دوتمیر (سێڕیانا عەشقێ) پێشكەش كرد

دوتمیر (سێڕیانا عەشقێ) پێشكەش كرد
شەڕی نەخوازراوی داعش دژی هەرێمی كوردستان وقەیرانی ئابووری گشت جومگەكانی ژیانی سست كرد و هەندێكی لە كار خست لەوانەش بواری هونەری گۆرانی و موزیك كە زیانێكی زۆری پێكەوت و لەم دوو ساڵەی رابردوو جگە لە چەند گۆرانی و سروودێك بۆ پێشمەرگە بە دەگمەن هونەرمەندان كاریان پێشكەش كردووە، هەرچەند ژمارەیەكی زۆریان بەرهەمیان ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە.



یەكێك لەو هونەرمەندانە كچە گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان دوتمیر بوو كە ماوەیەكی زۆری خەریكی بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوێی خۆی بوو، بەڵام سەختی بارودۆخەكە و نەبوونی سپۆنسەرێك بۆ گۆرانییەكە وایكر د كە ماوەیەكی زۆر دوابكەوێت بەهۆی بارودۆخی ئەم دوو ساڵەی كوردستان، بەڵام لە كۆتاییەكی ساڵی رابردوو بەرهەمەكەی تەواو بوو و بڕیار وایە لە كەناڵە كوردییەكان پێشكەش بكرێت، لە بارەی بەرهەمەكەی و بڵاوكردنەوەی لەم كاتەدا دوتمیر لە لێدوانێكی تایبەت بە گوڵان وتی: دوای چاوەڕوانی و ماندووبوونێكی زۆر و دواكەوتنی بۆ ماوەیەكی زۆر لە كۆتاییدا توانیم بەرهەمە نوێیەكەم تەواو بكەم، ئەم گۆرانییە بە ناوی (سێڕیانا عەشقێ)یە لە تێكستی مامۆستا ئەدیب چەلكی و ئاوازی روندك بامەڕنییە، دەنگی گۆرانییەكە لە ستۆدیۆی دەنگ و رەنگ لە شاری دهۆكی دەلال تۆمار كراوە و لە وڵاتی سویدیش كلیپەكەی تۆمار كراوە و بەم زووانە وەك دیاری پێشكەش بە جەماوەری دەكەم.

لە بارەی بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكەی لەو كاتەدا دوتمیر وتی: دیارە شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری و بارودۆخی باكوور و رۆژئاوای كوردستان كاریگەریی بەسەر هەموو كوردێكەوە هەیە لە هەر شوێنێك بێت، رەنگە هەندێك كەس پێیان گونجاو نەبێ كە لەم بارودۆخەدا، بەڵام من دەڵێم میللەتی هەمیشە لە خەبات و شۆڕشدا بووە و ئەم جۆرە بارودۆخە بۆ ئێمە نوێ نییە، ناكرێ لەكاتی هەبوونی شەڕ ژیان بوەستێنی، هەموو كوردێكی بە شەرەف لە هەر شوێنێك بێت بە هەست و دڵ لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان كە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەن و پشتگیرییان لێدەكات، پێموایە بەردەوام بوون لە ژیان و و درێژەدان بە هونەر باشترین وەڵامە بۆ دۆست و دوژمنانمان و بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ئێمە میللەتێكی كۆڵنەدەرین دوژمنان بە هەموو شێوەیەك هەوڵیانداوە لەناومان بەرن و زمان و كەلتوورمان بسڕنەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین و دوژمنی زۆر لە داعش بەهێزتر و دڕندەترمان شكاندووە و دڵنیام داعشیش دەبەزێنن، هەر بەم بۆنەوەیەوە رێز و سڵاوی خۆم دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.



Top