وەسەن ئیسماعیل: نوێكردنەوەی گۆرانییە كۆنەكان كارێكی پێویستە

وەسەن ئیسماعیل:  نوێكردنەوەی گۆرانییە كۆنەكان كارێكی پێویستە
لە رۆژئاوای كوردستان چەند ئافرەتی بە توانا لە بواری گۆرانی و موزیكدا دەركەوتوون كە توانیویانە بوونی خۆیان بسەلمێنن و خزمەتێكی بەرچاو بە هونەری كوردی بكەن، وەسەن ئیسماعیل كە خەڵكی قامیشلۆیە و ئێستا لە شاری ئەستەنبول دەژی یەكێكە لەوانە، بۆیە لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەریت چۆ ن بوو؟
- من لە گوندێكی شاری قامیشلۆ بە ناوی فارقین هاتوومەتە دنیاوە، هەرچەندە من لە خانەوادەیەكی موحافیزكار بووك زۆر جار شەوان هونەرمەندان لە ماڵی ئێمە كۆدەبوونەوە و گۆرانییان دەوت، هەروەها مام و باوكم و براكانم لەگەڵیان گۆرانییان دەوت، ئەمە وایكرد خۆشەویستیم بۆ كاری هونەری زیاتر بێت بەتایبەتی گۆرانی و نواندن، پێشتر لە خانەوادەی ئێمە هیچ ئافرەتێك گۆرانی نەوتبوو، من ویستم ئەم رێچكەیە بشكێنم وبۆ من هیچ جیاوازییەكیان نییە نواندن و گۆرانی وتن، ئاواتی من ئەوەیە ئافرەتی كورد لە هەموو بوارەكانی ژیانی پێش بكەوێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت، چونكە لە زۆر بوارد بوونی ئافرەت وەكو پێویست نییە بەتایبەت لە بواری هونەریدا .
* ئەم رێچكە شكاندنە زەحمەت نەبوو؟
- بێگومان زەحمەت بوو، چونكە مامم مەلای گوند بوو تەنانەت دژی ئەوە بوو باوكیشم گۆرانی بڵێ، بۆیە منیش دووچاری رەخنەی زۆر بوومەوە، بەڵام برا گەورەكەم و باوكم دژی من نەوەستایەوە و تا راددەیەك هاوكارییان كردم، من زیاتر ئارەزووم لە بواری نواندن بوو، بەڵام باوكم وتی من لە بواری گۆرانی وتن هاوكاریت دەكەم، بەڵام نابی خوێندنت پشتگوێ بخەی و حەز دەكەم خەڵك بڵێ دەنگی خۆشە و خوێندنیشی تەواو كردووە و حەزیش دەكەم خوێندن لە بواری یاسا تەواو بكەی، من دوو ساڵ لە شام لە كۆلێژی یاسام خوێند دواتر لە ساڵی 2012 بە هۆی رووداوەكانی سوریا ئێمە ناچار بووین وڵاتی خۆمان جێ بهێڵین و روومان كردە توركیا.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت تۆ زیاتر گۆرانییەكانی هونەرمەندی نەمر ئەردەوان زاخۆیی دووبارە دەكەیەوە، هۆكاری ئەمە چییە؟
- ئەردەوان زاخۆیی یەكێكە لە هونەرمەندە هەرە گەورەكانی كورد كە پێویستە هەموو كوردێك شانازیی پێوە بكات، خۆشەویستی من بۆ ئەردەوان زاخۆیی وەك هونەرمەند و كەسایەتی بێ سنوورە، چونكە ئەو كەسێكی نیشتمانپەروەر بوو بە سەر بەرزییەوە خەباتی لەپێناو هێنانەدیی مافەكانی گەلەكەی كردووە ژیانی ئەردەوان و چۆنیەتی شەهید كردنی و نەدۆزینەوەی لاشەكەی منی لە ناخەوە ئازار داوە، من هەر لە مناڵییەوە گوێم لە گۆرانییەكانی دەگرت و لەرووی هونەرییەوە لەسەر دەنگی نەمران ئەردەوان و محەمەد شێخۆ پەروەردە بووم.
* بۆچی تا ئێستا سەردانی هەرێمی كوردستانت نەكردووە؟
- بەداخەوە تا ئێستا بە هۆی كاری بەردەوام لە ئەستەنبول و سەرقاڵ بوونم بە كاری هونەری و ژیانی رۆژانەی خۆم لەگەڵ خانەوادەكەم، ئەو دەرفەتەم بۆ نەرەخساوە هەرچەندە من زۆر حەز دەكەم لە نێو كەس وكاری خۆم لە كوردستانی ئازاد گۆرانی بڵێم و یەكێك لە ئاواتەكانم بێتە دی كە بریتییە لە سەردانی كردنی ماڵی هونەرمەندانی نەمر ئەردەوان و ئەیاز زاخۆیی.
* جگە لە زمانی كوردی بە هیچ زمانێكی دیكە گۆرانی دەڵێی؟
- بەڵێ بە زمانی عەرەبی و توركیش گۆرانی دەڵێم، بۆ درێژەپێدان بە كاری هونەری گرووپێكی هونەریمان لە ئەستەنبول دامەزراندووە، ئێستا لە رێگای ئەم گرووپە سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنین بۆ وتنی چەند گۆرانییەك بە زمانی عەرەبی و توركی.
* بەردەوام لە رۆژئاوای كوردستان هونەرمەندی گەورە بە درێژایی مێژوو هەڵكەوتوون و ئێستاش بەردەوامن، لەوانەش بەشێكیان ئافرەتی هونەرمەندی بە توانان، سەبارەت بە ئاستی ئافرەت هونەرمەندەكانی رۆژئاوای كوردستان چی دەڵێی؟
- بێگومان ئێمە ئافرەتی زۆر بە توانامان هەیە لە رۆژئاوای كوردستان كە توانیویانە بەشێوەیەكی زۆر باش خزمەت بە هونەری كوردی بكەن تەنیا لەو پارچەیەی كوردستان بەڵكو لە پارچەكانی تریش، بەڵام بەداخەوە بە هیچ شێوەیەك هاوكاری ناكرێن بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە كاروانی هونەری خۆیان بدەن، ئەم هونەرمەندانە پێویستیان بە پاڵپشتییەكی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی بوونی خۆی بسەلمێنن.
* ئێستا كورد لە هەموو روویەكەوە لە خەباتێكی بێوچاندایە بۆ پاراستنی كەلتووری رەسەنی خۆیان لە هەمان كاتدا خاوەن چەندین زاراوەیە، ئایا زۆری ئەم شێوەزارانە كاریگەریی سلبی یان ئیجابی هەیە لەسەر پێشخستنی هونەری كوردی؟
- بە ڕای من بوونی شێوەزاری زۆر نیشانەی دەوڵەمەندی زمان و كەلتوورە و كاریگەرییەكی زۆر باشی دەبێت بۆ پێشخستنی هونەر، پێویستە هونەرمەندانی كورد هەوڵ بدات بەم شێوەزارە جیاوازانە گۆرانی بڵێ و خۆی نەبەستێتەوە بە شێوەزارێكی دیاریكراو، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی نزیك بوونەوەی زیاتری میللەتی كورد و ئاشنابوونیان بە كەلتووری دەوڵەمەندی خۆیان، من خۆم هەوڵمداوە و شانازیش بەوەوە دەكەم كە شێوەزارە جیاجیاكان گۆرانی بڵێم.
* تۆ هیچ بەرنامەیەكت هەیە بۆ وتنی گۆرانییەك بە شێوەزاری سۆرانی بۆ نموونە؟
- بەڵێ گۆرانییەكی زۆر خۆش هەیە كە من هونەرمەندی گەورە عەدنان كەریم گوێم لێبووە ئەویش گۆرانی (ئەی شەمی شەمان) كە لە بنەڕەتدا هونەرمەندی نەمر (عەلی مەردان) وتوویەتی، زۆر حەز دەكەم ئەم گۆرانییە نوێ بكەمەوە بە شێوەیەكی نوێ.
* رات بەرامبەر بە كلیپە كوردییەكان چییە؟
- دیارە هەر هونەرمەندێك بەو شێوەیەی ئەو پێیخۆشە و ئەو ستایلەی پێی باشە كلیپ تۆمار دەكات، بۆیە من ناتوانم بڵێم هەموویان سەركەوتوون یان سەركەوتوو نین، چونكە هەندێكیان لە ئاستێكی زۆر بەرز و پرۆفیشناڵیدان، بێگومان هەندێكیشیان ئاستیان زۆر نزمە.
* زۆر لە هونەرمەندان كە تۆش یەكێكی لەوانە، گۆرانییە كۆنەكان نوێ دەكەنەوە، چی دەڵێی بۆ ئەمە؟
- بە كارێكی زۆر باش و پێویستی دەزانم، بەتایبەتی بۆ ئەوەی بەرهەمە كۆنەكانمان بە زیندوویی بمێننەوە، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد، چونكە لەوانەیە كوردێكی رۆژهەڵات ئاشنای بەرهەمێكی هونەرمەندی نەمر محەمەد شێخۆ نەبێت، بەڵام كە دووبارە دەكرێتەوە گۆرانییەكە دووبارە زیندوو دەبێتەوە، من كە گۆرانییەكی ئەردەوان زاخۆییم گوت زۆر كەس پێیانوابو ئەمە گۆرانی منە.
Top