لە رۆژی جیهانیی شانۆداشانۆكارانی كورد چۆن لە دواڕۆژی شانۆی كوردی دەڕوانن؟
فرمێسك مستەفا:
بەپێی پێشكەوتنەكانی ئێستا كە لە دەوروبەری خۆماندا دەیبینین و هەستی پێدەكەین، ئێمە زۆرمان ماوە تا لێشیان نزیك ببیەوە. من نازانم لە ساڵی چەندەوەیە بۆ هۆڵێكی شیاو بە خۆمان دەناڵێنین، بە جیهانی كردنی شانۆی كوردی هەژارە و نییە. كارەكان لە بازنەیەكی لە یەكچوودا دەخولێنەوە و هەمووشانۆكارەكان یەك گلەیی و گازندەیان هەیە و لە یەكتر تووڕەن وپێشنیار بۆ یەكتر دادەڕێژن و كوتلەكانی خۆیان جوداكردۆتەوە. بێ ئەوەی پێكەوە دیالۆگێكی هاوبەش كۆمان بكاتەوە و باس لە خۆمان بكەین و یەكتر بدوێنین و بێ رق و كینە بە تەبایی كۆبینەوە و گلەییەكانمان بخەینە سەریەك مێز و چارەسەری بنەڕەتی بۆ دابنێین. داهاتوو نادیارە، لەبەر ئەوە نازانین چی دەبێت، بەڵام گەر شانۆی كوردی نەیەتە ناو كۆمەڵگەوە، نەبێتە كەلتوورێك لای خەڵكی ئاسایی، ناتوانین ببینە خاوەن شانۆیەكی رەسەن كە شوناس و پەیامی هەبێت. ئەم بۆچوونەشم لەوەوە دێت، كاتێك شانۆنامەیەك نمایش دەكرێت، تەنیا شانۆكارەكان و شەریحەیەكی كەم لە رۆشنبیران دەبینین لە هۆڵەكاندا، خۆ شانۆكارەكانیش تەنیا ئەوانە دەچن بۆدیتنی نمایشەكان كە داوەت كرابن، یان هاوڕێی نزیكی شانۆكارەكان بن. كەی شانۆی كوردی بۆ ساڵێك توانی لەسەر سەكۆ بمێنێتەوە و نمایش بكرێت وبینەری هەبێت، ئەوا داهاتووی لە ئێستای گەشتر دەبێت، بەڵام بەداخەوە هێواش هێواش بینەری شانۆ كەمتر دەبێتەوە لە كوردستاندا. ئێمە وەك شانۆكار دەبێت پرسیار لە خۆمان بكەین ئەمە بۆ وایە؟ كە بە یەك هەناسەی پاكژەوە هەموو پێكەوە باسمان لەم خاڵە كرد و بۆی جەنگاین ئەوە دڵنیابن ئاسۆی داهاتوو روون دەبینرێت .
هیوا سوعاد:
من هەمیشە دواڕۆژی شانۆ بە گەشاوەیی دەبینم، چونكە شانۆ هەمیشە پێوەندی هزری و ویژدانی هەبووە و مرۆڤ شانۆی دۆزییەوە و وەك قوتابخانەیەكی هەمیشەیی دایمەزراند كە تا هەتایە وانەی ئەڤین و هزری مرۆڤایەتی تێدا دەگوترێتەوە و بەرجەستەی دەكات، سەبارەت بە شانۆ لەم شارە من بۆخۆم زۆر دڵخۆشم كە دەبینم كۆمەڵێك هونەرمەند بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە كار دەكەن و كاری جوانیش پێشكەش دەكەن، بۆیە زۆر گەشبینم بە ئایندەی شانۆی كوردی.
كامەران رەئوف :
هەر لە راپەڕینەوە تا ئەمڕۆی قیران. قەیرانی ژیان كە شـــانۆ پایەیەكی گرنگیەتی هیچ هەنگاو وپلانێكم نەدیوە كە ئەم دەسەڵاتە بە درێژایی حوكمڕانییان هەیانبووبێت بۆ شــانۆ، تەنانەت وەزارەتی رۆشنبیری لە وەزارەتە پەراوێزەكانە لەلایەن حزبەكانەوە. دواڕۆژیش لە ژێر رەحمەتی قەزا و قەدەردایە .
ئەرسەلان دەروێش:
شانۆ وەك دیاردەیەكی ئیستاتیكی هونەریی ناكرێت لە ركێفە ئابووری وسۆسیۆلۆجی و سیاسییەكانی كۆمەڵگە جیابكرێتەوە. بۆیە ئەم هونەرە وەك تەواوی بوارەكانی ژیان لە كۆمەڵگەكەمەندا لە ئێستادا لەقەیراندایە. ئەمەش بەومانایە نییە كە رەوشی شانۆ لە كوردستاندا پێشتر ساغڵەم ودرەوشاوە بووە، چونكە ناكرێت فینۆمینێكی ژیاریی وەك شانۆ لە كۆمەڵگەیەكی وەك ئەوەی ئێمەدا گەشە بكات، كە زۆرێك لە دەركەوتەكانی هێشتا لە ئاستی فیوداڵیدایە. دیارە ئەو دەمەی (ژیانی رۆژانە) لە قەیران وشەڕ و نائارامی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری سەرشار دەبێت، وزەی شانۆ لەبار دەچێت و خواستی كۆمەڵگە بۆ بایەخدان بە شانۆ نامێنێت. لەو حاڵەتەدا رۆژگارەكە دەبێتە شانۆیەكی زیندوو، شانۆیەكی تراژیدی و زەمەنێكی دیار لە ناومێژوودا. لەم جۆرە شانۆیەشدا پەیڤ چارەنووسە، كردار وەرچەرخانێكی راستەقینەیە و هەریەك لە ئێمە مەحكوومە بەوەی خۆی ناوەڕۆك و نووسەر و ئەكتەر و بینەر بێت. ئەمێستا، رووداوە سەختەكان هونەری شانۆ رووبەڕووی تەنگەژەیەكی بەهێزدەكەنەوە. ئەو تەنگەژەیەش سەرلەنوێ گشت پرسیارە گەوهەرییەكان لە هزری شانۆكاران دەورووژێنێت: شانۆ چییە؟ پێگە و كاریگەریی لە كوێندەرێدایە؟ پێویستە هەڵگری چ پەیامێك بێت؟
دیارە ئەو شانۆكارەی پابەستە بە كۆمەڵگەكەیەوە، ناتوانێت شانۆ لە پەیامەكەی داببڕێت. چونكە دووانەیەكن پێوەستن بە یەكەوە، لەم سەردەمی گۆڕانكارییە خێراو ناهاوسەنگەدا، كە بە ئاشكرا ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و گەندەڵی و ئەكتیڤی نەبوونی یاسا و دەیانپرسی تریژیاریی و نەتەوەیی لە ژیانماندا بەدیار كەوتووە، وێڕای شەڕ و بەرنگاربوونەوەیەكی خوێناوی لەگەڵ هێزێكی درندە و تیرۆرستی گەردوونی وەك (داعش). چون دەكرێت پەیامەكە لە دەرەوەی رووبەڕووبوونەوە و هەڵوێست وەرگرتن پێوانە بكرێت. شانۆ بە چ سەنگێك ماهیەتی بەرجەستە دەكات، ئەگەر راستەوخۆ وەك تەورێك، قاوغەكانی ئەو ناعەدالەتییانە تێكنەشكێنێت و لێیان وەژوورنەكەوێت و نەبێتە كردارێك، كردارێكی راستەقینە لە ژیاندا،كە توانای كاریگەری و گۆڕانكاریی هەبێت.
لە مێژووی دوور و درێژی شانۆدا، چەندین ساتەوەختی پڕ لە سەرسامی هەیە، كە تیایدا شانۆ توانای بەدیهێنانی پەیامەكەی سەلماندووە و رۆڵێكی درەوشاوەی گێڕاوە، وەلێ هەمیشە لەو چركەساتانەدا دوومەرجی سەرەكی زەمینەی ئەو سەركەوتنانەیان رەخساندووە، یەكەمیان بوێری شانۆ بووە سەبارەت بە رووخاندن و گۆڕینی بونیادی ناوەكی خۆی، دووەمیشیان لە دەستەبەربوونی كۆكەشێكی دیموكراسییانەی راستەقینەدا بەرجەستە بووە. هەردوو مەرجەكەش یەكانگیر وپێكەوە گرێدراون، چونكە ناكرێت شانۆ بونیادی دەقگرتوو و نەزۆكی خۆی بگۆڕێت و وەك رووداوێك لە مێژوودا كاراوكاریگەر بێت، ئەگەر پانتاییەكی بەپیتی لە دیموكراسیەت بۆ مەیسەر نەبێت.
من نائومێد نیم و ئەم رابوونە شانۆییەی كە لە ئێستادا لە شارەكانی كوردستاندا دەبینرێت بە مایەی هیوای دەبینم و بە پێگەیەكی باشی دەزانم بۆ داڕشتەوەی ستراكچەرێكی هونەریی كە جوانییەكی ئەبستیمی بخوڵقێنێت و جارێكی تر گوڵی رێز لە بری بەزەیی لە بەرۆكی شانۆكەمان بداتەوە.
سەعدون یونس
شانۆی كوردی هەڵبەزە و دابەزەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەر قۆناغێكی لەو قۆناغانەی كە لە 40 ساڵی رابردوودا هونەری كوردی پێیدا تێپەڕیوە، كاریگەریی خۆی لەسەر هەموو ژانرە هونەرییەكان كردووە، لە دوای راپەڕین ئومێدێكی زۆرمان هەبوو هونەری شانۆی بازدانێكی زۆر گەورە بەخۆیەوە ببینێت و قۆناغی زۆر پێشكەوتوو ببڕێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر ژیان بەو شێوەیە بەردەوام بێت، شتێك نامێنێت بە ناوی كەلتوور و ئێمە دەبینە یەكەم نەتەوەی بێ ناسنامە.