ئەڤین بەیاز:رەسەنایەتی هونەری كوردی وەكو پێویست ناپارێزرێ

ئەڤین بەیاز:رەسەنایەتی هونەری كوردی وەكو پێویست ناپارێزرێ
لە ساڵانی رابردوو ئافرەتانی كورد لە گۆڕەپانی هونەر بە گشتی و گۆرانی و موزیك بەتایبەتی بوونیان هەیە و لە ئاستێكی بەرزدان سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی كە لە هەموو روویەكەوە رووبەروویان دەبنەوە، هەروەها تا ئێستا بەشێكی هەرەزۆری كوردستان ئازاد نییە،، ئەڤین بەیاز یەكێكە لەو خانمە هونەرمەندانەی كە هەوڵیداوە لە رێگای هونەرەكەیەوە پەیامێك پێشكەش بكات، ئەویش خزمەت كردنە بە هونەری كوردی. ئەڤین بە ستایلێكی تایبەت لە بواری گۆرانی دەركەوتووە و زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی رەسەنایەتی هونەری كوردی بپارێزێت، لە هەمان كاتدا نوێگەرایی ئاوێتەی رەسەنایەتی كردووە، بێ ئەوەی هیچیان كاریگەرییان بەسەر ئەویترەوە هەبێت.
وەك خۆی باس دەكات كاتێك منداڵ لەگەڵ گرووپێكی هونەری گۆرانی وتووە، بەڵام ئێستا حەز دەكات هەموو كارەكانی بە تەنیا بێت، نەك لە گەڵ گرووپە هونەرییەكان.



لە بارەی كەلتوور و هونەری كوردییەوە ئەڤین بەیاز دەڵێت: ئێمە خاوەن كەلتوورێكی دەوڵەمەندین دوژمنان هەمیشە هەوڵیانداوە لەو كەلتوورەش بێبەشمان بكەن، بەڵام ئێمە دەتوانین ئەو بەرهەمە كوردیانە بگەڕێنینەوە كە پێشتر ئێمە خاوەنیان بووین و ئێستا كەسانی دیكە سوودی لێ دەبینن، ئێمە بە خوێندن و فێر بوونی زمان و مێژوو و ئەدەبی خۆمان و بە بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی لەنێو ڕۆڵە و نەوەكانی داهاتووماندا دەتوانین بۆیان روون بكەینەوە كە بەشێكی زۆر لە كلتوور وهونەری ئێمە دزراوە، ئەمەش پێویستی بە هاوكاری و یەكگرتنی كورد هەیە.
فرە زاراوەیی زۆر جار رەنگە گرفت بۆ گۆرانیبێژانی كورد درووست بكات، بۆیە هونەرمەندانی كوردستان هەوڵ دەدەن بە بە هەموو شێوەزارەكان گۆرانی بڵێن بەگوێرەی توانای خۆیان، لەم بارەیەوە ئەڤین دەڵێ:
بە داخەوە من تا ئێستا من تەنیا بە كرمانجی گۆرانیم وتووە، بەڵام لە بەرنامەمدایە لە ئایندەدا بە سۆرانی و زازاكیش گۆرانی بڵێم، هەر كاتێك دەرفەتێكی گونجاو هەبێت لە رووی بوونی تێكست و ئاوازێكی خۆش كە بتوانم جەماوەری پێ رازی بكەم و بتوانم بە جوانی بیڵێم و سەركەوتوو بم، نەك تەنیا وتن و دەركەوتن بێت، زۆر لە هونەرمەندان ئەم كارەیان كردووە، هەندێكیان زۆر تێیدا سەركەوتوو بوون، بەڵام هەندێكی دیكەیان وەكو پێویست نەبوون.
سەبارەت بە بوونی ئافرەتی كورد لە بواری هونەریدا كە تا چەند سەركەوتوو بوون، رایوایە: بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر ئافرەتانی كورد لەگەڵ پیاوەكان بەراورد بكەی بە لەبەرچاو گرتنی هەموو لایەك، ئەوا بەڕای خۆم ئافرەتە هونەرمەندەكان سەركەوتووترن، چونكە دەرفەت بۆ پیاو زیاتر و ئاستەنگەكانیش كەمترن بەپێچەوانەی ئافرەتان. هەر لەم بارەیەوە زیاتر دەڵێ: زۆر كەس پێیان وایە ئافرەت پشت بە جوانی دەبەستێت بۆ ئەوەی لە كارەكەیدا سەركەوتوو بێت، بەڵام من پێموایە جوانی گرنگییەكی ئەوتۆی نییە، رەنگە راددەیەك تا ڕۆڵی هەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ هەر هونەرمەندێك جا ئافرەت بێت یان پیاو بوونی بناغەیەكی هونەری پتەوە واتە دەنگ و ئەدا و چۆنیەتی پێشكەش كردنی گۆرانییە بەو شێوەیەی كە مافی تێكست و ئاوازەكە بدات.
ئەڤین نایشارێتەوە كە هونەری كوردی كەموكوڕی تێدا بە دی دەكرێت ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە و لەم بوارەوە دەڵێت: راستە كەموكوڕیەكان زۆرن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو كەموكوڕی و ئاستەنگانەی كە دێنە سەر رێگا كار و بەرهەمی سەركەوتووش پێشكەش دەكرێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی هونەرمەندان زیاتر دەبێت لە هەمان كاتدا شێوازی موزیكی نوێتر دێتە بوون، ئەم كارە بە ردەوام و تێكەڵاوی و رەنگاورەنگییەش خۆی لە خۆێدا دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشخستنی هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی بۆ پلەیەكی بەرزتر لەوەی كە ئێستا هەیە.
لە بارەی بەرهەمە فۆلكلۆر ورەسەنەكان ئەوانەی گۆرانیبێژە نەمرەكان بەشێوازی جیاجیا نوێ دەكرێنەوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەڤین دەڵێت: من خۆیشم زۆر گرنگی بەو لایەنە دەدەم، چونكە لەنێو گۆرانییەكانی مندا گۆران هونەرمەندانی دیكە نییە و هەمووی گۆرانی تایبەتی خۆمە، هەموو تێكست ئاوازەكانی نوێن، لە ئەلبوومی یەكەممدا تێكستی چوار لە گۆرانییەكان هی خۆم بوو.
سەبارەت بە پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی و ئایا تا چەند توانراوە بپارێزرێ و گرنگی پێ بدرێ بەتایبەتی لەلایەن هونەرمەندانی كوردەوە دەڵێ: ئەگەر بە ڕاشكاوی قسە بكەم (بێگومان ئەمە ڕای تایبەتی خۆمە) رەسەنایەتی گۆرانی و موزیكی كوردی وەك پێویست ناپارێزرێ، بۆ ئەم مەبەستەش واتە پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی پێموایە پێویستی بە خوێندن و زانینی ئەدەبیات و موزیكی هەیە، ئەوەی من تێبینیم كردبێت ئەم كارە تا ئێستا لەلایەن هونەرمەندی كورد نیزامەدین ئارەج ئەنجامدراوە كە هەوڵیداوە بە هەموو شێوەیەك رەسەنایەتی هونەری كوردی بپارێزی.
ئەڤین پێیوایە بە هۆی ئەوەی دوژمنان هەوڵیانداوە هەمیشە زمان و كەلتووری كوردی لە ناوبەرن، بۆیە پێویستە هونەرمەندان بە گشتی دژی پیلانەكانی دوژمنان بوەستنەوە و لەم بارەیەوە بوونی پێوەندی بەهێز لە نێوان هونەرمەندان بە كارێكی پێویست دەزانێت و دەڵێت: من پێوەندیم لەگەڵ هونەرمەندان باش و ئاساییە بەتایبەتی لەگەڵ هونەرمەندانی باكووری كوردستان.
ئەڤین پێیوایە هونەرمەندانی كورد كلیپی جوانیان بەرهەمهێناوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ: دەكرێ كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بكرێ، چونكە ئێمە خاوەن توانای زیاترین لە هەموو بوارەكانی تایبەت بە كلیپ و گۆرانی.



Top