بارنیتی ئامۆژگاری ئافرەتان دەكات
شۆپرا كە بە ئەكتەرێكی رەچە شكێن ناسراوە بەهۆی ئەوەی باس لە بابەتە ئاڵۆزەكان و شكاندنی تابۆكانی نێوكۆمەڵگای هیندی ناسراوە، بەم دواییە و لە كاتی ئەنجامدانی ریكلامێكی بازرگانی بۆ یەكێك لە جلوبەرگی ژێرەوەی ئافرەتان، رەخنەیەكی زۆرتوندی لەو كەسانە گرت كە داوای لێدەكەن چیتر بە ئاشكرا و راشكاوی باس لە بابەتە پێوەندیدارەكان بە سووڕی مانگانەی ئافرەتان نەكات لە لێدوان و دیمانە رۆژنامەوانییەكانیدا.
شۆپرا لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووسان دەربارەی یادگارییەكانی تەمەنی منداڵیی خۆی و ئەو كۆت و بەندانەی لەلایەن كۆمەڵگا و كەسوكارییەوە بەسەریدا سەپێنرابوون وتی: من لە شارۆچكەیەكی بچووك لە دایكبووم و گەورە و پەروەردە كراوم، لەو كۆمەڵگایەی من تێیدا پەروەردە بوو زۆر شت و دیاردەی حەرام و قەدەغە كراو هەبوون، بۆیە پێویستە ئێستا بە هەموو لایەك هەوڵی نەهێشتنی ئەم دیاردە دواكەوتووانە بدەین، چونكە دواكەوتوویی كۆمەڵگاكەمان نیشان دەدات.
شۆپرا لە درێژەی قسەكانیدا وتی: دیاردە نابەجێیەكان بەتایبەتی بەرامبەر بە ئافرەتان زۆر بوون، بەڵام ئەوەی زۆر منی ئازاردەدات، ئەوانە بوون كە پێوەندییان بە كاتی سووڕی مانگانەی ئافرەتانەوە هەیە، بۆ نموونە ئافرەت لەو ماوەیەدا بۆی نییە بچێتە پەرستگا، یان چێشت لێ بنێت، یان پرچی خۆی بشوات ئەمەش جۆرێكە لە كەمكردنەوەی پێگەی ئافرەت.