نەجلا بەدر بۆ گوڵان:دیمەنی ماچ و چوونە نێو ئاوی سارد بۆ من زۆر زەحمەت بوون

نەجلا بەدر بۆ گوڵان:دیمەنی ماچ و چوونە نێو ئاوی سارد بۆ من زۆر زەحمەت بوون
لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی دەركەوت، ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی زۆرە و دەتوانرێ لە داهاتوو پشتی پێ ببەسترێ لە كاری گەورەدا، سەرەتا لە زنجیرەكانی ( الزوجة الثانیة و ریش نعام و بین السریات و الصعلوك) دا بەشداری كرد، دواتر لە رێگای فیلمی (قدرات غیر عادیە) كە لە دەرهێنانی داود عەبدولسەیدـە، سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا و بووە هۆكارێك بۆ كرانەوەی رێگاكان لە بەردەمی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جیهانی سینەمادا، نەجلا بەدر لەم دیمانەیەدا باس وردەكارییەكان ئەم فیلمە و كارەكانی داهاتووی دەكات.

دیمانە: سەفا عەبدولڕازق / گوڵان - قاهیرە



• سەرەتا حەز دەكەین بزانین هەستت لە دوای سەركەوتنی یەكەم فیلمت چییە؟
- زۆر خۆشحاڵم و هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم بۆ ئەو پێشوازی و كاردانەوەی جەماوەر و سینەماكاران، چونكە دەرهێنەر داود عەبدولسەید دووبارە جیهانی رەخنەگران و وشەی زیندوو كردەوە و گەڕاندییەوە نێو گۆڕەپانی رەخنەی سینەمایی دوای داكشانێكی زۆر لە جیهانی نووسین، سوپاس بۆ خوا یەكێك لە ئاواتەكانی ژیانم هاتە دی كە كار كردن بوو لەگەڵ فەیلەسووفی سینەمای میسری داود عەبدولسەید.
• زەحمەتترین دیمەنەكانی فیلمی (قدرات غیر عادیە) چی بوو؟
- دیمەنی (ماچ) و (مایۆ) و چوونە نێو دەریا لە زستانێكی ساردی ناوچەی (ئەبو قیڕ) لە دیمەنە زۆر زەحمەت و سەختەكان بوون، چونكە دەریای ئەو ناوچەیە زۆر خراپە، هەروەكا دیمەنی (ماچەكەش) ناخۆش بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا دەرهێنەر تەنیا بە یەكجار دیمەنەكەی تەواو كرد و پێی دووبارە نەكردینەوە، چونكە من زۆر دەترسام و دیمەنی كۆتاییش لەگەڵ نەخۆش كەوتنی خالد ئەبولنەجا بوو و ئەمە یەكەم دیمەن بوو كە وێنەمان گرت لە فیلمەكە، ئەوەی راستی بێت من زۆر شڵەژام و ترسێكی زۆریشم لە كارەكە هەبوو.
• تەجرەبەكەت لەگەڵ سیناریۆی (داود) چۆن بوو؟
- مامۆستا داود عەبدولسەید دەرهێنەرێكە كە لەسەر كاغەز كاری خۆی دەكات، سیناریۆش زۆر جیاوازە، بۆیە بڕیارمدا كە سیناریۆی فیلمەكە لە ماڵی خۆم هەڵگرم، من پێشنیار دەكەم كە مۆزەخانەیەك بۆ سیناریۆكانی گەورە دەرهێنەرە میسری و عەرەبەكان بكەینەوە بۆ ئەوەی قوتابیانی سینەما و ئەوانەی گرنگی بە جیهانی سینەما دەدەن، بیانخوێنن و لێیانەوە فێر بن، چونكە سیناریۆكان چەندین ماددەی زانستییان تێدایە.
* داود عەبدولسەید چۆن مامەڵەی لەگەڵدا كردی؟
- داود عەبدولسەید ئەوەیە كە دەرهێنەرێكی هێمن و رۆشنبیر و خاوەن ئیقاعێكی جیاوازە، لە هەمان كاتدا خاوەن رەوشتێكی بەرزیشە و یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو دەرهێنەرە گەورەیە كە بە دەگمەن لە دەرهێنەرانی تردا دەبینرێ و هەستی پێدەكرێ، ئەوەیە كە غیرە لە تیمەكەی خۆی دەكات، چونكە لە كۆتاییدا وەك رۆح مامەڵە لەگەڵ ئەكتەردا دەكات، نەك وەك ئامێر، لە راستیدا من قەت هزری ئەوەم نەدەكرد ئێمە لە شوێنێكدا وێنە دەگرین كە لە چێشتخانەیەكی ماسییەوە كراوەتە بەنسیون و لەكاتی چوونمان بۆ شوێنی وێنەگرتن تووشی شۆك بووم، چونكەچێشتخانەیەك بە شێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش گۆڕا بوو بۆ تابلۆیەكی جوان هەر لەبەر ئەوەش بوو كەوتمە داوی خۆشەویستی ناوچەی (ئەبو قیڕ)ەوە.
* چیتر زیاتر سەرنجی راكێشای؟
- من زۆر خۆشحاڵم بە جیهانی داود عەبدولسەید، چونكە یەكەم جارە دەچمە نێو ئەم جیهانە سیحراوییە، لە راستیدا ئەنەسی ئەبو سەیف ئەندازیاری دیكۆر و مامۆستا داود شارەزاییەكی زۆریان لە بواری سینەمادا هەیە و رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە گۆڕینی ئەو چێشتخانە سادەیە بۆ شوێنێكی وا جوان.
* فیلمی (قدرات غیر عادیە) فەلسەفەیەكی تایبەتی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیچ خەڵاتێكی بەدەست نەهێنا دوای نمایش كردنی لە هەردوو فیستیڤاڵی دوبەی و قەرتاج، ئایا ئەمە دەرهێنەری توڕە نەكرد؟
- كاتێك پرسیاری بە دەست نەهێنانی خەڵاتم لە دەرهێنەر كرد، وتی: من لە ژیانمدا خەڵاتی زۆرم بەدەست هێناوە و گرنگترین شت لای من ئەوەیە كە خەڵك فیلمەكەم ببینێت، لە راستیدا وەك رای كەسی خۆم زۆر حەزم دەكرد كە مامۆستا داود عەبدولسەید خەڵاتێك بە دەست بهێنێت، چونكە شایەنی خەڵاتە.
* داود عەبدولسەید فیلمەكانی تەنیا ئاراستە چینێكی دیاریكراوی جەماوەر دەكات، ئایا ئەمە نابێتە هۆی بێزار بوون؟
- من بیرم لە هیچ شتێك نەكردۆتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە كاری لەگەڵدا بكەم، زۆریش خۆشحاڵ بووم كە چوومە نێو جیهانی فەیلەسووفی سینەمای میسری، من حەز لە سینەمای داود دەكەم، و هەمیشە هەوڵمداوە كاری وا ئەنجام بدەم كە شانازییان پێوە بكەم، چونكە من رێز لە خودی خۆم و لە خەڵك دەگرم لە رێگای بەشداری كردنم لەو كارانەی كە بەهایەكی هونەری و مێژووییان هەیە.
* خالد ئەبولنەجا بیروڕای سیاسی بێزاركەری هەیە، ئایا ئەمە كاریگەری لەسەر داهاتی فیلمەكە نابێت؟
- بێگومان بیروڕاكانی بە هیچ شێوەیەكی كاریگەرییان لەسەر فیلمەكە نابێت، پێویستە لەسەر هەموومان كە را و رای جیاواز قبوڵ بكەین و رێز لە دیموكراتییەت بگرین، ئەویش وەك هاووڵاتییەك مافی خۆیەتی هەرچییەكی بوێ بیكات، هیوادارم ئێمەش وشیار بین و جیاوازی بكەین لەنێوان خالدی هونەرمەند و خالدی هاووڵاتی ئەوەشمان بیر نەچێت كە خالد چەند هەنگاوێكی هونەری باشی هاوێشتووە پێویستە رێزیان لێ بگیرێت، من وەك نەجلا حەز ناكەم بیروڕای سیاسی خۆم دەرببڕم.
*هەرچەندە پاڵەوانی فیلمەكە منداڵێكە، بەڵام لەنێو ئەو فیلمانە پۆلین كراوە كە دەخرێنە ژێر چاودێری خێزانی ئەمە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
- من هیچ زانیارییەكم دەربارەی پۆلینكردنی فیلمەكە نییە كە بەو ناوە بێت، بەڵام دەرهێنەر بیرۆكەكەی قبوڵ كرد و فیلمێكە بۆ هەموو تەمەنەكان دەبێت نەك تەمەنێكی دیاریكراوە، ناوەڕۆكێكی زۆر باش لە خۆ دەگرێت و هەموو بینەرێكی دەتوانێت سەیری بكات، چونكە هیچ شتێكی تێدا نییە كە دووربێت لە رەوشت و بەها پیرۆزەكان.
* دوای (قدرات غیر عادیە) كاری داهاتووت چییە؟
- بەشداریم لە دوو زنجیرە درامادا كردووە لەگەڵ عەدل گروپ ئەوانیش (هێڵی حەریر) و (كەوتنی ئازاد) و كارێ لەگەڵ خانمە ئەكتەری گەورە یوسرا و یەكێكی دیكەش لەگەڵ نیللی كەریم و نووسەر مەریەم نەعوم و لە راستیدا وەك ئافرەتێك زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئەم جۆرە كەسانەدا كار دەكەم.



Top