یوسف "شێته‌كانى لە چەند شوینێک نمایش دەکات

یوسف
هونەرمەندی لاو و مامۆستای کۆلێژی هۆنەرە جوانەکان یوسف یوسفى ، له‌ئێستادا سه‌رقاڵى دوا كاریه‌تى به‌ناونیشانى: "شێته‌كانى ئه‌م ڕۆژگاره‌" کە به‌رهه‌مى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى شانۆ و كۆلێژى هونه‌ره‌جوانه‌كانى هه‌ولێره‌ به‌شى شانۆ و ناوەڕۆکەکەی بابەتێکی کۆمەڵایەتییە و بەشێکە لە کارو چالاکیە بەردەوامەکانی.
سەبارەت بە وردەکاریەکانی ئەم کارەی بۆ گوڵان وتی: "دواكارى هونه‌ریم به‌ناوى شێته‌كانى ئه‌م ڕۆژگاره‌ له‌نووسینى دیمترى باساناس، وه‌رگێڕانى د.ئازاد حه‌مه‌ شه‌ریف، ده‌رهێنانى خۆم. لە بارەی ناوەڕۆکی ئەم شانۆگەریە وتی: ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ باسى فه‌مانبه‌رێك ده‌كات كه‌له‌ بانك كار ده‌كات و ڕۆژانه‌ ملیۆنان دینار به‌نێو په‌نجه‌كانى ده‌ڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك دینار بچێته‌ ناو گیرفانى، سه‌ربارى كه‌مى موچه‌كه‌ى بۆ چه‌ند مانگێك ده‌بێ مووچه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌و قه‌رزێكى زۆریشى له‌سه‌ره‌ وه‌كو كرێى كاره‌با و ئاوو مۆلیده‌و دوكاندار سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ژنه‌كه‌ى به‌رده‌وام سه‌ركۆنه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێ تۆش وه‌كو خه‌ڵكى بدزه‌و به‌رتیل وه‌رگره‌ ببه‌ به‌كه‌سێكى گه‌نده‌ڵ، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ كه‌سى گه‌نده‌ڵێ پێویسته‌، دواجار ده‌یباته‌ لاى دكتۆرێكى ده‌روونى تا چاره‌سه‌رى بكات، ئه‌ویش چاره‌سه‌رى ده‌كات ده‌یكاته‌ كه‌سێكى گه‌نده‌ڵ و دزو درۆزن و فێڵباز، به‌ڵام له‌كۆتايیدا فه‌رمانیه‌ره‌كه‌ قوبڵى ئه‌م حاڵه‌ ناكات ده‌ڵێ با شێت بم نه‌وه‌كو كه‌سێكى فێڵباز و گه‌نده‌ڵبم".
یوسف یوسفى زیاتر وتی: مه‌به‌ستمان له‌م كاره‌ حكومه‌ت و خه‌ڵك هه‌ردووكیان جارێكى تر ده‌ست له‌ناو ده‌ستى یه‌كترى بنێن بۆ خزمه‌تكردنى نیشتیمان دووركه‌ونه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵى و به‌چاكسازى بنه‌ڕه‌تى ته‌واو . ئه‌م كاره‌ به‌رهه‌مى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى شانۆ و كۆلێژى هونه‌ره‌جوانه‌كانى هه‌ولێره‌ به‌شى شانۆ، ئه‌م كاره‌ شه‌شه‌مین كارى شانۆیمه‌ خۆبه‌خشانه‌ كار ده‌كه‌م لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موو ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ بكه‌م كه‌هه‌موو كات پاڵپشتى من بووینه‌ بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنى كاره‌ هونه‌ریه‌كانم .

بڕیاره‌ ڕێكه‌وتى رۆژی یەکشەممە 7/2/2016 كاتژمێر(7) ى ئێواره‌ له‌كۆمه‌ڵگاى به‌شه‌ناوخۆیى شه‌هید شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین نمایش بكرێت، هه‌روه‌ها ڕێكه‌وتى 9/2/2016 له‌ له‌زیندانى چاكسازى هه‌ولێرنمایش بكرێت .
Top