شانۆكار ئالان سلێمان:هێشتا كاری زۆرم لەبەردەم ماوە تا ببم بە ئەكتەرێكی سەركەوتوو
ئالان دەربارەی ئەوەی ئایا هونەری نواندن بە گشتی و شانۆ بەشێوەیەكی تایبەت تەواوی ژیانی داگیركردووە یان نە، دەڵێ: خۆشەویستیم بۆ شانۆ بێ سنوورە، بەڵام ناتوانم بڵێم تەواوی ژیانمی داگیركردووە، بەڵكو بەشێكە لە ژیانم، تا ئێستاش نەمتوانیوە ناو لەخۆم بنێم شانۆكار، چونكە شانۆ هونەرێكی مەزنە و منیش نەمتوانیوە هەموو ژیانی خۆمی بۆ تەرخان بكەم، بەهۆی چەند هۆكارێكەوە،بۆیە ناتوانم بڵێم كە بەڵێ هونەر و شانۆ دڵی منیان داگیركردووە، بەڵكو تەنیا لای من حەزێكە بۆ ئەو بوارە.
ئالان لە سەرەتای كاروانی هونەرییە و هێشتا رێگای زۆری لە بەردەم ماوە بۆ ئەوەی زیاتر بوونی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە ناو لە شانۆی كوردیدا، بەڵام تا ئێستا لە كاروانی هونەری بە سەركەوتوو وەسف دەكرێ و بووەتە هۆی ئەوەی بناسرێ، هەر لەم بارەیەوە ئالا دەڵێ: حەز دەكەم ئەوە بڵێم كە هاتنە نێو بواری هونەری و بەشداریكردنم لە شانۆگەرییەكانەدا،وەك كارەكتەرێكی بچووك تەنیا حەزێك بووە، بۆیە مەرج نییە لەو بەرهەمانەی من تێیدا بەشداربووم، 100% سەركەوتوو بم، چونكە هێشتا بواری زۆرم لەپێشدایە تا بتوانم ببم بە ئەكتەرێكی سەركەوتوو لەسەر تەختەی شانۆ، ڕەنگە لە هەندێك كاری خۆم ڕازی بم، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە من ئەكتەرێكی سەركەوتووم، بەڵكو بڕیار لەدەستی ئەوانەیە كە بینەری شانۆگەرییەكانن، یاخود كەسانی شارەزا لە بواری شانۆ دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی من بكەن، بەڵام لە هەوڵدام خزمەتێك بە میللەتەكەم بكەم لە بواری شانۆ و نامەوێ بە هیچ شێوەیەك لە كارێكدا بەشداری بكەم كە لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵگەی كوردیدا نەگونجێت، تەنیا لە پێناو ئەوەی سەركەوتوو بم، هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە من ویستوومە جوانی ڕوخسارم وەك خۆی دەركەوێت، نەك بە ماكیاژ خۆم جوان دەربخەم، جگە لەوەش من پێموایە ئافرەت بە ماكیاژكردنی جوانی خۆی لەدەست دەدات و لە داهاتووشدا جۆرێك لە چورچی و ناڕێكی بە ڕوخسارییەوە دیاردەبێت، ئەوەی كە منیشی ناسیبێت دەزانێت من هەروابوومە.
سەبارەت بەو دەرهێنەر و شانۆكارانەی كە لەگەڵیاندا هەست بە ئاسوودەیی دەكات و حەز دەكات بەردەوام كاریان لەگەڵدا بكات ئالان دەڵێ: ئەوەی من هەمیشە هەست بە ئاسوودەبوونی خۆم بكەم لەگەڵی مامۆستا (یوسف یوسفی) و چەند دەرهێنەرێكیترن، كە بوونەتە مامۆستایەك بۆ پێگەیاندن و ناساندنی توانایەكی نوێ لە نێو شانۆدا، جوانترین نموونەی كاریشم پێشكەشكردنی شانۆگەریی (خۆشەویستییەك بۆ كوردستان) بوو، كە لەگەڵ مامۆستا یوسفدا پێشكەشمان كرد، ڕۆڵێكی دیاری لە نێو شانۆگەرییەكەدا بە من بەخشی، ئەوەی كە ئەو شانۆگەرییەشی بینیبێت، تێدەگات لەوەی كە دەرهێنەر چۆن بە ماندووبوونێكی زۆرەوە توانیویەتی شانۆكاران وا ڕابهێنێت كە بە فیعلی بچنە نێو ئەو ڕۆڵانەی كە بۆیان دیاریكراوە.
ئالان پێیوایە كە خۆشەویستی بێ سنووری بۆ شانۆ هەیە و هەر ئەوەشە وای لێكردووە روو لەم بوارە بكات و دەڵێ: پێموایە شانۆ دایكی هونەرە، كاتێك كە نمایشێكی شانۆیش دەبینی، عەشقێك لەدڵت دروستدەبێت،چونكە كە جووڵە و شاكارەكان دەبینی، هەستدەكەیت كە گێڕانەوەی ئەو گرفتانەیە كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی كوردی دەبنەوە. بۆیە خۆشەویستییەك لە نێو دڵی مندا هەبوو بۆ دنیای هونەر، بەڵام باوەڕم بەوە نەبوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان پێ بخەمەسەر تەختی شانۆ، بەڵام ئەوەی كە هەمیشە سووربوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت من ببم بە كچەشانۆكارێك (سلێمان گەڵاڵی) باوكم بوو، كە هەمیشە دەیویست ڕێچكەی ئەو بگرینەبەر وخزمەتێك پێشكەش بە دنیای بێگەردی هونەر بكەین، وەلێ دیارە ئێستایش زۆر هەست بە بەختەوەربوون دەكات كە من لە نێوبوارەكەدا دەبینێت.
سەبارەت بە بابەت و سیناریۆی ئەو كارانەی تا ئێستا بەشداریی تیادا كردووە دەڵێ: سیناریۆی زۆربەی هەرە زۆری شانۆگەرییەكان، بریتین لە گێڕانەوەی تراژیدیایەك كە بە سەر خەڵكی ئەو وڵاتەدا هاتوون، بەتایبەت ئەو كارەساتانەی كە ڕووبەڕووی ئافرەتانی كورد بوونەتەوە، بۆیە پێموایە شانۆ دەتوانێت پەیامی زوڵم و تراژیدیاكانی كە بە سەر ئافرەتی كورد هاتوون، بگەیەنێتە دنیا، جگە لەوەش پەنجە دەخاتە سەر ئازارەكان و بەزمانی خۆی گرفتەكانی نێو ئەو كۆمەڵگەیە دەخاتەڕوو، زۆرجاریش لە ڕێگەی شانۆگەرییەكەوە گرفتەكان چارەسەركراون.