رۆژین شەریفی:ئەكتەر و دەرهێنەری زۆر بە توانامان هەیە كە پێویستە هاوكاری بكرێن....

رۆژین شەریفی:ئەكتەر و دەرهێنەری زۆر بە توانامان هەیە كە پێویستە هاوكاری بكرێن....
رۆژین شەریفی وەك كاراكتەری سەرەكی لە زنجیرە درامای (دووپشك) دەركەوت و ناسرا، دواتر لە فیلمی (كلاسیكۆ) بەشداری كرد كە تا ئێستا لە كوردستان نمایش نەكراوە. لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان دەربارەی دەرنەكەوتنی و كاری داهاتووی ئاراستەی كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.



* لە دوای زنجیرە درامای (دووپشك) رۆژین شەریفی سەرقاڵی چییە؟
- من نەوەستام لە كار كردن، دوای (دووپشك) بەشداریم لە درامای (غوربەت)دا كرد كە تا ئێستا بە هۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە بڵاونەكراوە، هەروەها بەشداریم لە فیلمی (كلاسیكۆ)دا كرد كە ئێستا تەواو بووە و لە ئەوروپا نمایش كراوە، دوای ئەم فیلمە ماوەی ساڵ و نیوێكە بەشداریم لە هیچ كارێكی هونەریدا نەكردووە، چونكە ئێستا قوتابی زانكۆم و فشارێكی زۆری خوێندنم لەسەرە.
* لە كاتی تۆماركردنی درامای (دووپشك) تۆ قوتابی قۆناغی شەشی ئامادەیی بووی كە قۆناغێكە سەخت و هەستیارە، كەچی كارەكەت بە باشی ئەنجامدا، بۆچی ئێستا فشاری خوێندنت لەسەرە؟
- چونكە من لە زانكۆی ئەمریكی قوتابیم و خوێندنی ئەم زانكۆیەش تا راددەیەكی زۆر زەحمەتترە لە كۆلێژەكانی دیكە، من لە بەشی سیاسی (خوێندنی نێودەوڵەتی) كە مەنهەجەكەی هەمووی بە زمانی ئینگلیزیە و پێویستە كاتی زۆری بۆ تەرخان بكەم.
* خوێندن لە بەشی سیاسەت دژ بە حەزی تۆ نییە وەك هونەرمەندێك؟
- بێگومان حەزی یەكەم و سەرەكیم هونەرە و حەزی دووەمم كاری سیاسی و مرۆڤانەیە، بەڵام بە داخەوە لە كوردستان كۆلێژێك یان زانكۆیەكی هونەری باش نابینم كە لە ئاستێكی بەرزدا بێت بەتایبەتی بۆ ئەكتەری سینەما، بۆیە من بە ناچاری رووم لە حەزی دووەمم كرد كە كاری سیاسی و مرۆڤایەتییە بۆ ئەوەی بتوانم یارمەتی خەڵك بدەم، من پرسیاریشم كرد و هەوڵیشمدا كە لە بەشی نواندن بخوێنم، بەڵام خوێندن لێرە لە ئاست حەز و ئارەزووەكانی من نییە و سەرەڕای ئەوەی كە من دەزانم هونەرمەندانی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا لە چ بارودۆخێكی سەخت و دژواردان، بەڵام ئەگەر كۆلێژێكی ئاست بەرز هەبوایە بە بێ دوودڵی رووم تێدەكرد و لە بواری هونەر دەمخوێند.
* ئێستا كوردستان لە قەیرانێكی سەختدایە، بەڵام وەك رۆژین شەریفی چ پلانێكت هەیە بۆ دواڕۆژی خۆت وەك ئەكتەر؟
- ئێستا تا دوو ساڵی دیكە بە زانكۆ بەستراومەتەوە، دوای ئەوە حەز دەكەم بڕۆمە دەرەوە و لەوێ لە بواری هونەری نواندن بخوێنم و بە حوكمی ئەوەی كە لە زمانی ئینگلیزی سوودی زۆرم لە زانكۆ وەرگرتووە، پێموایە ئەگەر لە دەرەوە بخوێنم ئەوا دنیایەكی دیكەم لەبەردەم دەكرێتەوە و هەوڵ دەدەم تەنیا بۆ كورد و كوردستان كار نەكەم، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان كار بكەم
* بە دەر لە خوێندنی ئەكادیمی لە زانكۆ چەند كاتی خۆت بۆ خوێندنەوە لە بواری هونەر تەرخان دەكەی؟
- من پێموایە رۆمانی هەندێ نووسەر هەمووی هونەر و كاراكتەرە، پێویستە ئەكتەر لە دەرهێنان بزانێ و لە سیناریۆ تێبگا كە تۆ دێڕێكت نووسیوە مەبەستێكت هەیە، ئەمانە هەموویان زۆر یارمەتی هونەرمەند دەدەن بۆ نواندن، من زۆر دەخوێنمەوە و زۆر زۆریش سەیری فیلم دەكەم و رۆژی وا هەیە نزیكەی سێ فیلم سەیر دەكەم و هەموو كاتی خۆمی بۆ تەرخان دەكەم، چونكە ئەگەر كەسێكی ئاسایی تەنیا سەیری گرتەكان بكات، من وەك ئەكتەر سەیری لۆكەیشن و جووڵە و نواندنی ئەكتەر دەكەم و زۆر زۆر هەوڵ دەدەم خۆم پێ بگەیەنم، چونكە ئەزموونێكی زۆرم نییە لەو بوارەدا لە چاو ئەكتەرانی دیكە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین تۆ جگە لە نواندن بیر لە دەرهێنانیش دەكەیتەوە؟
- تا ئێستا بە جددی بیرم لێ نەكردۆتەوە، بەڵام كۆمەڵە رووداوێك هەیە حەز دەكەم بیاننووسم و بیاندەم بە كەسێك كە كاری دەرهێنانی بۆ بكات. حەز دەكەم تەنیا كارێك بكەم و خەڵك بە كارەوە بمناسن و خۆم نەقورتێنمەوە نێو هەموو كارێكەوە، ئەگەر بگەمە رۆژێك كە بزانم هیچ شتێك نەماوە لە نواندن فێری بم و ئەنجامی بدەم رەنگە ئەو كات بیر لە دەرهێنان بكەمەوە، چونكە ئەكتەر لە هەر كارێكی نوێدا شتێكی نوێ فێر دەبێت لە هەموو روویەكەوە كە ئەمانە هەموویان فێر دەبی، بەرەبەرە ئامادەت دەكات بۆ دەرهێنان.
* درامای (دووپشك) تا راددەیەكی زۆر بووە هۆی ناسینت لەسەر ئاستی ناوخۆ، فیلمی (كلاسیكۆ) چ رۆڵی هەبوو لە ناسینت بەتایبەتی لە دەرەوە؟
- ئێستاش زۆر جار هاوڕێكانی زانكۆ بە گاڵتەوە بە (رۆژین شەریفی)ی ئەكتەری گەورە بانگم دەكەن، هەرچەندە من زۆر حەز بەمە ناكەم، بەڵام ئەمە بۆ (دووپشك) دەگەڕێتەوە، ئەوەی من ئاگادار بم ئەم فیلمە لە نەرویج و چەند شوێنێكی دیكە نمایشكراوە، هەندێك خزمم لەوێ دەڵێن سەیری فیلمەكەتمان كردووە و زۆر بە دڵیان بووە، جا نازانم لە روانگەی خەڵكانی دیكە چۆنە، بەداخەوە لەبەر ئەوەی پاسپۆرتم نەبوو، نەمتوانی لە فیستیڤاڵی دوبەی ئامادە بم، هیوادارم بتوانێت شوێنێك بكاتەوە، چونكە چیرۆكەكەی زۆر جوانە.
* دوای غوربەت هیچ كارێكت پێشكەش كراوە كە رەتت كردبێتەوە؟
- بەڵێ كاری زۆرم پێشكەش كراوە، بەڵام رەتم كردۆتەوە بەهۆی سەرقاڵ بوونم بە خوێندن، یان كارەكە بە دڵم نەبوو، چونكە حەز لە زۆری و بۆری ناكەم.
* وەك ئەكتەرێك كە لە سەرەتای كاری هونەریدای ئایندەی هونەری نواندن لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- بەداخەوە زۆر كەس پێیانوایە كە كورد هونەرمەند و كەسی داهێنەری نییە، بەڵام ئەمە راست نییە، من زۆر گەنجی بە توانا و خاوەن بیرۆكەی زۆر جوانم بینیوە لە بواری نواندن، دەرهێنان، سیناریۆ نووسین لە هەولێر و سلێمانی، بەڵام بێ ئومێدن و ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات هیچ باشییەك نابینم بۆیە پێویستە دەستیان بگیرێت.
* كە ئەمانەم هەمووی هەیە ئەی چیمان نییە؟
- پارەمان نییە، لە وڵاتان سینەما بەشێكی ئابووری وڵاتەكەیە، لێرە پێیانوایە ئەگەر پارە لە فیلمێك خەرج بكەی، وەك ئەوە وایە كە پارەكەت فڕێدابێت ئەمەش هەڵەیە.
* چیت ماوە بیڵێی؟
- زۆر جار لێم دەپرسن بۆ دەرناكەوی و ونی، لێرەوە دەڵێم تۆزێك لەسەرم راوەستن تا خوێندنەكەم تەواو دەكەم.





Top