شانۆگه‌ری (گه‌مه‌)ی(ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) یه‌كه‌مین نمایشی بێ سپۆنسه‌رله‌2016دا

شانۆگه‌ری (گه‌مه‌)ی(ئه‌رسه‌لان ده‌روێش)   یه‌كه‌مین نمایشی بێ سپۆنسه‌رله‌2016دا
وەک هەنگاوێک بۆ بەردەوام بوون و برەودان بە هونەری شانۆ، شانۆكاری ناسراو (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) تازه‌ترین به‌رهه‌می (خۆبه‌ خشانه‌)و به‌بێ هیچ سپۆنسه‌رێك نمایش ده‌كات بە ناوی (گەمە)، بڕیاره‌ شانۆگه‌ری (گه‌مه‌) كه‌ ناونیشانی یه‌كه‌می (به‌ندۆڵی یاده‌وه‌ریه‌كانی ئێمه‌)یه‌، له ‌نووسینی ئه‌دیبی ئێرانی (عه‌باس مه‌عروفی)یه‌و شاعیری ناسراو(دلاوه‌ر قه‌ره‌داخی) له‌ میانه‌ی زنجیره‌ی (شانۆی بیانی) ده‌زگای چاپ و بڵاوكرنه‌وه‌ی ئاراس له‌ فارسییه‌وه‌ وه‌ری گێڕاوه‌ و (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش)ی هونه‌رمه‌ند كاری ئاماده‌كردن وده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجام ده‌دات له‌ رۆژی چوار شه‌ممه‌ 1022016 و رۆژی دواتر له‌هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر نمایش بكرێت،وه‌ك زانیومانه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ كه‌بوێرانه‌ خۆی له‌چه‌ند پرسێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مه‌ڕ خۆمان ده‌دات ، خۆبه‌خشانه‌و له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر به‌رهه‌مهاتووه‌ و پێشكه‌ش ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كه‌ (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) لە لێدوانێکیدا بۆ گوڵان وتی: سوپاسی ستافی به‌شدارانی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ده‌كه‌م كه‌ زۆر ماندوونه‌ناسانه‌و خۆبه‌خشانه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ كارم له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.ئێمه‌ له‌وه‌ ده‌گه‌ین كه‌ كۆمپانیاو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی وڵاته‌كه‌مان چ سوودێكیان له‌ شانۆ پێ نابڕێت ! بۆیه‌ به‌كۆمه‌كی خۆمان و پشتیوانی هونه‌ریی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر)و تیپه‌كه‌مان(تیپی شانۆی سالار) و دڵسۆزانمان له‌ به‌شی شانۆی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر ئه‌م شانۆگه‌ریه‌مان ئاماده‌كردووه‌و به‌رۆكی كه‌سمان نه‌گرتووه‌.
ئەرسەلان دەروێش زیاتر وتی: هیوادارین نمایشه‌كه‌مان كه‌ باس له‌ پرسی ئازادی راده‌ربڕین و بێ مووچه‌یی و به‌ساڵاچوان وگه‌نده‌ڵی وچه‌ند پرسێكی دیكه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گه‌نگه‌شه‌‌ ده‌كات! مایه‌ی سه‌رنجدانی بینه‌ران بێت و بێگومان هه‌رچییه‌ك پێشكه‌ش كه‌ین بارته‌قای خوێنی شه‌هیدێك و نه‌به‌ردی (پێشمه‌رگه‌)نابێته‌وه‌..هه‌روه‌ك (شێركۆبێكه‌س )ده‌ڵێت : هه‌رچی گێلاسی به‌خششمانه‌ دڵۆپ دڵۆپ بیچۆرێنینه‌ نێو گه‌رووی نیشتیمانه‌وه‌ هێنده‌ خوێنی شه‌هیدێك گۆنای سوور هه‌ڵناگه‌ڕێنێت..
Top