لوبنا ئەبو رزق:زۆر لە دەرهێنەران داوای رۆڵی ورووژێنەرمان لێدەكەن كە دوورە لە پەیامی راستەقینەی هونەر
• دوای ئەوەی خوێندنت لە بەغدا تەواو كرد، چۆن دەستت بە كاری هونەری كرد و لە كوێ زیاتر ناسرایت؟
- بە حوكمی ئەوەی من هاووڵاتییەكی ئوردنیم دوای ئەوەی بەغدام جێهێشت رووم لە ئوردن كردەوە و وەك نمایشكارێكی جلوبەرگ لە شام و لوبنان كارم كرد، بەڵام سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەریم زۆر سەخت بوو تا ئەو كاتەی ئەو كەسانەم دۆزییەوە كە بتوانم كاریان لەگەڵدا بكەم بۆیە بەردەوام بم و كۆڵم نەدا و دڵنیا بووم كە سەردەكەوم سەرەڕای ئەو سەختیانەی دێنە سەر رێگا ئافرەتە هونەرمەندەكان كە بە شێوەیەكی گشتی زۆربەیان بەدەست ئەو گرفتانەوە دەناڵێنن.
• وەك ئەكتەرێك دیارترین ئەو گرفت و ئاستەنگانەی بۆت درووستبوون چی بوون؟
- دیارە لە رۆژهەڵات بە گشتی ئەو ئافرەتانەی حەز و خولیای هونەریان هەیە و روو لەم بوارە دەكەن تووشی سەختی و ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبنەوە لە هەموو لایەكەوە بەتایبەتی ئەگەر ئەو كچە پاڵپشتییەكی نەبێت، سەرەڕای ئەوەی هەندێك ئەو كەسەی پاڵپشتیت دەكات رەنگە خودی خۆی ئاستەنگت بۆ درووست بكات، یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە رووبەڕووی من بۆوە ئەوە بوو كە هەندێك رۆڵیان بۆ دیاری دەكردم من رازی نەبووم بە هیچ شێوەیەك ئەنجامیان بدەم بە تایبەتی ئەو رۆڵانەی كە دوورن لە دابونەریتی كۆمەڵگە و ئایینی ئێمە، لە هەمان كاتدا چەند رۆڵێك هەبوو كە لەگەڵ كەسایەتی مندا نەدەگونجا و من و بەرهەمهێنەر و دەرهێنەریش دڵنیابووین كە دەمتوانی تێیدا سەركەوتوو بم.
• ئەی لە خانەوادەكەت ئاستەنگت بۆ درووست نەبوو كاتێك رووت لە كاری هونەری كرد؟
- بێگومان هەموو خانەوادەكەم دژی ئەوە نەبوون كە من روو لە بواری نواندن بكەم، دایكم خوا لێی خۆشبێت كە بە رەچەڵەك لوبنانییە رێگری لێ نەدەكردم و بگرە پاڵپشتیشی دەكردم و هانی دەدام، باوكم دژی حەز و خولیای من نەبوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەك بە ئاشكرا دژایەتییان نەكردم.
• كەواتە لە قسەكانت دەردەكەوێت كە لە خانەوادەكەت بەر لە تۆ كەسانی تری هونەرمەند هەبوون؟
- باوكم كەسێكی رۆشنبیر و هونەردۆست بوو، پێش ئەوەی لەگەڵ دایكم ژیانی هاوسەرێتی پێك بهێنێت، هاوسەرێكی ئیتاڵی هەبوو ئەمەش وای لێكردبوو كە زیاتر لە شانۆ و سینەما و هونەر بە گشتی نزیك بێت، هەروەها زۆر حەزی لە گۆرانی و موزیك بوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەك رێگری لە من نەدەكرد كە روو لە هونەر بكەم، بگرە هەمیشە هیوای ئەوەی دەخواست كە رۆڵێكی سەرەكیم هەبێت لە كارێكی جیهانی بە جۆرێك كە بتوانم ناوبانگێك گەورە بۆ خۆم درووست بكەم و نەك تەنیا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەڵكە كە لەسەر ئاستی جیهانیش بناسرێم و هەمیشە دەیگوت شانازیت پێوە دەكەم كە بتبینم وەك ئەكتەرێك لەسەر ئاستی جیهان بناسرێی، بەڵام بە داخەوە تەمەن رێگای نەدا ئەو خەونەی بێتە دی و بەر لەوەی من ببینێت لە نواندن كۆچی دوایی كرد.
• لە كوێ دەستت بەكاری هونەری كرد و دەركەوتی لە ئوردن، یان شام، یان قاهیرە؟
- من لە بەغدا پەیمانگای باڵای هونەریم تەواوكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە لە بەغدا دەژیاین و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە هەر لە بەغدا دەستم بە كاری هونەری كرد و یەكەم جار بە سروود و گۆرانی وتن لە قوتابخانەی سەرەتایی دەستم پێكرد دواتر نمایشكاری جلوبەرگم كرد دوای گەڕانەوەمان لە بەغدا و لەو كاتەوەش بەردەوام بووم.
• ئەی لە بواری نواندن كەی دەستت پێكرد؟
- دەتوانم بڵێم تا رادەیەك بە رێكەوت بوو، چونكە لە ئاهەنگێكی خێزانی تایبەتدا ئەكتەرێكی ئوردنیم ناسی بە ناوی (حەسەن ئەلشاعر) كە ئەو كات خەریكی تۆمار كردنی زنجیرە درامایەك بوون، داوای لێكردم كە روو لە نواندن بكەم و پێشنیاری ئەوەی كرد كە لەو زنجیرەیە بەشدار بم، چونكە پێویستیان بە ئەكتەرێكی كچ بوو لە تەمەنی من، منیش بیرۆكەكەم پێ باش بوو و ئەو، دوای چەندین تاقیكردنەوە توانیم رەزامەندی دەرهێنەری زنجیرەكە بە دەست بهێنم و رۆڵی كچێكیان پێ سپاردم، ئەمە یەكەم كارم بوو لە نواندن دواتریش لە چەندین دراما و فیلمیش بەشداریم كرد.
• بە هەموو رۆڵێك رازی دەبی كە پێت دەسپێردرێ؟
- بێگومان نەخێر، چونكە من تا ئێستا چەندین رۆڵی جیاجیام پێشكەش كراوە و رەتم كردۆتەوە، چەندین ئەكتەر داوایان لێكردووم كە رۆڵی ورووژێنەر و رووت ببینم لە فیلمەكانیاندا، هەرچەندە گرەنتی ئەوەشیان داوە كە بە نواندنی ئەم جۆرە رۆڵانە زیاتر دەناسرێم و ناوبانگی من سنووری وڵاتانی عەرەبی دەبەزێنێت و دەگەم بە ئاستی خانمە ئەكتەرە جیهانییەكان، بەڵام رەتم كردۆتەوە، چونكە ئایین و دابونەریتی كۆمەڵگەی ئێمە بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبووڵ ناكات، هەروەها خزم و كەسم رێگایان لێنەگرتووم كە روو لە نواندن بكەم و تا راددەیەك پشتگیرییان كردووم، بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو متمانەی ئەوان بشكێنم تەنیا بۆ ئەوەی رۆڵێكی ورووژێنەر ببینم و ناوبانگ دەركەم و لە میدیاكان زیاتر باسم بكرێ و دەربكەوم، بەداخەوە كەسانێك ئێستا تاكە پێوەریان بۆ هونەر بە گشتی ورووژاندن و سەرنج راكێشانە هەر ئەمانەشن وایان كردووە جەماوەریش بە سووكی سەیری هونەر بكات و رێزی نەگرێت.
• زیاتر حەز لە چ رۆڵێك دەكەی؟
- هونەر بە گشتی و نواندن بەتایبەتی پێویستە پەیام بێت بۆ كۆمەڵگە، واتە دەست لەسەر ئەو كێشانە دادەنێت كە كۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت، هەر رۆڵێك ئەگەر سنوورەكان نەبەزێنێت و بزانم سوودی بۆ كۆمەڵگە بەگشتی دەبێت و پەیامێكی راستەقینەی هەبێت، من پێی رازیم و ئامادەم پێشكەشی بكەم.