لە ساڵیادی كارەساتی یەكی شوباتی خوێناویلە هەولێر دیداری سینەمایی (سینەما دژی تیرۆر) بەڕێوە دەچێت

لە ساڵیادی كارەساتی یەكی شوباتی خوێناویلە هەولێر دیداری سینەمایی (سینەما دژی تیرۆر) بەڕێوە دەچێت
بڕیار وایە ئەمڕۆ لە یادی كارەساتی یەكی شوبات لە هەولێر دیداری سینەمایی (سینەما دژی تیرۆر) بە بەشداریكردنی سینەماكاران و كەسایەتییە هونەرییەكانی بواری سینەمای كوردستان و عێراقی و بیانی و وڵاتانی دەوروبەر ساز بكرێت، لەم دیدارە سینەماییەدا سێ لە گرنگترین ئەو فیلمانەی كە باس لە تیرۆر دەكەن لەلایەن لیژنەیەكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت.
لەم بارەیەوە پشتیوان عەبدوڵڵا لە لیژنەی ئامادەكاری دیداری سینەما دژی تیرۆر بە گوڵانی راگەیاند بیرۆكەی سەرەكی سازكردنی ئەم دیدارە سینەماییە لەوەوە سەری گرتووە كە هونەرمەندان بەتایبەتی سینەماكاران پەیامێك ئاراستەی رای گشتی جیهان بكەن كە سینەما و سینەماكاران پاڵپشتی و پشتیوانی هەموو هەوڵێك دەكەن لە هەر كوێیەك بێت دژی تیرۆر، بۆیەش سینەمامان لە نێو ژانرەكانی تری هونەر هەڵبژارد، چونكە سینەما دەتوانێت گوزارشت لە كێشە مرۆییەكان بكات و هەڵگری پەیامێكی روون و ئاشكرایە لەم بارەیەوە، دیارە كوردستان بە گشتی قوربانییەكی زۆری داوە و هەمیشە قوربانی تیرۆر بووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی رۆژی یەكی شوبات بۆ سازدانی ئەم دیدارە وتی: ئاشكرایە لە رۆژی یەكی شوبات كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز یەكێك لە دڕندەترین هێرشی تیرۆریستی دژی میللەتی كورد لە شاری هەولێر و لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وزیاتر لە 100 كەس بوونە قوربانی كە ژمارەیەكیان سەركردە و بەرپرسی حزبی و حكومی بوون تەنانەت كەسانی بیانیش كە بۆ پیرۆزبایی جەژنی قوربان هاتبوون لەو رۆژەدا بوونە قوربانی تیرۆر، هەڵبژاردنی ئەم رۆژەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رۆژی یەكی شوبات رەمزی نیشتمانی و رووبەرووبوونەوەی تیرۆرە.
ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری دیداری سینەمایی (سینەما دژی تیرۆر) زیاتر وتی: ماوەیەكە ئێمە سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی فیستیڤاڵەكەین و كۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆم دیدارەكە سێ رۆژ دەخایەنێت، بۆ سەرخستنی دیدارەكەش چەندین دیدارمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان و كەرتی تایبەتیش ئەنجامداوە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە سەرەڕای ئەو قەیران و ئاستەنگە ئابووریانەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت بزاڤی هونەری بەردەوامە بە هەوڵ و كۆششی لایەن و كەسایەتییەكان كە لەم بوارەوە رۆڵێكی بەرچاو و بەرپرسانەیان هەیە یەكێك لەو لایەنانەش كە لەم بوارەدا رۆڵی هەبووە و ئامادە بوو بەشداری بكات لە سەركەوتنی ئەم دیدارە سینەماییە كۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆمە، ئەمە یەكەم جار نییە ئەم كۆمپانیایە پشتیوانی لە بزاڤی هونەری سینەمایی بكات، چونكە ساڵی پاریش سپۆنسەری گەورەترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە كوردستان لە ئەستۆ گرتبوو و ئامادەیی دەربڕیوە كە لەم دیدارەشدا رۆڵی دیار و بەرچاوی دەبێت بە سوپاسەوە، ئەم پاڵپشتی و پشتیوانییەی كۆرەك تیلیكۆم وەك هاوكارێك بە كارێكی نیشتمانی دادەنرێت كە سینەماكاران كوردستان ستایشی دەكەن و سینەماكارانی كوردستان لە یادی ناكەن بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستادا.
ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری دیدارەكە وتی: لیژنەیەكی ناوبژیوانی تایبەتمان داناوە بۆ هەڵسەنگاندنی فیلمە بەشداربووەكان كە پێكدێت لە بەڕێزان ناسر حەسەن وەك سەرۆكی لیژنە و رەخنەگری سینەمایی ناسراوی عێراقی مەهدی حەسەن و خانمە ئەستێرەی سینەمایی بۆڵیۆد ئاشا جاهدیف كە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە سەردانی كوردستان بكات، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ دیدارەكە، چونكە ئاشا بە یەكێك لە ئەستێرە سینەماییە بە تواناكانی بۆڵیۆد دادەنرێت و پێشتر خەڵاتی باشترین ئەكتەری هیندی بەدەستهێناوە لە رۆڵی لە فیلمی (داغ) كە باس لە ژیانی ئافرەتێكی هیندی دەكات كە تووشی سەرگەردانی دەبێت بە هۆی كۆچی دوایی هاوسەرەكەی، سەبارەت بە هۆكاری بەشداری كردنی ئەم ئەستێرەی بۆڵیۆد پشتیوان عەبدوڵڵا وتی: ئەم خانمە ئەكتەرە لە هیندستان فیلمی (سیمای خۆڵەمێش)ی دەرهێنەر شاخەوان ئیدریسی بینی و كە سەرنجی راكێشا بوو و چاوی بە سینەماكار شاخەوان ئیدریس كەوتبوو و بە ئاشكرا پێی راگەیاندبوو كە هیواخوازە بتوانێت لە فیلمی داهاتوویدا بەشداری بكات، چونكە پێشبینی ئەوەی دەكرد ئەم فیلمە وەك زۆربەی فیلمەكانی دیكە كە پێشتری دیتبووی دەربارەی شەڕی عێراق و ئێران ئاسایی بێت، بەڵام دوای بینینی هەستی بەوە كرد كە لەم فیلمەدا بەشێوەیەكی كۆمیدی حاڵەتێكی مرۆڤایەتی كۆمەڵگا نیشان دەدات.
دەربارەی فیلمە بەشداربووەكانی ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی دیدارەكە وتی: لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا 25 فیلمی جیاجیا بەشدارن كە هەموویان فیلمی نوێن لە كوردستان و عێراق، ئەمریكا، ئەفغانستان، مەغریب، فەرەنسا، میسر، لەمانە دوو فیلم بەشێوەی خۆبەخش بەرهەمهاتوون لە لایەن هونەرمەندانی كوردستانەوە ئەوانیش كورتە فیلمی (دوانەی ئازادی)ی دەرهێنەر ئەمیر تەها كە لە پاڵەوانیەتی هونەرمەندی گەورە سەلام كۆییە و باس لە تاوانەكانی داعش دەكات دژی كوردستان، دووەمیشیان فیلمی (مەملەكەتی مێروولەكان)ی دەرهێنەر عەدنان عوسمانە كە فیلمێكی درێژە و چەندین ئەكتەری كوردستان بەشداری تێدا دەكەن ئەویش باس لە پاڵەوانیەتی پێشمەرگە دەكات لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەكات، هەروەها سێ فیلمی دەرهێنەرە گەنجەكان لە دەرەوەی پێشبڕكێی فیستیڤاڵدا نمایش دەكرێن ئەوانیش خۆبەخشانە بەرهەمهاتوون، لە هەمان كاتدا كۆڕێك بۆ رەخنەگر و نووسەر مەهدی عەباس ساز دەكرێت دەربارەی باس كردنی تیرۆر لە سینەمای جیهانی و هەڵسەنگاندنی دیدارەكە و فیلمە بەشداربووەكان.

بەرنامەی فیستیڤاڵ
رۆژی یەكەم/ سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەكی شوبات و دانانی چەپكە گوڵ.
كردنەوەی دیدارەكە بە نمایشكردنی فیلمێكی تۆماری دەربارەی كارەساتی یەكی شوبات دواتر نمایش كردنی ژمارەیەك فیلم لە عێراق، ئەمریكا، ئەفغانستان، كۆریا، فەرەنسا، میسر.
رۆژی دووەم/ نمایش كردنی 15 فیلم گرنگترینیان فیلمی مەغریبی (مسار الجمال) و فیلمی عێراقی (احلام الیقظة) لە دەرهێنانی سەڵاح كەرەم.
رۆژی سێیەم/ نمایش كردنی 10 كورتە فیلم و فیلمی (مەملەكەتی مێروولەكان) لە دەرهێنانی عەدنان عوسمان، دواتر رێزلێنان لە سێ سینەماكار ودوو فیلمی تر كە بە خۆبەخشی بەرهەمهێنراون.
دابەشكردنی خەڵات بەسەر باشترین دوو فیلم و باشترین بیرۆكە و باشترین خستنەرووی بیرۆكە و چارەسەر كردن.
شایەنی باسە گشت فیلمەكانی دیدارەكە لە رۆژانی 13-15ی شوبات لە فیلم هاوس لە عەنكاوە دووبارە نمایش دەكرێنەوە.
Top