ئەحلام حەجی: فەیسبوكم داخستووە، چونكە سەر ئێشە بوو و بێزاری كردبووم

ئەحلام حەجی: فەیسبوكم داخستووە، چونكە سەر ئێشە بوو و بێزاری كردبووم
ئەگەرچی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەكۆیەكی باشن بۆ ئەوەی مرۆڤ بیروڕا و سرەنج و تێبینییەكانی دەربارەی رووداو یان بیرەوەری و بۆنەكان لە رێگای ئەم تۆڕانەوە بخاتەروو، تەنانەت بۆتە باشترین شوێن بۆ ئەوەی هونەرمەندان و یاریزانان و ناوداران هەواڵ و چالاكییەكانی خۆیانیان تێیدا بۆ جەماوەری خۆیان ئاشكرا بكەن و لێی ئاگادار بن، بەڵام لە هەمان كاتدا گرفتی زۆریشی درووستكردووە بۆ هەندێكیان بەتایبەتی لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان.

ئەحلام حەجی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نمایشكار و هونەرمەندی مەغریبی یەكێكە لەو كەسانەی كە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی بەكار دەهێنا و كاتی بۆ تەرخان دەكرد، بەڵام دواتر بە یەكجاری ئەكاوەنتەكەی خۆی داخست، لەم بارەوە ئەحلام لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی: تەكنۆلۆژیا ئێستا بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی هەر كەسێك لە ئێمە، ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شوێنی باشن بۆ ئەوەی خەڵك بیروڕاكانیان تێیدا بخەنەروو، بۆ هونەرمەندانیش ئەم تۆڕانە گرنگییەكی زۆریان هەیە، چونكە هونەرمەند پێویستی بەوە هەیە كە بەردەوام لە پێوەندیدا بێت لەگەڵ جەماوەرەكەی و لێیان دانەبڕێت ئەمەش باشترین شوێنە بۆ ئەم بەردەوام بوونە و بۆ ئەوەی جەماوەر ئاگادار كار و چالاكی وبەرهەمەكانی هونەرمەندان بێت، ئەمەش وادەكات ئەم پێوەندییە بەردەوام بێت.


هەر سەبارەت بەم بابەتە ئەحلام زیاتر وتی: هەرچەندە بە هۆی كاری خێرخوازی و كاری بەردەوامم كاتم زۆر نەبوو و زۆریش لە گەشتدابووم، بەڵام سەرەڕای كەمی كات من یەكێك بووم لەوانەی كە رۆژانە بەپێی پێویست كاتم بۆ فەیسبووك تەرخان كردبوو و جگە لە بڵاوكردنەوەی كارو چالاكییەكانم تەنانەت وەڵامی ئەو كەسانەشم دەدایەوە كە پرسیاریان دەربارەی من هەبوو ئەگەر پرسیارەكان پێوەندی بە خودی خۆشمەوە هەبوایە و زۆر جار دیمانەشم لە رێگای فەیسبووكەوە ئەنجامداوە، بەڵام بەداخەوە دواتر هەستم كرد كە چەندین ئەكاونت بە ناوی منەوە درووستكراوەو كەسانێك لە رێگای كۆمێنتەكانیانەوە دەیانەوێ كەسایەتی من لەكەدار بكەن بۆیە چەندین قسەی ناشیرین و نابەجێ و وێنەی درووستكراویان بڵاودەكردەوە ئەمەش بە تەواوی بێزاری كردم و هەستم كرد لە سەرئێشە زیاتر هیچی تر نییە بۆیە بڕیارمدا دایخەم و هەست دەكەم لە گرفتێكی گەورە رزگارم بووە و هەرچەندە ئێستا هیچ ئەكاوەنتم لە فەیسبووك نییە، بەڵام پێوەندیم لەگەڵ جەماوەریش ماوە و نەپچڕاوە.
Top