عەهدی صادق: ئێستا پێمان دەڵێن هونەرمەندانی مۆدێلی كۆن
صەفا عەبدولرازق / قاهیرە
• نهێنی بەشدار كردنت لە شانۆگەری (لە دڵەوە بۆ دڵ) چی بوو كە ئێستا نمایش دەكرێت؟
- هەڵبژاردنی ئەم شانۆگەرییە و لەم كاتەدا كارێكی ئەنقەست بوو ئەنجاممدا، چونكە كاتێك روشدی ئەلشامیی دەرهێنەر سەبارەت بەم شانۆگەرییە قسەی لەگەڵ كردن یەكسەر رازی بووم بێ ئەوەی دەقەكەش بخوێنمەوە، چونكە بە لای منەوە دەقەكانی مامۆستان فوئاد حەداد پێویستییان بە خوێندنەوە نییە، هەروەها یەكێكە لەو شاعیرانەی ك من پەیوەندییەكی بەهێزم لەگەڵیان هەیە وەك مامۆستایان سەڵاح شاهین و ئەحمەد نەجم.
جەماوەر لەلایان زۆر سەیر بوو كەسێكی وەكو من كە زیاتر لە 40 ساڵە لە بواری نواندن كار دەكات رازی بێت بەشداری لە دیمەنێكی بچووكی شانۆگەرییەدا بكات كە ماوەكەی ناگاتە دوو خولەك، بەڵام ممن زۆر خۆشحاڵم بەو بەشداری كردنە.
• پەیامی شانۆگەری (لە دڵەوە بۆ دڵ) چییە؟
- شانۆ بە گشتی رۆڵێ وشیار كردنەوەی هەیە، هەروەها رۆڵی هەیە لە پێشكەش كردنی ژەمێكی بێوێنە نەك تەنیا كاری پێكەنین و زەردەخەنە خستنە سەر رووخساری بینەر، من لە لایەنگرانی ئەو شانۆگەرییەم كە بەهایەكی هونەری هەبێت و پەیامێك پێشكەش بكات كە رێز لە جەماوەر بگرێت نەك بە پێچەوانەوە، هەموو كارێكی هونەریش بەشێوەیەكی سەرەكی گرنگی بە موخاتەبەی مرۆڤ دەكات، چونكە هەوڵ دەدات جۆرێك لە خۆشەویستی و پەیوەندی سۆزداری لە ئاستێكی بەرزدا بخولقێنێت، هەروەها هەوڵ دەدات چۆن مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا بكات، لە لایەكی دیكەوە بیرۆكەی هێنانەدیی دادپەروەری مرۆڤایەتی لەنێوان مرۆڤەكان بنووسێتەوە دوای سەركەوتن مرۆڤ بەسەر هێزە شەڕانگێزەكاندا.
• پێتوایە ئێستا شانۆ كە بە (باوكی هونەرەكان) ناسراوە بووەتە میوانی تەلەفزیۆن و رۆڵی لە پاشەكشێدایە؟
- شانۆ بەشێوازە تەقلیدی و ئاساییەكەی ئامانجی ئەوەیە كە بینەر یان هاووڵاتی لە ماڵی خۆیەوە بچێتە شانۆ بۆ ئەوەی نمایشێكی راستەوخۆ ببینێت، هەروها رۆڵە گۆڕاوەكەی زیانی بە شانۆ نەگەیاندووە و لە بەهای شانۆی كەم نەكردۆتەوە، باشترین نموونەش بۆ ئەمە شانۆگەری (سكە السلامە)یە كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە هۆڵی شانۆی نیشتیمانی پێشكەش كرا، دواتریش وێنەی گیرا و لەسەر كەناڵەكانی تەلەفزیۆن پێشكەش كرا، گرنگ ئەوەیە شانۆ بەردەوام و ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین خزمەت پێشكەش بە جەماوەر بكەین.
• چی دەڵێی بۆ ئەوەی بەم دواییە باسی كراوە گوایە كەسانێك توڕە بوون لە وێنە گرتنی بەشی شەشەمی زنجیرەی (شەوانی حلمیە)؟
- ئەوەسی راستی بێت ئێمە پێویستییەكی زۆرمان بە تەواو كردنی كارێكی بەرزی وەك (شەوانی حلمیە) هەیە، بەشی شەشەمیشی درێژە پێدەری بەشەكانی ترە و تیشك دەخاتە سەر نەوەكان نەك سەلیم بەدری، هەروەها چەند كەسایەتییەكی سەرەكی تێدایە بۆیە تەواو كردنی پێویستە.
• بەم دواییە دراما پشت بە چەندایەتی دەبەستێت نەك چۆنایەتی، رات چییە بەرامبەر بەو مەسەلەیە؟
- ئەوە چ هونەرمەندێكە لایەنگری چەندایەتی دەكات لەسەر حیسابی چۆنایەتی؟، لە كۆتایی درامای تەلەفزیۆنیدا پێویستە یارمەتی كۆمەڵگا بدات بۆ ئەوەی هەستێتەوە نەك بە پێچەوانەوە وەك ئەوەی ئێستا روودەدات كە دەبینین زۆری كارەكان كاریگەرییەكی سلبی لەسەر كۆمەڵگا میسری هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا دراما پشت بە نووسەرەكان دەبەستێت وەك ئەوە لە پێشوودا رووی داوە.
• هۆكاری دووركەوتنەوەت لە كاری هونەری بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- دوایین كاری هونەری لە ساڵی 2012 بوو ئەویش زنجیرەی (الركین) بوو، ئاشكرایە ئێستا گۆڕەپانی هونەری بۆ(مۆدێلە نوێیەكانە) چونكە دەبینین هەر نەوەیەكی نوێ دەركەوێت نەوەكانی پێش خۆی دەبنە (مۆدێلی كۆن)، سوپاس بۆ خوا ماوەی 40 ساڵە بەردەوام كاردەكەم، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ماوەی 3 ساڵ لە ماڵی خۆم كەوتبووم بێ كاری هونەری، كەواتە دەرنەكەوتنم بە دەست خۆم نەبووە.
• ئەی رات چییە بەرامبەر سینەما بە گشتی لە ئێستادا؟
- سینەما پیشەسازییەكی گەورەیە كە تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، لە شەستەكانی سەدەی رابردوو شێوازێكی تایبەت و جیاوازی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا پیشەسازییەكی بێسەروبەر لە رووی زمان و وێنە و دەقەوە، هەروەها پەیوەندییەكی بەهێزم هەبوو لەگەڵ دەرهێنەرە گەورەكانی وەك رەئفەت میهی و عەلی بەدرخان و سەمیر سەیف، لەمەش زیاتر ئەندازیاری دەنگ و دیكۆر و وێنەگری بە توانا پشتیوانی شانۆ و سینەما بوون، ئێمەی ئەكتەریش بە ئازایی كارەكانمان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا سینەما گەیشتۆتە قۆناغی (باڵادەستی ماددی) كە باڵی بەسەر سینەەما و شانۆدا كێشاوە و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەكانی وێرانكردووە.
بیلۆگرافیا
ناوی تەواوی ( عەهدی صادق بشای)ە، دەرچووی پەیمانگای باڵای هونەرەكانی شانۆیە، ژیانی هونەری لە سەرەتای حەفتەكانی سەدەی رابردوو دەستپێكردووە بە چەند رۆڵێكی بچووك و هیچ كاتێك رۆڵی سەرەكی نەبووە، بەڵام هەمیشە رۆڵە زەحمەتەكانیان پێی سپێردراوە كە بە زیندوویی دەمێننەوە بەتایبەتی لە دراماكاندا وەك (لیالی الحلمیە) 1987، (رأفت الهجان ج1) 1987، (بوابە الحلوانی) 1992، (أرابیسك) 1994، (حلم الجنوبی)1995، (زیزینیا) 1997، (جحا المصری) 2002، (فارس بلا جواد) 2002، و(هیمە) 2008. هەروەها بەشداری لە چەندین فیلمی سینەماییدا كردووە وەك: (المتوحشة) 1979، (أنیاب) 1981، (الكیف) 1985، (الیوم السادس) 1986، (شحادون و نبلاء) 1991 چەندانی دیكە.