شەڕی نێوان ئەنغام و كۆنە هاوسەرەكەی توندتر دەبێت
ئەنغام بە نیازە لە ماوەیەكی نزیكدا ئاهەنگێكی گۆرانی لە كوێت ئەنجام بدات بە یاوەری گۆرانیبێژی ناسراوی سعودی محەمەد عەبدە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی سازكردنی ئاهەنگەكەی ناكۆكییەكە دیسان سەریهەڵداوەتەوە، لەم بارەیەوە رۆژنامەی (رأی) كوێتی بڵاوی كردەوە كە گومانی زۆر هەیە لەوەی ئەنغام نەتوانێت ئاهەنگەكە ساز بكات، چونكە بە هۆی بوونی حوكمێكی یاسایی لە دژی رەنگە رێگای چوونە ناو كوێتی پێ نەدرێت. دایكی فەهد بە رۆژنامەی ناوبراوی راگەیاندووە كە ئەگەر وەزارەتی ناوخۆی كوێت رێگا بە ئەنغام بدات ئەوا سكاڵای یاسایی لەسەر وەزارەتی ناوخۆی كوێتی بەرز دەكاتەوە، چونكە پێویستە ئەنغام دەستگیر بكرێت و زیاتر وتی: من بە دوای ئەنغامەوە دەبم تا ئەو هۆتێلەی تێیدا دادەبەزێ و ئەگەر دەستگیر نەكرێت، سكاڵا دژی هەر كەسێك بەرز دەكەمەوە كە بەرپرسە لە هاتنی.
دادگای باری كەسی لە كوێت بڕیاری دەستگیركردن و هێنانی ئەنغامی دەركرد بوو هەر كاتێك كە هاتە نێو فڕۆكەخانەكانی كوێت بەپێی ئەو سكاڵایەی كە دایكی كۆنە هاوسەری ئەنغام بەرزی كردبۆوە كە تایبەت بوو بە بینینی نەوەكەی.
پێشتر ئەنغام رایگەیاندبوو كە سەردانی كوێت دەكات بۆ سازكردنی ئاهەنگێك لە میانەی فیستیڤاڵی (هلا فبرایەر) بەڵام ئەوەی رانەگەیاندووە كە كوڕەكەی لەگەڵ خۆی دەبات، یان نا.