بەیتۆ جان: تا وڵاتمان چوار پارچە بێت، هونەریش پارچە دەبێت

بەیتۆ جان: تا وڵاتمان چوار پارچە بێت، هونەریش پارچە دەبێت
لە خانەوادەیەكەوە هاتە نێو بواری گۆرانی كوردی كە شێخ و خاوەن مورید بوون ئەمەش كارێكی سەخت بوو لە هەمانكاتدا شكاندنی رێچكەیەك بوو لەكاتێكی زۆر زەحمەتدا تەنانەت گۆرانی گوتن تێیدا بە حەرام وەسف دەكرا، بەیتۆ جان سەرەڕای ئەمەش توانی سەركەوتوو بێ و بە گۆرانی و ستایلە تایبەتیەكەی خزمەتێكی باش بە هونەری كوردی بكات بەجۆرێك زۆر لە هونەرمەندەكانی كورد لە هەموو پارچەكان ئێستاش گۆرانییەكانی دووبارە دەڵێنەوە.
سەبارەت بە سەرەتاكانی هاتنە نێو بواری هونەری بەیتۆجان دەڵێ لە ساڵی 1955 هاتومەتە دنیا، بەهۆی ئەوەی باوكم شێخ بوو كە چوو بۆ حەج لەوكاتە ناوی منی كردە بەیتوڵڵا، تاوەكو ئەو لە ژیان مابوو من هەر بەیتۆڵڵا بووم، دوای مردنی بووم بە بەیتۆجان .
هاتنم بۆ نێو بواری هونەری كارێكی ئاسان نەبوو، چونكە من كە لە بنەماڵەی شێخ بووم هەر شتێك كە پەیوەندی بە هونەرەوە هەبوایە بە حەڕام ناو دەبردرا و قەدەغەكرابوو، بەڵام ئەو خۆشەویستییە زۆرەی نیشتمان- خاكی ووڵات وایكرد كەوا ئەگەر چی ئاستەمیش بوو رێگر نەبوو لەوەی بێمە نێوبوارەكە.
ستایلی بەیتۆ جان تا راددەیەك تایبەتە لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەم ستایلەی من كە زیاتر بە ستایلێكی لەسەر خۆ ناسراوە جۆرە تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە بۆ خودی خۆم، لەم جۆرە ستایلەی خۆمدا دەتوانم بە ئامێری موسیقییەوە گۆرانی بڵێم لە هەمان كاتدا بەبێ ئامێریش دەتوانم كارەكەی خۆم پێشكەش بكەم.
سەبارەت بە تێكەڵ كردنی هونەری بە هونەری هەریەكە لە عەرەب و تورك و فارس بوو لە هەموو پارچەكانی كوردستان و كاریگەرییەكانی لەسەر هونەری كوردی هونەرمەند بەیتۆجان دەڵێ: زۆر جار وتوومە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە من هیچ كات لەگەڵ ئەوە دانیم كەوا هونەری كوردی تێكەڵ بە هونەری نەتەوەكانی تر بێت، چونكە هەر میللەت و وڵاتێك بە هونەری خۆیەوە ناسراوە، بەوە جیا دەكرێتەوە، كە هونەرەكەیان هەندێك خاسییەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام كاتێك تێكەڵ بە هونەری تر دەكرێت وایلێ دێ میللەتی كورد هونەری نییە، من دەڵێم هەر هونەرمەندێك دەبێت سەرەتا بتوانێت گۆرانی بە زمانی دایك بلێت، ئینجا ئەگەر بیەوێت بە زمانی تر گۆرانی بڵێت، هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەشدانیم كەوا بە زمانی بیانی گۆرانی بگوترێت، چونكە هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە بە تەواوی ئازاد بین چۆن دەچین كاری لەمجۆرە بكەین، بەڵام بەداخەوە زۆر كەس ئێستا هەن گۆرانی بە زمانی بیانی دەڵێن و خۆشیان شانازی پێوە دەكەن.
سەبارەت بە خزمەت كردن و پاراستنی هونەری رەسەنی كوردی بەیتۆ جان پێیوایە تا كوردستان نەبێتە یەك وڵاتی سەربەخۆ هونەریشی پارچە پارچە دەبێت و دەڵێت:
ئەگەر سەیری هونەری هەر چوار پارچە و ئەوروپاش بكەین هەر یەكەیان ستایلێكی تایبەتی خۆی هەیە لە خزمەت كردن، بە هونەری كوردی و من دەڵێم تا كوردستان چوار پارچە هەبێت هونەریش چوار پارچە دەبێت. رەنگە زۆر جار گلەیی بكرێت لە هونەرمەندانی باشوور من گلەییەكان بە گونجاو دەزانم، چونكە ئێمەی چینی هونەرمەند هیچ كات نابێت تەنیا سەیری دەوروپشتی خۆمان بكەین تەنیا نزیك بین بین، بەڵكو دەبێت ئێمە دووریش ببینین، بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببینە خەمخۆری میللەتەكەمان، بۆ ئەوەی خەڵكی خۆمانیش رەخنەمان لێ نەگرێت و بە خراپی باسمان بكەن، بەڵام دەبێت هەوڵبدرێت بەتایبەتی هونەرمەندانی ئەم پارچەیە كە پارچەیەكی ئازادە و بە ئازادانە دەتوانی هەر كارێك بكەن بۆ ئەوەی پارچەكانی تریش هەست بەوە بكەن كەوا لەم پارچەیەی ئازاد خەمەكانیان دەزانرێت.
سەبارەت بە ئەشكەنجەدان و ئازاردانی هونەرمەندانی كورد تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی كوردی گۆرانییان وتووە دەڵێ: لە نەورۆزی ساڵی 1986 بۆ ماوەیەك چەند ساڵێك زیندانی كراوم تەنیا لەبەر بە زمانی كوردی گۆرانیم گوتووە، ئەشكەنجە و ئازاردان لەسەر وڵات هۆكارێكە بۆ لە دایك بوونی چەندان شت، وادەكات كارێك ئامادە و پێشكەش بكەی كە واقعی بارودۆخی خۆت و وڵاتی خۆت بۆ روون ببێتەوە، بەڵام ئێمە لەسەر خەباتی خۆمان هەر بەردەوام دەبین.
بەیتۆ جان پێیوایە هیچ هونەرمەندێك بە تەنیا ناتوانێت خزمەت بە هونەری كوردی بكات و دەڵێت: من بە تاوانی دەزانم كاتێك هونەرمەندێك دەڵێت تەنیا من، بە كاركردنی چەند هونەرمەندێك پێكەوە بەشێوەی كۆم من پێم وایە دەتوانرێت كارێكی جوان پێشكەش بكرێت، بەڵام ئەگەر بێت و هەر یەكە و لەلای خۆی ئەو كارە بكات رەنگە نەتوانێت سەد لە سەد سەركەووتوو بێت.
گۆرانی(ئاگر كەتییە دلێ من) كە یەكێكە لە گۆرانییە ناسراوەكانی وتا ئێستا چەندین هونەرمەند ئەو گۆرانییەیان گووتووەتەوە، سەبارەت بە نهێنی سەركەوتنی ئەم گۆرانییە دەڵێ: میلۆدی ئەم گۆرانییە هی خۆم نییە، پێشتر بیستبووم شتێكی زۆر خۆش بوو لەلام، منیش وشەم لەسەر ئەم میلۆدیە دانا و كاریگەری گۆرانییەكە بەسەر منەوە وایكرد كەوا شتێكی جوان و پوختی لێ دەربچێت و بە ئاسانی بچێتە ناو ناخی مرۆڤەوە، بە بڕوای من ئەم ئاسان چوونە نێو ناخی مرۆڤە وایكرد كەوا زیاتر لە (32) هونەرمەند ئەو گۆرانییە بڵێنەوە زۆرێكیان تەلەفۆنیان بۆ كردم كەوا دەیانەوێ ئەو گۆرانییە بڵێنەوە، بەڵام هەبووە پرسیاری لێ نەكردووم.
Top