حاجی مەكی لە دیدی هونەرمەندانەوە
ئەحمەد سالار: كاتێك باسی فیلمی كوردی و تیپ دەكەن وەكو شانۆ، دەبێ باسی حاجی مەكی بكەن
حاجی مەكی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند كەسێك كە هەندێكیان كرێكار و پیشەمەند بوون، تیپی سەندیكای كرێكارانی هەبووە، ئەمەش لە كارگەی جگەرەی سلێمانییەوە دەستی پێكرد و سەرەتایەك بوو، لە هەمان كاتدا تایبەتمەندییەك بوو لە مێژووی شانۆی كوردیدا، لەوەتەی من بیناسم لە پەنجاكانەوە بە خەونی فیلمی كوردییەوە دەژیا، لە ساڵی 1963 كەوتە خولیای فیلمێك كە چیرۆكی كامەران موكری بوو، هەوڵی دەدا ئەم فیلمە بەرهەم بهێنێت، لەبەر ئاڵۆزی بارودۆخی كوردستان لەم هەوڵەیدا سەرنەكەوت، بەڵام ئەم خەونەی هەر بەردەوام بوو تا (نێرگز بووكی كوردستان)، لە كاتی وێنەگرتنی (نێرگز بووكی كوردستان) لەگەل یەكەم ئەكشنی دەرهێنەر سەیرم كرد ئەم پیاوە كوڵ كوڵ دەگریا و هەنسكاوە وەك منداڵ كرۆژ دەكا، چونكە هەموو ئاواتی فیلم بوو و وابزانم لە دنیای هونەردا كەس ئەم شتەی نەبینیوە، من تەنیا ئەوەم لە حاجی مەكی بینیوە، بۆیە كاتێك باسی فیلمی كوردی بكەن، دەبێ باسی بكەن، كاتێك باسی تیپ دەكەن وەكو شانۆ دەبێ باسی حاجی مەكی بكەن.
سعدون یونس: زۆر راستگۆ بوو لە دەربڕینی هەستەكانی خۆی
حاجی مەكی مرۆڤ و هونەرمەندێكی زۆر دڵساف و سادە و خۆشەویست بوو، كاتی خۆی زۆر، كاتی خۆی زۆر حەزی دەكرد بەرهەمێكی بۆ بكەم، ئەوە بوو رێككەوتین لەگەڵ حەمە عەلی خان چیرۆكەكەی نووسی بە ناوی (كۆلارە) كە لە سێ بەش پێكهاتبوو، پاشان، خۆی زۆر رای لە چیرۆكەكە بوو و زۆریش دەستكاری دەكرد، ناچار بووین ستافێكی گەورە و جوان بۆ كارەكە ئامادە بكەین لەوانە مامۆستا فەیسەڵ محەمەد ساڵح، خوالێخۆشبوو نەوزاد رەمەزان وزاهیر عەبدوڵڵا و سەمیرە خان، هەروەها وێنەگر جەبار غەریبم لە بەغدا هێنا، منیش وەكو دەرهێنەر بەشدار بووم، ئەو كات بیرم لەوە دەكردەوە، من هەمیشە حەزم لە كاری جوان و تایتڵە بۆیە بۆ مۆسیقاكەی داوام لە مامۆستا وریا ئەحمەد كرد كە مۆسیقایە و یەكەم جار بوو لە درامای كوردیدا گۆرانی لە تایتڵ هەبێت گۆرانییەكەش بە دەنگی هونەرمەندی ناسراو زیاد ئەسعەد، بە ڕای زۆر لە هونەرمەندان تا ئێستا یەكێكە لە باشترین كارە هونەرییەكان و وەك دەرهێنەر هەمیشە شانازیی پێوە دەكەم، كە كارەكە تەواو بوو یەكەم جار لە بەرنامەی (عدسە الفن) كە یەكێك بوو لە بەرنامە هونەرییە بەناوبانگەكانی تەلەفزیۆنی بەغدا، لەوێ هەندەك باسی كارەكەی كرد و چەند دیمەنێكی نمایش كرد، هەر سەبارەت بە كارەكە لە دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی كەركوك وتی: سەرەڕای ئەو هەموو كارە زۆرانەی بەشداریم تێدا كردووە، لە سەعدون یونس و ئەو برادەرانە فێر بووم كە ئەكتەر چۆن لە پێش كامێرا دەوەستێت، پێم وت: ئەم قسەیە زۆر گران لەسەرت دەوەستێت، بەڵام زۆر راستگۆ بوو لەوەی هەستەكانی خۆی دەرببڕێت، پاشانیش پێوەندیمان بەردەوام بوو، بەداخەوە وەك دەیان هونەرمەندی وڵاتی من دەڕۆن و كەس ئاگای لێیان نییە، خۆزگە دەخوازم رۆژێك لە رۆژان هونەرمەندان خاوەن دەزگای تایبەتی خۆیان بن و میللەتیشمان كەلتوور پەرست بێت، هەزاران سڵاو لە گۆڕت ئەو كەسەی لە بیری ناكەم.
زاهیر عەبدوڵڵا: كۆڵەگەیەكی پتەوی كۆمیدیای كورد هەرەسی هێنا
حاجی مەكی هونەرمەندێكی كۆمیدی خوڕسك بوو كە هەر لە سەرەتای دەستكردنی بە كاری هونەری هەوڵی داوە كێشە وگیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەی تەنز و كۆمیدیا بگەیەنێت. پێموایە لەم بوارەشدا تا ئاستێكی باش سەركەوتوو بووە و خۆشەویستی و رێزێكی بێ پایانی لەناو جەماوەر و خەڵكی هونەردۆستی كوردستان بەدەستهێناوە . بۆ من جێگای شانازییە كە لەیەك دوو بەرهەمی شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی لەگەڵ حاجی مەكی بەشداریم كردووە، هەروەها چەند جارێكیش هاوسەفەری بووم و جێگای دڵخۆشیم بووە. بەداخەوە بە ماڵئاوایی ئەم هونەرمەندە گەورەیە كۆڵەگەیەكی پتەوی كۆمیدیای كورد هەرەسی هێنا. سڵاو لە رۆحی پاكی و رۆحی شاد و هەمیشە یادی بەخێر.
یاسین بەرزنجی: بە هەڵكەوتەی جەستەو دەنگی جۆرە جودایی و تایبەتمەنیی خۆی هەبوو
خوالێخۆشبوو حاجی مەكی، وەك زۆر هونەرمەندی تر، ئەكتەرێكی خۆڕسك بوو، واتە بە بێ خوێندنی هونەر، بەهرە و ئارەزووەكانی پەلكێشیان كردبوو بۆ سەر تەختەی شانۆ و بۆ بەر چاوی كامێرا، لەو پێناوەشدا ماندوویێتی زۆری چەشتووە و تەمەنێكی درێژی بەخشیوەتە هونەرەكەی و خۆشەویستیی جەماوەر. رەحمەتی یەك لە ئەكتەرە هەرە دیارەكانی سەرەتای حەفتایەكانی سەدەی رابردوو بوو، واتە ئەو سەردەمەی تەلەفزیۆنی رەش و سپی میوانی ساتەكانی شەوگارمان بوو، لەو دەمەوە حاجی میوانی هەمیشەیمان بوو، بێ ماندوو بوون هەر دەینووسی و گروپی رێكدەخست و بەرهەمی دەكردە دیاریی ئەو خەڵكە زۆرەی چێژیان لەو كارە میللییانە دەبرد. كاروانەكەی حاجی روو لە دوور بوو، هەندێ لە هاوكارانی لە كارواندا مانەوە و هەندێكی دیكەش لێگەڕان، بەڵام ئەو هونەرمەندە چونكە دەیزانی كارەكانی لە كوردستانی گەورەدا سەدان ئاشنا و رۆشنای بۆ درووست بووە، هەر بەردەوام بوو. وەك ئەكتەر بە هەڵكەوتەی جەستەو دەنگی جۆرە جودایی و تایبەتمەنیی خۆی هەبوو، زیاتریش لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانیشدا كارەكتەری كۆمیدی بۆ خۆی هەڵدەبژارد. خوالێخۆشبوو كاری زۆری كرد و بەری رەنجەكەشی ئەو خۆشەویستییە گەورەیەیە كە گەلەكەی پێی بەخشی. خۆزیا هونەر نانی هونەرمەندانی ئێمەی دابین بكردایە، ئەوسا دەبینرا چۆن كەسانی سەرگەرمی وەك حاجی و سەدانی دیكە چەند ناوازەتر بەرهەمی خۆیان دەنەخشان. سڵاو بۆ گیانی و یادەوەرییەكانی حاجی گیان لای من هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
هیوا سوعاد: هەمیشە پێوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستان پتەو بوو
من لە ساڵی 1987ـەوە حاجی مەكی دەناسم، پیاوێكی رووخۆش و خۆش فكر بوو. لە بواری هونەردا زۆر كارا بوو، پیاوێك بوو سەردەمانێك بە هۆی زنجیرە دراماكانی زۆر لە نزیكەوە گوزارشتی لە كێشە و نەهامەتییەكانی گەلەكەی كرد. كەسێك بوو بوێرانە كاری بەرهەمهێنانی دەگرتە ئەستۆ، عەلیەفەندی دیاردەیەكی جوان بوو، زۆربەی هاووڵاتیان لاسایی كەسایەتی ودیالۆگەكانیان دەكردەوە، كەسایەتییەكی رۆح سووك و خۆشەویست بوو، هەمیشە پێوەندی بە هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستانەوە پتەو بوو، حەزی بە كاری هاوبەش دەكرد، هەولێریشی زۆر خۆشدەویست و ماوەیەكی زۆریش ماڵی لە هەولێر بووە، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی، سەبووریش بۆ هونەرمەندان بە گشتی و خانەوادەكەی بەتایبەتی.