کەریم کابان لە دیدی هونەرمەندانەوە

کەریم کابان لە دیدی هونەرمەندانەوە
رۆژی پێنجشەممە 14-1-2016 هونەرمەندی بەناوبانگی كوردستان بواری گۆرانی و موزیک كەریم كابان لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.کەریم کابان لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی شێخانی کۆنی سلێمانی لەدایکبووە. 3 کوڕ و 3 کچی هەن. ئەو هونەرمەندە خاوەنی 20 گۆرانی تۆمارکراوە، لەنێویاندا گۆرانی (یاران وەسیەتم، بێدارانی شەو) کە بەنێوبانگترنیانن. هەرچەندە بەرهەمەکانی کەریم کابان لە رووی ژمارەوە کەمە، بەڵام بەهۆی دەنگە خۆشەكەی، یەكێك بووە لە هونەرمەندە هەرە خۆشەویستەكانی كوردستان. یەكەم بەرهەمی تۆماركراوی كەریم كابان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945، بەوەش تاوەكو ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد، نزیكەی 60 ساڵ خزمەتی هونەری گۆرانی و میوزیكی كوردی كردووە.


ئەنوەر قەرەداغی: هەستی بە بەرپرسیاریەتی دەكرد بەرامبەر بە میللەتەكەی
یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی هەیبەتی بەخشیوە بە خەڵك، ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بریتییە لە هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەو میللەتە و وەك كوردێكی نیشتیمانپەروەر لەم بوارەدا توانیویەتی ئەسپی خۆی تاو بدات و لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی میللەتەكەی بژیت.
دۆتمیر: بۆشاییەکی گەورەی جێهێشت
لە مێژووی میللەتەكەمان بە دەیان هونەرمەند هەبوون كە ناویان بە زێڕ نووسراوەتەوە و لە هزر و بیری تاكی كورددا بە زیندوویی دەمێننەوە، چونكە لەگەڵ ئازارەكانی میللەت ژیاون و بە هونەرەكەیان خزمەتێكیان بە كەلتوور و فەرهەنگی میللەتەكەیان كردووە، هونەرمەند كەریم كابانیش یەكێك بووە لەو كەلە هونەرمەندانەی كە بە هونەرەكەیان بە زیندوویی دەمێننەوە.
خوای گەورە بە بەهەشتی شاد بكات، بە كۆچی دوایی كەریم كابان بۆشاییەكی گەورەی لە نێو قوتابخانەی هونەری كوردیدا جێهێشت، بۆیە ئەم جۆرە مرۆڤانە هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
قادر ئەسعەد: کەریم کابان دەنگێکی زیندوو بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە
ئەو وەکو کازیوەی سپێدەێکی زوو لە ناخی وڵاتێکی پڕاو پڕ لە ئەندێشەو ئازار و تەمەنێک پڕ لە ئەسرین چاوی هەڵێنا هەر زوو بوو بە سەرقافڵەی کاروانی هونەرێکی ڕەسەن و پڕ لە داهێنان کە تا کورد مابێت مێلۆدییەکانی ئەویش وەک ئەستێرەو ئاسمان لە بڵندی خاکەوە بەرز و درەوشاوە جێگیر دەبن، هەموو بەیانییەکیش وەکو گزنگی خۆری گەش هەڵدێت و ئاوێتەی رۆحمان دەبێت شوکرانەو موژدەی مانەوەی هونەریکی ڕەسەن وپڕ لە جێژ بە نیشتیمان دەبەخشێت، کۆچی دوایی ئەو کەڵە هونەرمەندە بۆشاییەکی زۆر لە هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی بەدوایی خۆیدا جێدەهێڵێت کە مەحاڵە بە ئاسانی ئەم پانتاییە بە کەسی تر پڕ بکرێتەوە.
سڵاو لە رۆحی پاکیان سڵاو لە هونەرو خەباتو ماندووبونیان سڵاو هەزاران جار سڵاو لە تەمەنی پڕ ئەسرینیان.
رۆژان: بە دەنگە جوانەکەی بیرەوەرییەکانی منداڵیی سنەی بیر دەخستمەوە
دو رۆژ لەمەو بەر هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم کابانم بێست زۆر دڵگران بووم، یادەوەری سەفەری کوردستانم کەوتە بیر، ساڵی ٢٠٠٥ بۆ کۆنسێرت هاتمە کوردستان هاوکات خاتوو مەرزیە کۆچی دوایی کرد و من بۆ پرسەی لە هەولێر مامەوە، لەو پرسەیە دا گشت هونەرمەندەکان لە هۆتێل ماینەوە و بۆ یەکەم جار مامەستا کەریم کابانم لە نزیکەوە بینی، دوای مەراسیم من لە هۆتێل لە ژوورەکەی خۆم بووم کەسێک لە دەرگای دا و یەکێک لە هونەرمەندەکان کە ناویم لە یاد نییە وتی مامۆستا تۆی بانگهێشت کردووە، زۆر بەلامەوە سەیر بوو کە مامۆستا بە میهرەبانی و سۆزێکی باوکانە پێشوازی لێکردم و چەند کاتژمێرێک لە خزمەتی دا بووم، باسی بیرەوەرییەکانی رابردوو چالاکیەکانی بۆ کردم و پێی وتم : من دەنگ و کەسایەتی ئێوەم خۆشدەوێ و دەبێ زیاتر سەردانی کوردستان بکەی و لەسەر مۆسیقای کوردی زیاتر کار بکەی، چەند وێنەیەکمان گرت بەڵام وێنەکانم بە دەستم نەگەیشت، دواتر بە دەنگە جوانەکەی کە منی دەبردەوە بیرەوەرییەکانی منداڵی و نەوجەوانی سنە دەستی کرد بە گۆرانی وتن، زۆر چێژم وەرگرت لە سادەیی و میهرەبانی مامۆستا و بۆهەمیشە بیرەوەری جەنابی لام بە یادگار ماوە، خوداوەند رۆحیان شاد بکات و بۆ خزم و دۆستانی هیوای خۆراگری و سەبر دەخوازم و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کۆمەڵگای هونەری کوردستان دەکەم.
خالید بەرزنجی: تەنیا جەستەی سەفەری كردووە و دەنگ و هونەرەكەێ بە زوڵاڵی ماوەتەوە
کاتێ ئاسمان ئەستێرەیەک ئەوەرێنێ، کاتێ بەهار خونچەیەک گەش ئەکاتەوه، کاتێ دەریا هەڵئەچێ و شەپۆل له دایک ئەبێ هەر ئەو کاته کەناریەک گەرووی خۆی پێشکەش کابان ئەکات و پێی ئەڵێ تو خوا به رۆحی پڕ له عەشقی خۆت به ناوی کەریم کابان و به گەرووی کەناری بچریکێنه بۆ ئەوەی عاشقان بزانن گریانی فیراق چەند به ئازاره.
ئای فەلەك چەند بێباكە لە تێكدانی هەر شوێنەوارێك لە سڕینەوەی هەر مێژوویەك لە تەڵخ كردنی هەر كانییەك، بەداخەوە ئەمجارەیان و لە سەرەتای ساڵێكی نوێدا مەرگ دەستی كردە ملی تۆ ئەی گەرووە ئاڵتوونییەكە، دەستی كردە ملی تۆ، ئەی كابانی عاشق و هونەرمەند و گۆرانیبێژ، چیدی وەسیەتنامەی حەزرەتی وەلی دێوانەمان بۆ ناچڕی، ئەی تەمەنی پڕئەزموونمان بۆ باس ناكەیتەوە، بەڵام دڵنیابە تۆ تەنیا جەستەت سەفەری كرد و دەنگ و هونەرەكەت بە زوڵاڵی ماوەتەوە بۆ ئێمە و بۆ نەوەكانی دوای ئێمە ئەی كابانی لێوان لێو لە عەشق و جوانی خوات لەگەڵ..
Top