دەرهێنەر لوقمان غەریب:لەم رۆژگارەدا هێشتا جۆڕە تێگەیشتنێك ماوە كە لێكدانەوەی كۆن دەكات و دواجار پەشیمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت
كۆمەڵێك هونەرمەندی ناسراوی شاری سلێمانی بەشداری تێدەكەن لەوانە: (عەلی كەریم، عەبدول حەمە جوان، مەریوان برایم، شۆڕش قادر، نیاز شەریف، شادی جەزا، ئەڤین عوسمان، بەهائەدین هەڵەبجەیی، شایی عوسمان، سازگار فوئاد، زاهیر عەلی، كەمال چالاك، بژار تەها خەلیل، شێروان عیزەت، تەها داراغا، زرنگ مەریوان، ئەكرەم حەمە گوڵ، نەوزاد ئەحمەد، شەماڵ فەرەج و چەند ئەكتەرێكی دیكە، كاری كامێرای ژینۆ عومەر كردوویەتی و كاری دەنگهەڵگر نەبەز حەمە شوكر ئەنجامی داوە و یاریدەدەری دەرهێنەر مەریوان برایم ـە. سەبارەت بەم كارە نوێیە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دەرهێنەر لوقمان غەریب كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
• ناوەندی گاڤ بەردەوامە لە كار كردن، ئایا ئەم كارانەی ئەنجامی دەدەن بۆ سەركەوتنی پێشووترتان دەگەڕێتەوە؟
-ناوە ندی GAV دەزگایەكی هونەری چالاكە و بەردەوام كاری سەركەوتووی ئەنجامداوە. بەڵێ سەركەوتن و ناوبانگی پێشوو و مێژووی پڕ بەرهەمی ناوەندەكە مایەی متمانەی هونەرمەندان و بەردەوامیدان بە كار و بەرهەمی نوێ، دەتوانم بڵێم لە ئێستادا تاكە دەزگایە لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم و دراما بەردەوامە سەرەڕای قەیرانی ئابووری و نەبوونی هیچ پشتیوان و هاوكارییەك، من لە رێگای ئەم گۆڤارە خۆشەویستەوە زۆر سوپاسی هونەرمەندە هاوكارەكانمان دەكەم كە هەمیشە پشتیوانی سەرەكی و هاندەری بەردەوام بوون بۆ درێژەدان بە بەرهەمهێنان و كاركردن لە ناوەندەكەدا.
* لەم بارودۆخە سەختەدا ئایا سپۆنسەرتان هەیە؟
- سوپاسی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و میدیایانە دەكەم كە بەردەوام بایەخ و گرنگییان پێداوە و هەواڵی كارەكانمان بۆ خوێنەران و بینەران گواستۆتەوە لە نێویشیاندا گۆڤاری گوڵان، لە سەرەتای وەرزی كاركردن لە پرۆژەی 4 فیلمە درامییەكەدا كە هەندێك جار بە هەڵە لە فیلمی تەلەفزیۆنی ناودەبرێت، پێوەندی زۆرمان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێك كە مایەی باس كردن بێن، هەرچۆنێك بێت ئێمە بەردەوام دەبین لە بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەكەمان و ئومێدمان زۆرە پاش تەواو بوون سپۆنسەرمان دەست دەكەوێت.
* بیرۆكەی بازاڕی كۆنەفرۆشان چۆن درووست بوو؟
- بیرۆكەكەی لە رووكەشدا چیرۆكێكی كۆمەڵایەتی و هەڵهێنجراوی رووداوی رۆژانە و ژیانی ئاسایی خەڵك، بەڵام لە ناوەڕۆكدا مانا و مەدلوولی تری هەیە، دەبینین لەم سەردەم و لەم رۆژگارەدا هێشتا چۆرە تێگەیشتنێك ماوە كار لەسەر فرۆشتنی بیری كۆن و ئاكار و لێكدانەوەی كۆن دەكات كە دواجار پەشیمانی و مایەپووچی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
* جیاوازی لەگەڵ كارەكانی پێشووت چییە؟
- جیاوازییە كی زۆری هەیە هەر لە رووی ستایل و چیرۆك و رووداو و هێڵە درامییەكان تەنانەت كاراكتەرەكانیش جیاوازن، لەم فیلمەدا دوو هێڵی هاوتەریبی درامایی پێكەوە دەڕۆن كە هێڵیكیان كۆمیدیایەكی ئامانجدارە و هێڵەكەی تریش بینای درامی لایەنی فكرییە كە فیلمەكەی لەسەر بونیاد نراوە.
* زۆربەی كارەكانت باش لە مێژووی شاری سلێمانی دەكەن، هەوڵتان نەداوە چوارچێوەی كارەكانت بۆ كوردستان فراوانتر بكەیت؟
- رەنگە ئەو جۆرە بۆچوونەتان لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە درووستكردنی بەرهەمەكانی لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێن و ئەكتەری ئەوێ رۆڵەكان بەرجەستە دەكەن، دیار شێوازی ئەداكردنی دیالۆگەكانیش هەر سلێمانیانەیە ئەگینا وەكو تر، هەموویان باس لە سلێمانی ناكەن، بۆ نموونە زنجیرە درامای (نامەكانی ئەشرەف) شوێنی روودانی رووداوەكان دیار نەكراوە، هەروەها زنجیرە درامای (رەیحانە)ش بە هەمان شێوە، لە (رەیحانە)دا لاوكی كرمانجی ژوورو و حەیرانی دەشتی هەولێر و هەندێك بەیت وبالۆریە ناوچە دیالیكتە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بەكارهاتوون هەروەها ئاماژەی بۆ پێكەوەژیانی كریستیان و ئەرمەن و جولەكەكان كردووە كە لە كوردستان بوون بەشێوەیەك كە بەشێكی گرنگ بوون لەناو رووداوەكاندا نەك تەوزیفێكی جوانكاری و فەنتازی، باوەڕیشم وایە كە یەكەم جار بووە لە بەرهەمێكی درامیدا ئەو هەموو رەنگییە بە رووداو و لە چوارچێوەی هێڵی گشتی دراماكەدا تەوزیف بكرێت لە راستیشدا تاقانە بەرهەمیش بووە كە ئەو جۆرە موزایكەی ژیانی خەڵكی كوردستان پیشان بدات، هەروەها فیلمی (دانیشتوانی عەلیاوە)ش شوێنی رووداوەكان دیار نین ئەگەرچی زەمان و كات روونە، بەڵام بینەر دەتوانێت بڵێت ئەو شوێنە ئاكرێ، یان كۆیە، یان زاخۆ، یان هەر شارێكی دیكەی كوردستانە.