ئەدیل لە ترسی مردن واز لە جگەرە دەهێنێت
لەم بارەیەوە رۆژنامەی (زە میرۆر)ی بەریتانی رایگەیاند كە بیرۆكەی مردن بە هۆی جگەرە كێشانەوە لەوەوە بۆ ئەدیل درووستبوو كاتێك رۆژانە 25 جگەرەی دەكێشان و هەر ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی وازی لێ بهێنێت، هەروەها ئەدیل سەبارەت بەم بڕیارەی بە رۆژنامەی ناوبراوی راگەیاند: بێگومان ئەگەر بەردەوام بومایە لە كێشانی جگەرە ئەوا بەهۆی یەكێك لەو نەخۆشیانەی پێوەندییان بە جگەرەكێشانەوە گیانم لە دەست دەدا وەك شێرپەنجەی سییەكان، بە دڵنیاییەوە ئەمەش كارێكی خراپ دەبوو، هەر خۆم دەبووم بە هۆكار گیان لە دەستدانم، ئەمەش كارێك دەبوو كە بە هیچ شێوەیەك مایەی ئەوە نییە كە مرۆڤ شانازیی پێوە بكات.
لەلایەكی دیكەوە ئەدیل خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ژمارە پێوانەییەی كە دوایین ئەلبوومی لە جیهان بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بەدەستی هێناوە وەك پڕفرۆشترین بەرهەمی ساڵ. شایەنی باسە دوایین ئەلبوومی ئەدیل كە بە ناوی (25)ـە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد و بەپێی گۆڤاری (نیلسۆن)ی ئەمریكی تەنیا لە هەفتەی یەكەمیدا زیاتر لە 3،3 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، ئەمەش یەكەم جارە لە ساڵی 1991ـەوە كە ئەلبوومێك لەو ماوە كورتەیدا ئەو ژمارەیە تۆمار بكات، هەروەها لە بەریتانیاش كە وڵاتی ئەدیلە لە یەكەم هەفتەدا زیاتر لە 800 هەزار دانەی فرۆشرا.