ئانا دیمی: نەك تەنیا سینەما بەڵكو زۆر شتی کوردستان سەرنجی راکێشاوم
ئانا نوێنەری خەڵاتی پاسفیكی كیشوەری ئاسیایە ئێستا رووی لە بواری ئەكادیمی و فێركردنی قوتابیان كردووە لە بواری سینەما و بەڕێوەبەرایەتیی ژمارەیەك فیستیڤاڵیی سینەماییش دەكات لە چەند وڵاتێك و پێشتریش لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم كاری كردبوو، لە بارەی كوردستان دەڵێ: بە هۆی ئەوەی كاری من لە بواری سینەمایە بۆیە هەوڵ دەدەم زانیاریم دەربارەی سینەمای هەموو نەتەوە و وڵاتان هەبوو، بینینی چەند فیلمێكی كوردی سەرنجیان راكێشام ئەمەش وایكرد كە هەوڵ بدەم سەردانی ئەم وڵاتە بكەم و لە نزیكەوە لە كەلتوور و هونەری كوردستان شارەزاییم هەبێت، دوای هاتمە كوردستان بینیم لە كوردستان وەك زۆربەی وڵاتان فیلمە كوردییەكان لە ئاستی جیاجیان، واتە هەندێكیان ئاستیان زۆر بەرزە و باشە، بەڵام هەندێكیان ئاستیان وەكو پێویست نییە، هەروەها كورد دەتوانێت لە رێگای سینەماوە مێژووی خۆی بە جیهان بگەیەنێت و ئەو رووداوە گرنگانەی لە مێژووی كورددا روویانداوە بە هۆی سینەماوە زیندوویان بكاتەوە، چونكە هەستم كرد كوردستان و مێژووی كورد پڕە لە رووداوی مێژوویی و تراجیدیا كە باشترین بابەتن بۆ سینەما و رەنگە هەموو میللەتان ئەمانەیان نەبێت وەك ئەوەی لە كوردستان هەیە بە شێوەیەك گشتی دوای ئەوەی ماوەیەك لە كوردستان بووم زۆر شت سەرنجی راكێشام نەك تەنیا فیلم و سینەمای كوردی، بەڵكو كەلتوور و شێوەی ژیانی خەڵك بۆ من زۆر سەرنجڕاكێش بوون، لە شێوەی پێشوازی كردنیان لە میوانان بۆم دەركەوت كە كورد میللەتێكی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و زۆر رێزی بەرامبەریان دەگرن، بەتایبەتی دۆستەكانیان ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای كوردستان و كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی فیلم و پێشخستنی ئەم پیشەسازییە لە كوردستان ئانا دەڵێ: حەز دەكەم ئەوەتان پێ بڵێم كو ئێستا جیهان بە گشتی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی كوردستان دەكات، ئەگەرچی بە رێزەوە سەیری هەڵوێستی كوردستان دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بەڵام میدیاكان كوردستان وەك شوێنێكی مەترسیدار نیشان دەدەن و رەنگە هەموو كەسێك سەردانی كوردستان نەكات، بەڵام كاتێك من هاتم و ئەم وڵاتەم لە نزیكەوە بینی، پێچەوانە دەرچوو، ئاسایش و ئارامی لە كوردستان سەقامگیرە و خەڵك بە خۆشەویستی و ورەیەكی بەرزەوە لە ژیان دەڕوانن.
ئانا پێیوایە لە كوردستان زەمینەیەكی باش هەیە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و نووسینەوەی سیناریۆی پێویست و لەم بوارەوە دەڵێت: یەكێك لە كارەكانم لە دهۆك سەردانی كردنی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بوو، ئەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەش ئاوارە و پەنابەران دەكات جێگای ستایش و رێز و پێویستە جیهان ئەمەی لەبەرچاو بێت، لەرووی هونەری و سینەماشەوە زادەی چەند كارێكی سینەماییم بۆ درووست بوو، و لەبەر ئەوەی خەڵكی ئێمە بە تەواوی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشەكە نین و نازانن ئاوارە و پەنابەرەكان لە چ دۆخێكدا دەژین، بۆیە من ئەو دیمەنانەی بینیم وەكو خۆی دەگوازمەوە، من پێموایە ئەوەی لە ئەرزی واقیعدا هەیە دەتوانرێ لە رێگای سینەماوە بە باشترین شێوە نیشانی جیهان بدرێت و دڵنیام كاری زۆر سەركەوتوو دەبن و سینەماكاران دەتوانن سیناریۆی بەهێز لەو تراژیدیایانە دروست بكەن، راستەوخۆ گوێیان لە رووداوەكان دەبێت لەسەر زاری ئەو خەڵكەی كە لە ناو كارەساتەكەدا بوون.
سەبارەت بە فیملە كوردییەكان و ئاشنابوونی بە سینەمای كوردی دەڵێ: هەندێك فیلمی كوردیم بینیبوو زۆر سەرنجیان راكێشام، بەڵام كە هاتمە ئێرە و خەڵكەكەم لە نزیكەوە بینی، زیاتر ئاشنا بووم نەك تەنیا بە فیلم و سینەمای كوردی، بەڵكو تا راددەیەك ئاشنای ژیان و هەڵسوكەوتی خەڵك بووم و كە گەڕامەوە ئەوەی بینیم وەكو خۆی دەگێڕمەوە، هەروەها دوای چاوپێكەوتن و بینینی ئەكتەر و سینەماكارانی كوردستان بۆم دەركەوت كە ئەمان حەز دەكەن زیاتر لەو بوارەوە پێشكەون و هەمیشە لە هەوڵدان بۆ پێشخستنی سینەمای كوردی، بیرۆكەی جوان و سەرنج راكێشیان هەیە بۆ ئەوەی مێژووی خۆیان لە رووی سینەماوە نیشانی جیهان بدەن ئەمەش هەوڵێكی باش و كارێكی پیرۆزە بەتایبەتی بۆ میللەتێكی وەكو كورد كە بە درێژایی ژیان رووبەرووی رووداو و كارەسات سەخت و جەرگبڕ بۆتەوە بێگومان میللەتانی هاوشێوەی كورد پێشتر هەوڵی لەم جۆرەیان هەبووە و زۆریش سەركەوتوو بوون و توانیویانە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرن ئەوانەی لە رووی سینەماوە لە ئاستێكی بەرزدان.