هیڤی موراد: ئەگەر هونەری كوردی بە بازرگانی بكرێت رەسەنایەتی خۆی لە دەست دەدات
• چۆن بوو رووت لە كاری گۆرانی و مۆسیقا كرد؟
- لە ساڵی 2010 و دوای ئەوەی خوێندنم لە پەیمانگای موزیك تەواو كرد، ئیدی لەو كاتەوە هاتمە نێو بواری هونەر و دەستم بە گۆرانی و موزیك كرد.
• هونەر لە كوردستان بەتایبەتی بۆ ئافرەتان بێ پاڵپشتی كارێكی زەحمەتە، كێن ئەوانەی پاڵپشت و هاوكاری تۆ بوون؟
- ئەوەی راستی بێت زۆر كەس هەبوون هاوكاریی منیان كرد لەوانە مامۆستاكانم و باوك و كەسوكارم هەموویان هەوڵیان دەدا كە من لە رووی هونەرییەوە بە تەواوی پێ بگەم و هاوكارییان دەكردم، چونكە دەیانزانی من بەهرەی هونەریم هەیە و بە حەزەوە رووم لەو بوارە كردووە، بەڵام ئەوەی زۆر هاوكاریی كردم و تا ئێستاش بەردەوامە لەگەڵم هەڤاڵ و هاوكارم هونەرمەند سەباح حاجۆ بووە، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە سەباح حاجۆ رۆڵێكی گرنگی هەبووە و من خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە من و ئەو پێكەوە هەڵكەوتین، چونكە كەسێكە زۆر لە هونەر دەگات و دەزانێ من پێویستم بە چی هەیە و هاوكاریم دەكات، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كە دەستم بە كاری هونەری كردووە زۆربەی كارەكانم وەك گۆرانی و كلیپ خۆم ئەنجامیان دەدەدم و بەردەوام هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی كاری باشتر. هۆكاری دواكەوتن یان ون بوونیشم لە ماوەی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە من ئێستا لە ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبەم، ئەمەش كاریگەریی هەبوو لەسەر دواكەوتنم، بەڵام من هەر بەردەوام دەبم لە كاری هونەری و پەنا بە خوا كاری باشتر و جوانتریش پێشكەشی دەكەم.
• گۆرانیی (ئەرێ پسمام) هۆكارێك بوو بۆ دەركەوتن و ناسینی زیاتری تۆ لەلایەن جەماوەرەوە، چیرۆكی وتنەوەی ئەم گۆرانییە چۆن درووستبوو؟
- هەر لە سەرەتای كاری هونەریمەوە من گوێم لە زۆربەی گۆرانیبێژانی كورد دەگرت، واتە هەر گۆرانییەكی خۆش هەبێت و هەست بكەم لە ستایلی و شێوازی گۆرانیی وتنی منەوە نزیكەوە من گوێی لێدەگرم، یەكێك لەوانەی كە من كاریگەرم بە دەنگ و گۆرانییەكانیان هونەرمەندی نەمر ئەردەوان زاخۆییە، گۆرانی (ئەرێ پسمام) یش یەكێكە لەو گۆرانیانەی كە زۆر گوێم لێدەگرت و حەزم كرد بیڵێمەوە، بۆیە بە دەوروبەری خۆم راگەیاند كە دەمەوێ ئەم گۆرانییە بڵێمەوە و رای ئەوانیشم پێ گرنگ بوو، هەموو ئەوانەش پشتگیرییان كردم و هاوكاریشیان كردم لە وتنی ئەم گۆرانییە، بۆیە بە كلیپیش لە قامیشلۆ تۆمار و بڵاومان كردەوە و یەكێك بوو لە گۆرانییە سەركەوتووەكان لەلای جەماوەرەوە، لێرەوە سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە هاوكارییان كردم لە وتن و وێنەگرتن و تۆمار كردنی گۆرانییەكە.
• جیاوازی لە نێوان ئەنجامدانی كاری هونەری لە ئەوروپا و كوردستان چییە، ئایا لە ئەوروپا سەرەڕای پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بۆ تۆ ئاسانترە، یان لە كوردستان؟
- نەك تەنیا بۆ من، بەڵكو وا بزانم كاری هونەری بۆ هەموو هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا زۆر زەحمەتە، پێویستە هونەرمەند هەموو كارەكان لەسەر ئەرك و ئەستۆی خۆی ئەنجام بدات، بۆ هونەرمەندانی رۆژئاوا كە ئێستا روویان لە ئەوروپا كردووە زۆر زەحمەتترە، چونكە لە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێن، بۆ منیش كە چەند ساڵێكە لە ئەوروپام سەرەتا هەمان شت بوو، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش ئێمە هەر بەردەوام دەبین و بە نیازم چەند كاری جوانتر بكەم بە دیار بۆ جەماوەرەكەم.
• وەك هێڤی موراد، مەرجەكانی سەركەوتنی هونەرمەند چین؟
- پێموایە مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی هەر هونەرمەندێك ئەوەیە سەرەتا دەنگێكی خۆشی هەبێت، هەروەها لە هونەر بگات و لەرووی هونەرییەوە خوێندبێتی بەشێوەی ئەكادیمی، جگە لەمانە مەرجی سەركەوتنی هونەرمەندان بە گشتی ئەوەیە كە كۆمپانیای هونەری و كەناڵی هونەری هەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتی هونەرمەندان بكرێت.
• كەناڵە كوردییەكان تا چەند لە پێشخستنی هونەری كوردی رۆڵیان هەبووە ؟
- پێموایە نەبوونەتە هۆی پێشكەوتنێكی دیار و بەرچاوی لە هونەری كوردی، چونكە زۆربەیان تەنیا بە چەند هونەرمەندێك دەگرن، ئەگەرچی دەنگیشیان خۆش بێت پاڵپشتییان دەكەن و هونەرمەندانی دیكە پشتگوێ دەخەن
• بە بازرگانی كردنی هونەری كوردی چۆن دەبینی؟
- من لەگەڵ ئەوە نیم كە هونەری كوردی زۆر بەرەو بە بازرگانی بچێت، ئاساییە ئەگەر لەم بوارەوە هونەرمەندان بتوانن پێشكەوتنێكی بەدەست بهێنن، بەڵام ئەگەر هونەری كوردی بە گشتی بە بازرگانی بكرێت رەنگە ئەو رەسەنایەتی و ناوبانگەی هەیە لە دەست بدات.
* بوونی ئافرەتان لە نێو بواری هونەریدا چۆن دەبین؟
- مایەی خۆشحاڵییە كە ئافرەتانی كورد ئێستا بوونیان هەیە لە بواری گۆرانی و موزیك ئەمەش لە هەموو جیهاندا هەیە، بە گشتی هەوڵێكی باشە و هیوادارم بەردەوام بن و رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی هونەری كوردی.
* هەر هونەرمەندێك ریتم و ستایلێكی تایبەتی خۆی، تۆ زیاتر لە چ ستایلێكی خۆت دەبینیەوە؟
- من زیاتر لە ستایل هێمندا خۆم دەبینمەوە و هەست دەكەم تێیدا سەركەوتووم و حەزی لێدەكەم، بۆیە ئەم ستایلەم هەڵبژاردووە.
* كاری هونەری بۆ تۆ بووەتە هۆكارێك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان؟
- نەخێر تا ئێستا كاری هونەری هۆكارێك نەبووە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان، ئەوەی منی بە گۆرانی بەستەوە بەهرە و خوێندنی بواری هونەری بووە و باوەڕ ناكەم لە داهاتووشدا بەو شێوەیە كاری هونەری ئەنجام بدەم.
* بیرت لە گۆرانیی وتن نەكردۆتەوە بە شێوەزاری سۆرانی؟
- لە دڵەوە حەز دەكەم بە سۆرانی گۆرانییەك بڵێم، ئەگەر تێكست و موزیكێكی خۆش هەبێت بە دڵنیاییەوە پێشكەشی دەكەم.
* هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ ئەوی سەردانی كوردستان بكەی؟
- نەخێر لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكم نییە بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكەم، بەڵام هەر كاتێك دەرفەت هەبێت بێگومان سەردانی كوردستان دەكەم.
* دوایین كاری هونەری و بەرنامەی داهاتووت چییە؟
- ماوەیەك بەر لە ئێستا گۆرانییەكم بۆ پەنابەران تۆمار كردووە، ئێستاش خۆم ئامادە دەكەم بۆ تۆماركردنی دوو گۆرانیی دیكە لە نەورۆز یەكیان بۆ شەهیدانە و ئەوی دیكەش بۆ نەورۆز و رەنگە گۆرانییەكی فۆلكلۆری بە شێوەزاری سۆرانی بێت لەسەر نەورۆز.