ئەو ئەستێرانەی حەز دەكەن هاوسەرانیان قەڵەو بێت

ئەو ئەستێرانەی حەز دەكەن هاوسەرانیان قەڵەو بێت
جوانی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بوون بە ئەستێرە لە هۆڵیۆد و زۆر جار بە مەرجی سەرەكیی سەركەوتن دادەنرێت بەتایبەتی بۆ ئەكتەرە ئافرەتەكان، لە نواندن جوانی شێوە و رووخساری ئەكتەر زیاتر گەرەك و پێویستە،بۆیە دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتە ئەكتەرەكان گرنگییەكی زۆر بە جوانی خۆیان دەدەن و هەمیشە هەوڵ دەدەن كۆنتڕۆڵی كێشی لەشیان بكەن و قەڵەو نەبن.
بەڵام هەندێك لە پیاوە ئەكتەرەكان رایەكی پێچەوانەیان هەیە و حەز دەكەن خۆشەویستەكانیان یان هاوسەرە ئەكتەرەكانیان لەشیان پڕ بێت و قەڵەو بن، لەوانەش ئەستێرەی ناوداری جیهانی برۆس برۆسنان، هەرچەند زۆربەی ئەو ئافرەتانەی رۆڵیان لەگەڵی بینیوە لەشیان رێك بووە و هیچ جۆرە قەڵەوییەكیان پێوە دیار نەبووە، برۆسنان ماوەی دە ساڵە ژیانی هاوسەری لەگەڵ شای سمێسی ئەكتەر پێكهێناوە و بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری (A)ی تایبەت بە ناوداران برۆسنان دەڵێ: رۆژانە خۆشەویستیم بۆ هاوسەرەكەم زیاتر دەبێت، من زۆر حەز لە لەشی پڕ و خڕپنی دەكەم و هەڕەشەی ئەوەشم لێیكردەوە ئەگەر نەشتەرگەریی لادانی چەوری ئەنجام بدات ئەوا تەڵاقی دەدەم، هەرچەندە شای هەوڵێكی زۆریدا لە رێگای وەرزش و ریجیمی تایبەتەوە چەند كیلۆگرامێكی كێشی كەم بكاتەوە، بەڵام برۆسنان رایگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك لە كێشی زیادی هاوسەرەكەی بێزار نییە و حەز دەكات هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە.
جگە لە برۆسنان هەر یەكە لە ئەكتەران هیو جاكمان و كلیف ئۆین و مات دایمۆن و رۆبێرت دی نیرۆ بەوە ناسراون كە هاوسەرەكانیان بە دەست كێشی زیادی لەشەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی بێزار بوونیان، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەمیشە هانی هاوسەرەكانیان دەدەن كە بەو شێوەیە بمێننەوە و هەوڵی دابەزینی كێشیان نەدەن.
Top