كاریگەری باوكی لەسەری لە بواری هونەریدا دەڵێ:
بێگومان باوك كاریگەریی لەسەر رۆڵەكانی هەیە لەو كارەی پێشكەشی دەكەن، بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت كە ژینگەی دەوروبەریش كاریگەریی بەسەر مرۆڤەوە لە هەمان كاتدا هەوڵدانی هەر كەسێك بۆ دەرخستنی ئەو توانا و بەهرەی كە كەسەكە هەیەتی و هەوڵدان بۆ پێشخستنی خۆی و پەرەپێدانی تواناكانی رۆڵێكی زۆر خودی مرۆڤەكەش لە بوارێكی دیاریكراو هەیەتی ناكرێ فەرامۆش بكرێ، بۆی روو كردنم بۆ بواری دەرهێنان شتێكی سەیر نییە.
Top