سۆلین دڵپاك: سینەما و شانۆ لای من جیاوازی نییە، گرنگ ئەوەیە ئەكتەر چۆن پەیامەكە بە بینەر بگەیەنێت
• كار كردنت لەگەڵ مامۆستا كامەران رەئوف چۆن دەبینی؟
- بێگومان من سوودی زۆرم لە كاركردن لەگەڵی بینی و زۆر شتی لێوە فێربووم، چونكە تا راددەیەك كارەكانی قورسن، بەتایبەتی ئەو شانۆگەرییە بەم دواییە نمایشمان كرد، شانۆگەری (فانیا) دەقێكی چیخۆفە و یەكێكە لە دەقە شانۆییە هەرە ئاڵۆزەكان، لەبەر ئەوەش دەڵێم قورس بوو، چونكە ماوەی شەش مانگ پرۆڤەمان ئەنجامدا ئینجا پێشكەشمان كرد و هیوادارم ئەدی ئێمە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی كە كاك كامەران داوای لێكردبووین.
• وەك خۆت باست كرد ماوەی شەش مانگ خەریكی خۆئامادەكردن و پرۆڤە بوون، ئەدای گشت ئەكتەرەكان زۆر جوان و لە ئاستێكی بەرزدا بوو، ئەمە دەرەنجامی ئەم ماندووبوونەی ئێوە بوو یاخود سووربوونی مامۆستا كامەران لەسەر پێشكەش كردنی ئەدایەكی باش؟
- شانۆ كارێكی دەستەجەمعییە و سەركەوتنی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە بەشداری تێدا دەكەن، خۆم دەبێ هەوڵ بدەم و ئەگەر ئەمە نەكەم كەس ناتوانێ تواناكانم ببینێ، بۆ نموونە كە من ماندوو نەكەم كاك كامەران چۆن دەزانێت سۆلین توانایەك لە ناخیدا هەیە و دەتوانی دەریبخات، سەرەڕای ئەمەش كاكە كامەران لەگەڵ هەموومان زۆر ماندوو بوو ئەمەش لە پێناو سەركەوتنی كارەكە بوو بە پلەی یەك.
• هەڵبژاردنی تۆ بۆ بینینی ئەم رۆڵە چۆن بوو؟
- كاك كامەران دەستپێشخەری كرد و پێی وتم بە نیازم دەقێك پێشكەش بكەم و تۆم هەڵبژاردووە بۆ كاراكتەری هیلینا، هەرچەندە كە سەرەتا دەقەكەی پێشكەش كردم و خوێندمەوە بە پێچەوانەوە حەزم لە كاراكتەری سۆنیا بوو، بەڵام كە دەقەكەم چەند جارێك خوێندەوە تەركیزم خستە سەر هیلینا و هەستم كرد من زیاتر لە هیلینا خۆم دەدۆزمەوە، سوپاس بۆ خوا بە هەوڵی هەموو توانیم لەم كاراكتەرەدا سەركەوتوو بم.
• لە چەند شوێن نمایش كرا؟
- جگە لە سلێمانی لە شاری هەولێر نمایش كرا، هەروەها لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە شاری سەقز نمایش كرا.
• بینەری كورد پێویستی زیاتر بە چ جۆرە دەقێكە، مەبەستم لە دەقی خۆماڵی یان ئەو دەقە بیانیانەی كە وەردەگیڕین بۆ سەر زمانی كوردی؟
- بە بڕوای من ئەمە دەكەوێتە سەر رای بینەر كە ئەوانیش رای جیاوازیان هەیە ناكرێ لەمەدا بینەر هەموو یەك رای هەبێت و حەز لە یەك جۆرە دەقی شانۆیی بكات، بۆ نموونە بینەر هەیە حەز لە دقی كۆمیدی دەكات، بینەر هەیە حەز لە دەقی رووسی دەكات، هەیە دەقی ئەوروپی لەلا پەسەندە، بۆیە دەبێ ئەكتەر زیاتر تەركیز لەسەر نواندنەكەی بكات و لە رێگای نواندن بە تایبەتی و تەواوی كارەكە بە گشتی بتوانێت چێژی لێ وەربگرێت، چونكە دەقی بیانی بێت یان خۆماڵی بۆ كاراكتەرەكان جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت.
• ئەگەر سەبارەت بە سینەما بدوێین لە ئێستادا بەتایبەتی لەو بارودۆخەی كە وڵاتمان پێیدا تێپەڕ دەبێت لە شەڕ و قەیرانی ئابووری، بینەری كوردی و سینەمای كوردی پێویستییان بە چی هەیە؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە وەك ئەكتەر هەر یەكمان كە كارێك ئەنجام دەدەین پێویستمان بە لایەنی ماددی هەیە، ئەمەش هۆكار و یارمەتیدەرێكی سەرەكییە بۆ بەردەوام لە كاری هونەری، بەڵام ئێمەی هونەرمەند مادام رێگای هونەرمان گرتووە و تواناكانی خۆمان لە پێناویدا خستۆتە گەڕ پێویستە گوێ بەم شتانە نەدەین، دەبێ لە رێگای هونەرەوە بە هەموو لایەك بڵێین ئێمەی هونەرمەند جیاوازین لەگەڵ خەڵكی ئاسایی، ئەگەر وڵات بە هەر بارودۆخێكی سەخت و ناخۆشی وەك قەیرانی ئابووری و شەڕ تێپەرێت ئێمە دەتوانین ئارامی بە بینەر ببەخشین و بتوانین بەردەوام بین لەو كارە، بێگومان ئێستا سینەما پێویستی بە ئەكتەر و كەسانێكە كە نەهێڵن سینەما بمرێت لە هەر بارودۆخێكدا بێت و رۆژ بە رۆژ زیندوو و تازەی بكەنەوە.
• كاری خۆبەخشی سینەماكاران تا چەند دەتوانێت سینەمای كوردی بە زیندوویی بهێڵێتەوە لەو بارودۆخە سەختەدا؟
- نەك لە سینەما بەڵكو لە هەموو بوارەكانی دیكەی هونەر كاریگەریی دەبێت لە هێشتنەوەی بە زیندوویی، بۆ نموونە ئێمە لە شانۆیی (فانیا)دا نزیكەی شەش مانگ بە خۆڕایی پرۆڤەمان كرد ئەمەش جێگای خۆشحاڵی و سەربەرزییە بۆ من و شانازیش بەوە دەكەم كە بە خۆبەخش لەو شانۆییەدا كارم كردووە، چونكە ئێمە تەنیا بۆ ماددە كار ناكەین، بەڵكو زیاتر بیر لەوە دەكەینەوە كە بتوانین كارێكی جوان وسەركەوتوو پێشكەش بكەین.
• جاران رۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارەكانی هونەردا لاواز بووە، بەڵام ئێستا ئافرەتی كورد ئەو كۆت و بەندانەی هەموو بڕیوە و لە هەموو بوارێكدا بوونی خۆی بە هێز وسەركەوتوو سەلماندووە، بەڵام ئایا توانیویەتی پێگە و شوێنی خۆی لە نێو هونەری كوردیدا وەكو پێویست بكاتەوە؟
- بە دڵنیاییەوە ئافرەت قۆناغی زۆری بڕیوە، ئێمە دەزانین جاران ئافرەت نەیتوانیوە بچێتە سەر تەختەی شانۆ یان زۆر كەم بووە، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئافرەت بە ئازادی روو لە بواری هونەر دەكات و بە جورئەتەوە ئەو بوارە هەڵدەبژێرێت كە حەزی لێدەكات و دەرگاكان لە بەردەمیان كراوەتەوە، هیوادارم دەرگاكان زیاتر بەرووی ئافرەتدا بكرێنەوە، چونكە كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ئافرەتی زیاتر هەیە لە بواری هونەر هەچەندە ئێستاش زۆرن.
• هەندێك لە ئەكتەران لە هەردوو بواری شانۆ و سینەما و درامادا كار دەكەن، تۆ ئەمە چۆن دەبینی؟
- بۆ من ئاساییە كە لە هەرسێ بوارەكەدا كار بكەم، چونكە شانۆ و سینەما و دراما هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، لە شانۆدا ئەكتەر راستەوخۆ رووبەرووی جەماوەر دەبێت، بەڵام لە فیلمدا حاڵەتەكە بەو شێوەیە نییە، بە گشتی نواندن هەر نواندنە و سەركەوتن تێیدا دەكەوێتە سەر توانا ئەو ئەكتەرە كە كاراكتەرەكە بەرجەستە دەكات و تا چەند دەتوانێت ئەو پەیامەی كە دەرهێنەر یان نووسەر دەیەوێ بیگەیەنێتە بینەر لە رێگای نواندنەكەیەوە.
• تۆ وەك سۆلین لە كامیان زیاتر خۆت دەدۆزییەوە؟
- بە حوكمی ئەوەی چەندین ساڵە لە هەرسێ بوارەكەدا كارم كردووە بۆ من جیاوازی نییە بۆیە هەریەكیانم بە شێوازێكی تایبەت بە خۆی خۆش دەوێ و هیچیان بۆ من جیاوازی نییە و ئەگەر سێ بژاردەم بدەنە دەست هەرسێكیان هەڵدەبژێرم.