حەسەن شەریف:هونەرمەندە نەمرەكان بە كەمترین خەرجی، بەرهەمی رەسەن و نەمریان پێشكەش كردووە

حەسەن شەریف:هونەرمەندە نەمرەكان بە كەمترین خەرجی، بەرهەمی رەسەن و نەمریان پێشكەش كردووە
پێشمەرگە و هونەرمەندە و لە سەرەتای ژیانی پێشمەرگایەتیشدا دەستی بە كاری هونەری كردووە، بۆیە هونەری شۆڕشگێڕی و خۆشەویستی وڵات لە گشت كارەكانی هونەرمەند حەسەن شەریف رەنگی داوەتەوە و بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت، لەم دیمانەیەدا حەسەن شەریفی هونەرمەند باس لە هونەری كوردی دەكات بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستای مێژووی میللەتەكەمان.

سەرەتا حەسەن شەریف دەربارەی ئەو سروودانەی كلیپ كراون پێیوایە پێویستە كلیپەكە بە هەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدا بێت لە هەموو روویەكەوە و لەو بوارەدا دەڵێ: لە ئێستادا پێویستە هەموو كوردێك لە شوێنی خۆیەوە پشتگیری لە پێشمەرگە بكات، ئێمەی هونەرمەندیش بە گۆرانی و سروودەكانمان دەتوانین بەشداری لەو شەڕەدا بكەین، مەرجیش نییە هەموو سروودێك بە كلیپ بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بڵاویش ببێتەوە پێویستە پابەندی هەندێك شت بێت بۆ نموونە نابێ كلیپ ببێتە هۆكارێكی بۆ ئەوەی گیانی پێشمەرگە بكەوێتە مەترسییەوە یان ببێتە هۆی ئەوەی بە كلیپەوە سەرقاڵ بن و كار لە ئەنجامدانی ئەركی خۆیان بكەن.
حەسەن شەریف پێیوایە مەرج نییە گۆرانی خەرجی و پارەیەكی زۆری تێدا سەرف بكرێت بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هونەرمەندە نەمرەكان بۆ نموونە یەكێكی وەك كاویس ئاغا كاتێك گەنج خەلیل یان شەڕی شێخ مەحمودی نەمر لەگەڵ ئینگلیز وتووە هەر بە زیندوویی دەمێننەوە لە سەردەمی بابوباپیرانمان و ئێمە و لە داهاتووشدا هەروا دەبن، بە هەمان شێوە هونەرمەندی نەمر محەمەد شێخۆ بە سازێك گۆرانی دەوت لە ژوورێكی ئاسایی ماڵی خۆیدا، بەڵام ئەم كارانەی تا ئێستا بوونەتە بناغەیەك بۆ هونەرمەندان كاری لەسەر دەكەن، ئەمانە و چەندانی دیكەش كە هیچ پارەیەكیان لە كارەكانیان خەرج نەكردووە، بەڵام كاری رەسەن بوون لە هەموو روویەكەوە ئەگەر سەیریان بكەین، دەبینین ئاواز و تێكست و دەنگی هونەرمەند هەموویان زۆر گونجاون بۆیە بەرهەمێكی رەسەنی زیندوویان پێشكەش بە ئێمە كردووە، لێرەدا رەسەنایەتی و رۆشنبیریی هونەرمەند دەردەكەوێت كە زۆر گرنگە، هونەرمەندەكان زۆر كاری جوانیان پێشكەش كردووە دەربارەی داستان و شەڕی نەتەوەیی و دەتوانین ئێستا سوودیان لێ وەربگرین و بە هەمان شێوە و تام و چێژ بۆ پێشمەرگەیان دووبارە بكەیتەوە.
دەربارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە سروودە كۆنەكان حەسەن شەریف دەڵێ: لەم بارەیەوە زۆر نموونەمان هەیە (هەی شەڕە و شەڕە شەڕ گوڤەندا مێرانە) من بە سوودوەرگرتن لەم سروودە هەستام سروودی (هێرش كەن)م وت زۆر بەرهەمی دیكەش هەیە ئەگەر موزیكێكی جوانیان بۆ ئامادە بكەیت دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی مۆراڵی خەڵك و پێشمەرگە.
یەكێك لەو سروودانەی كە بەم دواییە حەسەن شەریف پێشكەشی كردووە سروودی (كورد هاتن) بوو دەربارەی ئەم سروودە دەڵێ: ئەمە یەكێك بوو لە هەڵبەستەكانی برای بەڕێزم كاك ئەمین بۆتانی كە تێكستەكانی لە نێو هونەری مندا بە روونی دیارن بەتایبەتی فەلسەفەكان، ئەم سروودە بۆ شادی و خۆشی كورد وتراوە كە جوگرافیای رۆژهەڵات لەسەر دەستی ئەوانە یان بەهەشتی ئازادی لەنێو دڵی ئەواندایە، ئەم تێكستە زۆر كاری لێكردم و یەكێكە لە سروودە دەوڵەمەندەكان كە پار وتوومانە، بەڵام تا ئێستا خەریكین كلیپێكی جوانی بۆ بكەین كە شایەنی سروودەكە بێت.
حەسەن شەریف بەوە ناسراوە كە پێوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەل هونەرمەندانی پارچەكانی دیكە و بیانیش هەیە لەم بارەیەوە دەڵێ: ناوی هونەرمەند زۆر گەورەیە بۆیە من بە خۆم دەڵێم گۆرانیبێژ، ئەگەر هونەرمەند لە هەر شوێنێك دەرد و مەینەتییەكانی میللەتی خۆی و گریان لای لای دایكان باس نەكات و لەگەڵ قارەمانییەتی پێشمەرگەكان نەژیت، پێموایە ئەو هونەرە بەرتەسك و لۆكاڵە بۆیە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا هەموو پارچە دابڕاو و دابەشكراوەكانی كوردستان لە نێو گۆرانی و سازی ئێمەدا هەمیشە بوونی هەبووە، بۆیە پێوەندیم زۆر بە هێزە لەگەڵ هونەرمەندانی باشوور و گشت پارچەكانی دیكەی كوردستان و زۆر كۆنسێرت و چالاكی هاوبەشمان ئەنجامداوە بۆ پشتگیری كردن لە كوردستان و كێشە رەوای میللەتەكەمان.
حەسەن شەریفی پێشمەرگە و هونەرمەند دەربارەی رۆڵی میدیای كوردی بە گشتی لەم قۆناغەدا دەڵێ: بە بۆچوونی خۆم میدیای كوردی هەندێك رۆڵێكی زۆر گرنگ و بەرچاوی هەیە، ئێستا بە سەدان رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤار و دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار دەبینین كە یەك گۆتارمان نییە بەرامبەر بە دوژمنانمان، من هەمیشە وتوومە پێویستە گوتاری ئێمە كوردستانی بێت نەك گوتارێك كە گوزارشت لە بەرژەوەندییەكی تایبەت و بەرتەسكی حزبایەتی بكات، چونكە میللەتی گەیشتۆتە قۆناغێكی زۆر گەورە و پێشكەوتوو و ئامانج و بەرژەوەندی و چارەنووسیشمان یەكە و بەندە بە یەكگرتوو و تەبایی نێوان ریزەكانمان، چەند كەموكورتییەكی سیاسی هەستیان پێدەكرێت هیوادارین ئەمانیش نەمێنن، بۆیە پێویستە میدیا نەبێتە هۆی دڵخۆش كردنی دوژمنانمان بە ئێمە و هەندێك بۆشایی هەیە لە نێوانمان كە لە میدیاكان هەستی پێدەكرێت هیوادارین نەهێڵڕێت و پەیامەكەیان كوردستانی بێت، ناڵین و لایە لایەی دایكێكی كورد لە دیاربەكر یان قامیشلۆ یان هەولێر یان مهاباد یەكە لەبەر ئەوەی هەموومان یەك خەم و ئازارمان هەیە كە پێوەی دەناڵێنین.
دەربارەی ئەو بەرهەمەی كە پێویستە هونەرمەندان پێشكەشی بكەن بەجۆرێك دڵی جەماوەر رازی بكەن و رەسەنایەتی هونەری كوردی بپارێزن حەسەن شەریف دەڵێ: ئەمە دەگەڕێـتەوە سەر ئەو بابەتەی كە پێشكەشی دەكات بەشێوەیەكی گشتی بابەتێكی تێروتەسەل بێت و میللەتی كورد هیوا و ئاواتەكانی خۆی لەو گۆرانییەدا ببینێتەوە، من هەست بە كەموكوڕییەك دەكەم كە سەرەتا لە خۆم و چەند هونەرمەندێكی تریشدا هەیە ئەویش ئەوەیە كە پێویستە زۆر رۆشنبیر بین و شارەزاییمان لە زۆر بوارەكانی ژیاندا هەبێت كە چۆن درووستبووە؟ چۆن نەتەوە و دەوڵەتەكان درووستبوون؟ چۆن هونەرمەند و رۆشنبیران میللەتان بە سەدان ساڵ پێش ئێستا خزمەتی سوپا و میللەتی خۆیان كردووە و بوونەتە هۆكاری یەكگرتوویی پەیامی میللەتەكەیان و بوونەتە پرد لە نێوان تاكەكانی میللەتەكەیان، پێویست هونەرمەندانی ئێمە شارەزای ئەم لایەنانە بن كە زۆر گرنگە بۆ هەر هونەرمەندێك.
لە كۆتاییشدا حەسەن شەریف وەك پەیامێك روو لە میللەتی كورد دەكات و دەڵێ: رێز و سڵاوم بۆ میللەتی كورد هەیە لە هەر شوێنێك بن، بەتایبەتی دەست و چاوی پێشمەرگە قارەمانەكان و هەر كەسێك كە بە نیازێكی پاك و بێگەرد بەرگری لەو خاكە پیرۆزە دەكات و رووبەڕووی ئەم دڕندانە وەستاوە ماچ دەكەم، سەری رێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستان بن، پێویستە میللەتی كورد قەدر و بەهای خاكی كوردستان و خەباتی چەند ساڵەی خۆی بزانێت و بەرگری لەو خاكە پیرۆزە بە ئەركی سەرشانی خۆی دابنێت.
Top