گۆڵدن ئارت گروپ دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتان) ساز دەکات

گۆڵدن ئارت گروپ دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتان) ساز دەکات
بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە گۆڵدن ئارت گروپ دیدارێکی سینەمایی بە ناوی (سینەما لە نیگای ئافرەتانەوە) ساز دەکات لە هۆڵی سێڤن ئارت سینەما لە میگا مۆڵ بۆ ماوەی یەک رۆژ.
لەم دیدارە سینەماییەدا ١٣ فیلم بەشداری دەکەن بەم شێوەیە ٨ فیلمی کوردی و ٢ فیلمی عێراقی و یەک فیلمی مەغریبی و ٢ فیلمی بیانی بەشدارن تێیدا و سەرجەم فیلمەکانیش لە دەرهێنانی ئافرەتانن.
سەرچاوەیەک لە دیدارەکە رایگەیاند کە فیلمەکان لە دوو کاتی جیاوازدا نمایش دەکرێن یەکەمیان ١١ تا ١ی پاش نیوەڕۆ و دووەمیان لە کاتژمێر ٤ تا ٧ی ئێوارە و ئافرەتی سەرکەوتوولە بواری سینەما و راگەیاندن و رۆشنبیری خەڵات دەکرێن، هەر بەم بۆنەیەوە ژمارەیەک خانمە ئەکتەر و سینەماکار بانگهێشت دەکرێن لەوانە ئینعام عەبدولمەجید لە بەغدا کە دەرهێنەری فیلمی (شروق)ە و و لە سویدەوە گەڕاوەتەوە و ژمارەیەکی دیکەش لە شاری سلێمانییەوە دێن لەوانە سنوور ئالانی، دەوەن نەوزاد، نیگار عوسمان، رۆژین شەریفی، سۆلین جیهاد دڵپاک، و ژمارەیەکی دیکە.
سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند کە دیدارەکە یەک رۆژ بەردەوام دەبێت بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بەشدارییەکی فراوانی رێکخراوەکانی ئافرەتان و خانمان و لە دیدارەکەدا چەندین دیدار ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە بابەتی فیلمەکانیش وتی: فیلمەکان بابەتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە نیگای ئافرەتان بۆ ژیان و دیاردەکانی نێو کۆمەڵگا، هەر لەم دیدارەدا خانمە سینەماکار لەیلا مەجیدی بە یەکەم ئەزموونی خۆی لە بواری دەرهێنان بەشداری دەکات بە فیلمی (بالیت).
Top