شەیما قاسم شاجوانی 2015ی عێراق:كوردستان ئارامیم پێ دەبەخشیت
شەیما لەدایكبووی ساڵی 1995 و قوتابییە لە زانكۆی كەركووك. هەر لە منداڵییەوە خەونی بەوەوە دەبینی رۆژێك لە رۆژان تاجی شاجوانی لەسەر بكات، هەرچەندە وەك ئاماژەی بۆ دەكات سەرەتا خانەوادەكەی رازی نەبوون بە بەشداریكردنی لەو پێشبڕكێیە، بەڵام دوای هەوڵدانێكی زۆر بنەماڵەكەی رێگەیان داوە بەشداری بكات. شەیما لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە، توانی ناوی خۆی تۆمار بكات و خەونی منداڵیی بكاتە راستی و دوای بەشداریكردنی تاجی شاجوانی عێراقی لەسەر نا و دوای زیاتر لە 40 ساڵ بووە بە یەكەم شاجوانی عێراق.
شەیما ئاماژە بەوە دەكات كوردستانی زۆر خۆشدەوێت و بە نیازە لە نزیكەوە سەردانی كوردستان بكات، چونكە لەو كوردستان هەست بە خۆشی و ئارامی دەكات و درەبارەی پێشبڕكێی شاجوانی كوردستانیش دەڵێ: كە لە كاتی سازكردنی پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان حەزی دەكرد بەشداری بكات، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت نەیتوانی ئەو خەونەی لە كوردستان بهێنێتە دی، سەرەڕای ئەمەش بەردەوام بوو لە كار كردن بە هێنانەدیی خەونەكەی و كاری لەم پێناوەدا كرد و گوێی بە هیچ دەنگۆی و هەڕەشەیەك نەدا كە ببێتە هۆی ئەوەی ساردی بكاتەوە، یان بیترسێنێت و بیوەستێنێت لە كاركردن بۆ گەیشتن بەو هیوا و ئامانجانەی بۆ خۆی دایناوە.
یەكێك لە گەورەترین كێشەكان كە ئێستا رووبەڕووی عێراق بۆتەوە بریتییە لە بوونی ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ناوخۆ كە لەو شوێنی شەڕ و پشێوی تێدایە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەپێی چەند ئامارێكی تایبەتی ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوە خێرخوازییەكان ژمارەی ئاوارەكان خۆی لە 3 ملیۆن كەس دەدات بۆیە یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی شاجوانی عێراق بریتی دەبێت لە گرنگیدان بە ئاوارەكان و لەم بوارەوە دەڵێ: پڕۆژەو بەرنامەی من بەشێكی زۆر تایبەت دەبێت بە گەیاندنی هاوكاری ودەنگی ئاوارەكان بۆ لایەنی بەرپرس، لە نێو ئاوارەكانیشدا دەمەوێ گرنگییەكی زۆر بە هاوكاری كردنی منداڵە ئاوارەكان بكەم، بەتایبەتی بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و دواڕۆژیان نەفەوتێت، چونكە منداڵ داهاتووی ئەم وڵاتەن و وڵات لەسەر دەستی ئەوان بنیاد دەنرێتەوە، وەك دیارە بەشێكی زۆر منداڵە ئاوارەكان بەهۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیان لە خوێندن دابڕاون، زۆر لە شاجوانەكانی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كار بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان دەكەن بۆیە منیش هاوكات لەگەڵ ئاوارە و منداڵان كار بۆ پاراستنی مافی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەكەم.
دەربارەی داهاتووی بەتایبەتی كە ئێستا بۆتە یەكێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی عێراق و ناوچەكەش و لەم بارەیەوە دەڵێ: كاتێك تاجی شاجوانیم لەسەر كرد هەستم كرد كە خەونەكەم هاتەدی، بەڵام هاتنەدیی ئەو خەونە چەند ئەركێكی دیكەشم بۆ زیاد دەكات و پێویستە پەیامێكم هەبێت كە ئاراستەی جیهانی بكەم، بەتایبەتی كە ئێستا عێراق بە ناخۆشترین و سەختترین ساتەكانی تێپەڕ دەبێت و گەلی عێراق تووشی بارودۆخێكی ناهەموار دژوار بوونەتەوە لە هەموو بوارەكاندا، هیوادارم ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێتەوە و یەكسانی نێوان ئافرەت و پیاو لە عێراقدا بێتە ئاراوە و ئافرەتانیش بەشداری بكەن لە بونیادنانەوەی وڵات و پێشخستنی، چونكە ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاریدا دەژین، پێویستە تێروانین و بیرۆكەی خەڵك بەرامبەر ئافرەت بگۆڕێت و ئاوارەكان وكۆچبەرەكان بگەڕێنەوە جێگاو شوێنی خۆیان.
ساڵانە شاجوانی هەر وڵاتێك بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانی جیهان دەكات لە ساڵی داهاتوودا، شەیماش خۆی ئامادە دەكات كە لەم ساڵدا بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانی جیهاندا بكات، بەڵام ئەم پێشبڕكێیە جیاوازە لەوەی لە هەر وڵاتێكدا ئەنجام دەدرێت و چەند مەرجێكی تایبەتی هەیە بۆ خۆ كاندیدكردن لەوانە لەبەركردنی جلی نیمچەڕووت واتە جلی مەلەوانی وسەردەریا، بەڵام ئایا شەیما بەم مەرجانە رازی دەبێت، لەم بارەیەوە دەڵێ: وەك گوتم یەكێك لەو خەونەكانم ئەوە بوو تاجی شاجوانی لەسەر بكەم و ئەو خەونەم هاتەدی، بۆیە بە دڵنیاییەوە بە نیازم بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانی جیهاندا دەكەم و سەبارەت بە مەرجە تایبەتەكان دەكەم بە گوێرەی زانیارییەكانم لە ساڵی داهاتوو ئەو مەرجە تایبەتانە بەتایبەتی لەبەر كردنی جلوبەرگی سەر دەریا و رووت بۆ هەموو بەشداربووان پەیڕەو ناكەن و رەچاوی تایبەتمەندی چەند وڵاتێك دەكەن، بەڵام ئەگەر ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی بەجلی مەلەوانی دەركەوم، من ئەوە قبووڵ ناكەم و دەكشێمەوە، چونكە ئێمە وڵاتێكی موسڵمانین و ئەم جۆرە مەرجانە قبووڵ ناكرێت، هەروەها كۆمەڵگەش ئەمە قبووڵ ناكات، منیش نامەوێت لە دابونەریتی كۆمەڵگەی خۆم لابدەم، ئامادەش نیم لە پێناو لەسەر نانی تاجی شاجوانی جیهان و بەشداریكردن لەو پێشبڕكێیە خۆم رووت بكەمەوە، هەرچەندە بڕوام بە ئازادی بیروڕا هەیە، بەڵام ئەم كارە قبووڵ ناكەم.