ئاشنا رەئوف:ئەگەر ئیمكانیات هەبێت كاری هاوشێوەی حەفتا و هەشتاكان بەرهەم دەهێندرێت

ئاشنا رەئوف:ئەگەر ئیمكانیات هەبێت كاری هاوشێوەی حەفتا و هەشتاكان بەرهەم دەهێندرێت
هونەرمەند ئاشنا رەئوف ئەكتەرێكی دیار و بەرچاوی شاری سلێمانی-یە و بەشداری چەندین شانۆگەری و فیلم و زنجیرە درامای تیڤی كردووە و رۆڵی بەرچاو و كارای بینیوە و وەك ئافرەتێكی بە توانای بواری نواندن بوونی خۆی سەلماندووە. لە دەرفەتێكدا دیمانەیەكمان لەگەڵ ئاشنا رەئوف ساز كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

* زۆر لە دەرهێنەرە كوردییەكان (سینەماییەكان) پشت بە هونەرمەندانی غەیرە كورد دەبەستن، چی دەڵێی بۆ ئەمانە؟
- ئەوە لای من لە ئێستادا خراپ نییە، چونكە زۆر جار كار و تەكنیكی نۆی ئەزموون و شارەزایی باشی دەوێت. بەداخەوە هەل بۆ ئەوانەی كار دەكەن كەمتر گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە بەدەر لە لایەنی خزمەتكردن بە كارەكە. ئەوە لای من وەك ئەزموونێك وایە بۆ ئەو ستافانەی لە بەرهەمدا كار دەكەن، ئەگەر بیانەوێت سوودوەربگرن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بڵێین ئەوانەی خۆمان ناتوانن، چونكە بە بەڵگەوە دەتوانم بڵێم كاری زۆر باش كراوە كە سەرجەم ستافەكانی هونەرمەندانی خۆمانن بوون و لە زۆرینەی فیستیڤاڵەكانی دەرەوە بەشدارییان كردوە و ئەنجامی باشیشان بەدەست هێناوە * ئێستا هونەرمەندانی كورد دەتوانن كارێكی هاوشێوەی ئەو كارانەی لە ساڵانی حەفتا هەشتاكانی سەدەی رابردوو بەرهەم بهێنن؟
- بۆ نا، كاری باشتریش دەكرێت و لە توانادا هەیە ئەگەر زەمینەی لەبار و بودجەی باش هەبێت، من دەتوانم بڵێم بە تەئكید دەتوانرێت.
* نهێنی سەركەوتنی كارە هونەرییەكانی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو بۆچی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر باسی لایەنە هونەرییەكان بكەین؟
-بە ڕای من لەو كاتەدا ژیان و هونەر سادەتر بوون و وەك ئێستا بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەوتنی هونەری جیهانمان پێنەدەگەشت، بۆیە ئەو هەستەمان هەیە، ئەگینا بە بەراورد بە ئێستا پێموا نییە زۆرینەمان لێی رازی بین بۆ ئێستامان، چونكە بە تەكنیكێكی زۆر سادە بەرهەم هاتووە.
* كاری زۆر دەكرێ لەو بارودۆخە سەختەدا ئەمە نیشانەی چییە؟
-ببوورە من كاری زۆر نابینم، ئەوەشی كە دەكرێت بەداخەوە جۆرێك لە پەلەكردن و هەڵپڕووزاندنی پێوە دیارە، چونكە لەم بارودۆخە سەختەدا وەك خۆت باسی دەكەیت، زەمینەیەكی باش و گونجاو و لەبار نەڕەخساوە بۆ هونەر تا كاری باش بكرێت.
* تا چەند لە بارودۆخی سەختی ئابووری و شەڕی تیرۆر هونەرمەندان بە ئەركی خۆیان هەستاون؟
-دەتوانم بڵێم تا رادەیەك، چونكە لەگەڵ بارودۆخە سەخت و قورسەكە قەیرانی داراییشمان هەیە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هونەر بۆیە بە رای من هونەرمەندان نەیانتوانیوە بە ئەركێكی گەورەو زۆر كاریگەر هەستن و بەشداری ئەم بارودۆخە قورسە ببن.
* بینەری كورد زیاتر پێویستی بە چ بەرهەمێكی هونەری هەیە؟
- بە رای من پێویستە گرنگی بە بابەتە كۆمەڵایەتییە باوەكان بدرێت، چونكە سەرجەم چین و توێژەكان سەیری زنجیرە دراماكان دەكەن، بۆیە دەبێ بابەتێك بێت كە هەموو كەسێك بتوانێت لێی تێبگات و چێژی لێ وەربگرین.
* بە حوكمی شارەزاییت لە بواری هونەری نواندن بە گشتی لە كۆمیدیای كوردی چۆن دەبینی و لە چ ئاستێكدایە؟
-بەپێی روانینی من كۆمیدیایەكی جاد و ئەكادیمی نابینم، بەداخەوە ئەوی دەیبینم و باس دەكرێت، تەنیا هەندێ نوكتە و قسەی خۆش و خەڵك خستنە پێكەنینە، بەبێ هەستكردن بە جۆر و كاتی بەرنامەكە و ئەو كەسانەی سەیری بەرنامەكە دەكەن. چونكە ئەوەی من تێبینیم كردووە زۆرێك لە تەمەنی خوار 18 ساڵ سەیری دەكەن، یان ئامادەیی راستەوخۆیان هەیە لەوێدا و پێدەكەنن، من خەم دەخۆم، چونكە هیچ گونجاو نییە، بەڵام نازانم بۆ ئاوا كاری تی ڤی و كارە هونەرییەكانی دەرەوە بەو شێوەیە و بە بێ چاودێری دەكرێت، پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە بەرپرسیارێتی ئەم دیاردەیە وەربگرن، چونكە كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەیە بۆ خێزان و پەروەردەی نەوەكانمان.
* وەك هونەرمەندێك پێتوایە كەموكوڕییەكانی ئەو كارە هونەرییانە و ئەو بەرنامانە چین و چۆن بكرێ باشتر دەبێت؟
- من پێموایە بەرنامەكان كەم تا زۆر ئاسایین، چونكە رەنگدانەوەی تێگەیشتنی ئەو كەسانەیە كە وەك شارەزا لە كەناڵەكاندا هەن كە پێویستە هەبن و وەك راوێژكارێك پلان بۆ بەرنامەكان دابنن، بە گشتی بەرنامەكان خەڵك لێیانەوە نزیكە، ئەگەرچی خۆیان لە چەند شتێكی نەگۆڕدا دەبیننەوە، وەك پرسیار و وەڵام، بەڵام بە گشتی مەرج نییە ئەو بەرنامانە هەمیشە خەڵك بێنێتە پێكەنین، دەكرێ بەرنامەی زانیاری بێت، واتە وەك زنجیرە دراماكان مەبەستیان تەنیا پێكەنین و لایەنێكی كۆمیدی بێت.
* وڵاتانی عەرەبی یەك ساڵ خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی كارێكی گونجاو و بەهێز پێشكەش بكەن، بۆچی لە نێو كورددا ئەمە بەدی ناكرێت؟
-من دەتوانم بڵێم لە ساڵ زیاتریش ئامادە كاری بۆ دەكرێت، بەڵام لێرە هەندی كات كە ئەڵقەكانی سەرەتا نمایش دەكرێت زۆر جار ستافی كار و وێنە گرتن و مۆنتاژ و كاری تریان ماوە تەواوی بكەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانی باش و نەبوونی چاودێریكردن ورێگەگرتن لە كارە خراپەكان بۆ نمایش نەكردن و لەسەرووی هەموویەوە نەبوونی ئەزموونی باشە لە ستافی كار و بەرهەمهێن و لە ستافی لایەنی نمایشكار، واتە كەناڵی بڵاوكردنەوەی بابەتەكە. بەداخەوە هەندێ جار بەرهەمەكە لە دوای پێشكەشكردنی چەند ئەڵقەیەكی، یان لە نیوەدا رادەگیرێت، كە بە رای من لەم كاتەدا لایەنی پەخش بە قەدەر لایەنی بەرهەمهێن و ستافی كار بەرپرسن و بگرە زیاتریش.
Top