ئیڤان گلینی لیلی: (lost) دەرگاكانی لەبەردەمم كردەوە

ئیڤان گلینی لیلی: (lost) دەرگاكانی لەبەردەمم كردەوە
زنجیرەی (lost) كە لە چەندین وەرزدا پێشكەش كرا و یەكێك بوو لە زنجیرە پڕ جەماوەرییەكان بووە هۆی ناسینی ژمارەیەك ئەستێرە، كە هەندێكیان پێشتر لە چەندین زنجیرە و فیلمی سینەماییدا رۆڵیان بینیبوو و ژمارەیەكی دیكەشیان لە رێگای ئەم زنجیرەیەوە زیاتر ناسران لەلایەن جەماوەرەوە و دواتریش هەر بە هۆی ئەم زنجیرەیەوە چەندین رۆڵی دیكەیان پێشكەش كرا و ناوبانگیان دەركرد و بوون بە پاڵەوانی چەندین فیلم.
ئیڤان گلینی لیلیی كە بە رەچەڵەك كەنەدییە و رۆڵی پاڵەوانی لە (lost)دا هەبوو یەكێكە لەو ئەستێرانەی كە پێشتر چەند رۆڵێكی بینیبوو و تا راددەیەك ناسراو بوو، بەڵام دواتر رۆڵی پاڵەوانی لە چەندین كاری دیكە پێ سپێردرا، لەم بارەیەوە دەڵێ: بۆ من هەموو ئەو رۆڵانەی پێم دەسپێردرێن هیچ جیاوازییەكیان نییە و هەوڵ دەدەم بە باشترین شێوە و وەك ئەوەی دەرهێنەر دەیەوێ بەرجەستەی بكەم، بەو مەبەستەی تێیدا سەركەوتوو بم، (lost)یش بە هەمان شێوە بوو و توانیم خۆمی تێدا بسەلمێنم، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر سەركەوتوو بوو و جەماوەرێكی زۆری هەبوو لە سەرتاسەری جیهان و وەرگێڕدرابووە سەر چەندین زمانی جیاجیا، بۆ من و هەموو ئەكتەرە بەشدارەكان تا راددەیەك جیاواز بوو، چونكە لە رووی جەماوەرییەوە زیاتر ناسراین و بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانیش بیریان لەوە دەكردەوە كە سوود لەو ناوبانگ و جەماوەرییەی ئێمە وەربگرن.
ئیڤان هەر لەم بارەیەوە دەڵێ: من یەكێك بووم لەوانەی كە ئەم زنجیرەیە رۆڵێكی زۆری هەبوو كە من زیاتر بناسرێم هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دەرگای زیاتر لەبەردەمم بكرێنەوە و چەندین رۆڵی دیكەم پێ بسپێردرێ، ئەمەش مایەی خۆشحاڵیمانە.
Top