هوەیدا: هیوادارم ناوچەكە لە شەڕ و تیرۆر رزگاری بێت
• ئێستا هویەدا لە چ قۆناغێكی هونەریدایە؟
- ئەم پرسیارە لەجێی خۆیەتی، چونكە من و جەماوەریش هەست دەكەین كە من تا راددەیەك دوورم یاخود وەكو پێویست لە گۆڕەپانەكە نیم بە بەرارود لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ئەمەش بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ نەبوونی سپۆنسەر دەگەڕێتەوە، بۆیە من ناچارم بۆخۆم بەرهەمەكانم بڵاوبكەمەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە كە ناتوانم بەرهەم وەكو پێشوو بڵاوبكەمەوە و تەنیا ساڵانە یەك، یان دوو گۆرانی بە شێوەی سنگڵ بڵاوبكەمەوە.
• چەند ساڵێك پێش ئێستا بە یەكێك لە ئەستێرەكان ناسراو بووی، بەڵام لە ماوەی رابردوودا دەركەوتنت وەكو پێویست نەبوو، هۆكاری ئەمە چییە؟
- وەك لە وەڵامی پرسیاری پێشوو باسم كرد نەبوونی سپۆنسەر هۆكاری سەرەكی دووركەوتنەوە و دەرنەكەوتنی منە، هەروەها چەند گرفتێكی تایبەتی و كۆمەڵایەتیش رۆڵیان هەبوو لە دووركەوتنەوەم، ئەوەشمان بیر نەچێت بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و سووریا بەتایبەتی كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە.
• رووداوەكانی سووریا كاریگەرییان لەسەر هونەر بە گشتی و هوەیدا بەتایبەتی چی بووە؟
-بێگومان بارودۆخی سیاسی سووریا كاریگەریی بەسەر هەموو لایەكمان هەبووە بەتایبەتی لەسەر هونەرمەندان، لەلایەكی دیكەوە خەڵكانێك هەن توانیویانە ئەو بارودۆخە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بقۆزنەوە و بوون بە ئەستێرە، بۆ من وەك هوەیدا كاریگەرییەك زۆر سلبی هەبوو، چونكە لە سووریا و ناوچەكەش دووركەوتمەوە و كەوتمە شوێنێكی دوور ئەمەش وایكرد بۆ من هونەر وەك ساڵانی پێشوو نەمینێت.
• زۆر لە هونەرمەندە سوورییەكان پەرتەوازە بوون لە وڵاتە عەرەبییەكان، تۆ ئێستا لە كوێ ژیان بەسەر دەبەی؟
- من لە شوێنێك جێگیر نیم، چونكە بەردەوامم لە هاتوچۆ لە نێوان سووریا و مەغریب ئەمەش بارودۆخی منی لە هەموو لایەكەوە سەختتر كردووە.
• بە ڕای تۆ چ جیاوازییەك لەنێوان هونەرمەندانی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و هونەرمەندانی ئێستادا هەیە؟
- هونەری ساڵانی پێشوو كە بۆ سەردەمی ئوم كەلسوم و هونەرمەندانی ئەو نەوەیە تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، هەروەها هونەر بەتایبەتی گۆرانی و موزیكی ساڵانی نەوەدەكانیش جیاواز بوو لە هونەری سەردەمی پێش خۆی، بەڵام گۆرانییەكانی ئەم دوو سەردەمە ئێستاش زیندوون و هەموومان لە یادمانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا وەك سەردەمەكانی پێش خۆی نییە.
• بارودۆخی ئێستای هونەر چۆن وەسف دەكەی؟
- بێگومان هونەر ئەو تام و چێژەی پێشووی نەماوە تەنانەت ناتوانین پێی بڵێین هونەرە، بەڵكو زیاتر بازرگانی و بەرنامەیە و ئەو شتەی پێشكەشیش دەكرێ زیاتر بە پێچەوانەوە بۆ سەر هونەر دەگەڕێتەوە واتە لە جیاتی پێشخستنی هونەر دەبێتە هۆی دواكەوتنی، چونكە ئەمانە بە بەرهەمێكی زۆرەوە دێن، بەڵام لە ئاستێكی بەرزدانین، واتە تەنیا لە چەندایەتییەوە زۆرن و لە چۆنایەتی ئاستیان نزمە.
• دوور لە گۆرانیوتن چۆن بوو رووت لە بواری نواندن كرد؟
-چوونی من بۆ نێو بواری نواندن لە ئەنجامی هەلێك بوو كە خاتوو رەشا شەربەتچی بۆ رەخساندم و لێرەوە زۆر سوپاسی دەكەم بۆ ئەم دەرفەتە وزۆریش خۆشحاڵ بووم، چونكە بووە هۆی بەرزكردنەوە كێرڤی هونەری وئەوەی من خەونم پێوە دەبینی هاتە دی و ئەو توانایەی لە ناخمدا هەبوو خاتوو رەشا وایكرد دەری بخەم و بە جۆرێك بوو كە منیش باوەڕم نەدەكرد.
• لە نواندندا خۆت بە ئەكتەرێكی سەركەوتوو دەزانی؟
- ناتوانم بڵێم 100% سەركەوتوو بووم، چونكە تا ئێستا تەنیا لە یەك كاردا بەشداریم كردووە وەك ئەكتەر، بەڵام دەتوانم بڵێم رێژەی سەركەوتنم لە نێوان 60-70 لە سەد بوو و هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا كاری زیاتر و پێشكەش بكەم لە بواری نواندن.
• وەك هونەرمەندێك چۆن گرنگی بە خۆت دەدەی ؟
- بە تەواوی نازانم مەبەستت چییە لەو پرسیارە، ئەگەر مەبەستت لە رووی تەندروستییەوە بێت من گرنگی بە تەندروستی خۆم دەدەم و هەوڵ دەدەم زوو بخەوم، هەروەها لە رووی خواردن و جۆرەكانیشییەوە بەرنامەی تایبەتم هەیە، چونكە ئەمە زۆر پێویستە بۆ هەموو كەسێك بەتایبەتی بۆ هونەرمەندان.
• پێش چەند ساڵێك ناكۆكییەك لەنێوان تۆ و نەوال ئەلزوغبی-دا هەبوو لەسەر گۆرانی (ما اندم علیك) هۆكاری سەرەكی ئەم ناكۆكییە چی بوو؟
- ئەو كێشەیە زۆر كۆن بووە و نەگەیشتە ئاستی ئەوەی پێی بڵێین كەیس، هۆكاری سەرەكی ئەم گرفتەش ئەوە بوو كە من گۆرانییەكەم لە ساڵی 1996 وت، بەڵام دواتر نەوال لە ساڵی 1999 دووبارە گۆرانییەكەی وتەوە.
• لە ماوەی رابردوودا زۆر لە هونەرمەندانی عەرەب روویان لە كوردستان كرد، بۆچی هوەیدا سەردانی كوردستانی نەكردووە؟
- زۆر ئاساییە ئەگەر سەردانی كوردستان بكەم، بەڵام تا ئێستا لە هیچ لایەنێكەوە بانگهێشت نەكراوم بۆ ئەوەی سەردانی بكەم، ئەگەر بانگهێشت بكرێم بە شانازییەوە سەردانی دەكەم.
• هیچ زانیاریت دەربارەی هونەری كوردی هەیە؟
- نەخێر، بەداخەوە تا ئێستا زانیارییەكی ئەوتۆم دەربارەی هونەر و هونەرمەندانی كوردستان نییە، ئەمەش رەنگە بۆ بارودۆخی تایبەتی منەوە بێت.
• ئەگەر داوات لێ بكرێ گۆرانییەك بە زمانی كوردی بڵێی ئامادەی بیڵێی؟
- وەك باسم كرد هیچ زانیارییەكم دەربارەی هونەری كوردی نییە، بۆیە زمانی كوردیش نازانم و وتنی گۆرانی بە زمانێك كە نەیزانم و تێی نەگەم زەحمەتە.
• هیوا و ئاواتەكانت بۆ ساڵی 2016 چین؟
- ئاواتی هەرە سەرەكیم لە ژیاندا ئەوەیە كە كچەكەم سەركەوتوو و سەلامەت بێت و بگەڕێتەوە سووریا و ببێتە كەسێكی سەركەوتوو لە ژیان و خوێندنیدا، سووریا باشتر بێتەوە لە جاران، هیچ نا بگەڕێتەوە وەك سەردەمی پێش ئەو رووداوانە و رزگار بین لەو شەڕ و تیرۆرەی كە ئێستا ناوچەكەیان گرتۆتەوە.