ئەمیر تەها:باشترین خەڵات بۆ من ئەو كاتە بوو كە ئامادەبووان فرمێسكیان بۆ فیلمەكەی لەیلا قاسم رژاند

ئەمیر تەها:باشترین خەڵات بۆ من ئەو كاتە بوو كە ئامادەبووان فرمێسكیان بۆ فیلمەكەی لەیلا قاسم رژاند
بەم دواییانە دەرهێنەر ئەمیر تەها كاری وێنەگرتنی فیلمی (دووانەی ئازادی)ی تەواو كرد و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە، ئەم فیلمە یەكێك لە بەسەرهاتەكانی برا مەسیحییەكان دەگێڕێتەوە و باس لە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان و دڕندەیی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات، بۆ زانیاری زیاتر لەسەر فیلمەكە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی (ئەمیر تەها)ی دەرهێنەر و ئەكتەری فیلمەكە كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.


• بیرۆكەی فیلمی (دوانەی ئازادی) چۆن دروست بوو؟
- هەموو گەواهی ئەوەین كە لە دووساڵی رابردوودا دڕندەترین گروپی تووندڕۆ بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و دەیانەوێ ئەو سەقامگیرییە و روو لە سەربەخۆبوونە ئاوەژوو بكەنەوە،بۆ ئەمەش سەدان شەهیدمان داوە، ئێمەی هونەرمەندانیش هیچمان لە پێشمەرگە كەمتر نییە كە بە زوومی كامیرەكانمان باسی قارەمانیەتی و بەرخودانی پێشمەرگە بكەین و بەڵكو كەمیشمان كردووە. ئێمە لە دووانەی ئازادیدا باسی كەسانێك دەكەین كە بۆ چەمكە مرۆییەكانی مێژوو خۆیان بەخت دەكەن، دووانەی ئازادی لە هەستكردنمان بە نیشتمانپەروەری و رێزگرتن لە گیان و فیداكارییەوە درووست بوو، لە سووتانی جەرگی دایك و هاوسەری شەهیدانەوە درووست بوو، لە نوزەی دەنگی منداڵانی شەهیدەوە درووست بوو.
• ئەو ئەكتەرانەی رۆڵی سەرەكییان هەیە كێن؟
- لەم كورتە فیلمە سینەماییەدا 3 ئەكتەری سەرەكی رۆڵیان كە ئەمانەن سەلام كۆیی، ئەمیر تەها و ئەكرەم محەمەد و 15 ئەكتەری كۆمبارس هەیە.
• بۆچی چیرۆكی وا بە كورتە فیلمێك گوزارشتت لێیكردووە، ئەگەر فیلمێكی درێژ بوایە باشتر نەدەبوو؟
- زۆر بە دڵنیاییەوە باشتر بوو ئەگەر فیلمەكەمان بە درێژی بووایە، بەڵام لەم سەردەمەی كە قەیرانی دارایی لە ئارادایە و لەهەر دەرگایەك بدەی پێت دەڵێ بەس باسی پارە مەكە، فیلمی كورت بە گشتی و فیلمی درێژیش بەتایبەتی وەك دەزانرێ و ئاشكرایە گەر بتەوێ كاری باش بكەی بودجەی گەورەی دەوێ، دەنا ئەمەی ئێمە كردوومانە وەك نموونەیەكە بۆ ئەو كەسانەی یان وەزارەتی رۆشنبیری كە بیانەوێ ببنە خاوەن فیلمێكی درێژ و نازدار لە مێژووی سینەمای كوردیدا. دەرگە واڵایە و ئیمە زۆرتر پێمانخۆشە كە پاڵپشتی هونەرمەندانی بواری سینەما بكرێت تا چیرۆكی خۆمان بە درێژی تێر و تەسەلی بگێڕینەوە.
• باسی ئەوەت كرد بوو كە پێشبینی دەكرێ لە فیستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەكاندا سەركەوتنی گەورە بە دەست بهێنێت، تاچەند دڵنیای لەمە؟
- كاتێك دەستمان كرد بە نووسینەوەی سیناریۆی جێبەجێكاری، ئەوەندەی بیرمان لەوە بوو كە باسی پێشمەرگە و قارەمانیەتییەكانی بكەین ئەوەندە بیرمان لە بەشداری پێكردنی نەبوو بۆ فیستیڤاڵ هەرچەندە مافی خۆشمانە بیری لێبكەینەوە،بەڵام كە كەوتینە ناو فیلمەكە و شێوەی كاری دڵسۆزانەی هاوكاران و سینەماكارانی بەشداربووی دووانەی ئازادیمان بینی هەر لەوێ ئەوان بەر لەمن باسی ئەوەیان دەكرد كە مادام ئەوها دڵسۆزین و بە خۆبەخشی لە شوێنێكی گەرمی وەك مەخموور لەژێر 48 و 50ی پلەی سەدی هاویندا كار دەكەین و گوێ بە هاتنی كاتیۆشای داعش ناگرین واتا ئێمە سەردەكەوین، هەربەوەش نەوەستاین، بەڵكو دوای بینینی مەتریاڵەكەمان ئەوجا باسی فیستیڤاڵمان كرد و هەوڵیشی بۆ دەدەین و دڵنیاشین دووانەی ئازادی لە زۆر فیستیڤاڵدا دەگەڕێ و سەری ئێمە وەك ستاف و سەری كوردیش بەرز دەكاتەوە، پەنا بەخوا.
• باسكردنی بابەتێكی گرنگ و هەستیاری وەكو شەڕی داعش بۆ ئەوە نەبووە كە سەركەوتنی و بەدەستهێنانی خەڵات مسۆگەر بكەی؟
- ئەگەر زانیاریتان سەبارەت بە ئێمە هەبێت، ئەوا باش ئەو راستییە دەزانن كە كاری زۆرمان كردووە و هەرگیز بەو شێوەیە بیرمان لێنەكردۆتەوە. ئەگەرچی بیركردنەوەیەكی مەشروعیشە، ئێمە لە زوودا خاوەنی دۆكۆمێنتارین سەبارەت بە لەیلا قاسم، سەبارەت دۆزی ئافرەتان، سەبارەت ئەنفال، سەبارەت چیرۆكی ئەڤینداری وەك ئەسمەر و مامەر. بۆ باسی داعشیش نەكەین؟ بۆ لە كارەكانی ترمان ئەو بیرەمان نەبووە بۆ لەمە وا بێت؟ بە ڕای من خەڵات ئەو كاتە بوو كە تێكڕای ئامادەبووانی هۆڵی پێشەوا فرمێسكیان بۆ فیلمەكەی لەیلا قاسم رژاند، ئەو كاتە خەڵات بوو كە ئەسمەر و مامەر 3 ملیۆن سی دی لێ فرۆشرا.
• بۆ وێنەگرتنی فیلمەكە چەند رۆژ لە سەنگەرەكانی جەنگ بوون؟
- لە كاتی هەڵبژاردنی لۆكەیشن سەردانی میحوەری گوێڕ و مەخموورمان كرد و بۆ ماوەیەك دیزاین كردن لەگەڵ برای بەڕێزم مامۆستا حوسێن زارین و دواتر لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج سەنگەرێكی پێشمەرگەمان بە ئیكسسواراتی ناو سەنگەر و دەوروبەری بۆ ماوەی یەك كیلۆ مەتر دانا، ماوەی 3 مانگ خەریكی ئامادەباشی بووین و دوو هەفتەش وێنەگرتن و 3 مانگیش مۆنتاژ دەمەوێ، هەروەها جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەم كە ئێمە لەنێوان مەخموور و سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە كارمان كردووە.
• ئایا هیچ بودجەیەك هەبووە بۆ فیلمەكە؟ یان لە رووی داراییەوە چ ئاستەنگێك درووست نەبووە؟
- لە سەرەتاوە تەنیا بە پارەیەك كە لەلایەن بەڕێز ئیهاب ناسر بەرپرسی سەنتەری هونەریی میدیا دابینكرابوو توانیمان سیناریۆیەكە بكڕین و ماوەی یەك ساڵ وەستاین تا ئەوكاتەی كە بڕیارماندا بە خۆبەخشی ئەم كارە هونەرییە دەستپێبكەین ئەویش بە هاوكاری برادەرانی مەخموور كە زۆر خۆبەخشانە و بێ گوێدانە گەرما و سەرما بێ گوێدانە برسیەتی دەستمان پێكرد و هەموو خۆبەخش كارمان كرد، بەڵام پێویستە سوپاسی تایبەتی هەردوو بەڕێزان خاتوو میدیا قازی و ئیهاب ناسر بكەین كە بڕێك لە ئەركەكەیان لە ئەستۆ گرت.
• سیناریۆی فیلمەكە باس لە پیاوێكی مەسیحی دەكات كە قوربانی داعشە، ئێزیدییەكان (مەبەستم كارەساتەكەیە) هیچ رۆڵیان لە فیلمەكە هەیە ؟
- سیناریۆی فیلمەكە باسی 3 كەس دەكات دوو لەوان پێشمەرگەن و ئەوەی دیكە پیاوێكی مەسیحیە كە لەلایەن داعشەوە ناچار كراوە بچێت لە شوێنێكی گرنگی هەرێمی كوردستاندا خۆی بتەقێنێتەوە، دیارە هەموو تاكێك و ئایینێك لە هاتنی داعشدا رووبەڕووی كوشتن و راوەدوونان و دووركەوتنەوە لە زێدی خۆیان بۆتەوە، جا چ موسڵمان بن، چ ئێزیدی و چ ئایینەكانی دیكە، خۆ مەسیحیەكانیش كەمیان پێنەكرا، ئێمە كە باوەڕمان بە پێكەوەژیانە دەبێ مرۆڤ وەك چەمك وەرگرین، نەك بەلای نەتەوەی خۆماندا بچین ئێمە لە (دووانەی ئازادیدا) باسی كورد و مەسیحی دەكەین كە دوو توێژن لە یەكتری تێدەگەن و ئازارەكانیان هاوبەشە.
• بیستوومانە زۆر جار ژیانتان كەوتۆتە مەترسییەوە، ئەمە چۆن بوو؟
- زۆر راستە، نەك من بەڵكو یەكە بە یەكەی ستافی (دووانەی ئازادی)ـ چونكە چەندین جار بۆ هەفتە و دووان كارمان راگرتووە لەبەر كاتیۆشاكانی داعش كە هەموو جارەكان بەسەر سەری ئێمەدا رەت دەبوون تەنانەت جارێك لەو جارانە كچێكی بێتاوان لە مەخموور شەهید بوو، بەڵام هەموومان باكمان بەو شتانە نەبوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هاوكاری هەماهەنگی میحوەری مەخموور و سەرجەم دامودەزگای مەخموور بكەم و ئەو ئەرك و ماندووبوونەیان لەبیر نەكەین كە ئاسانكارییان بۆ كردووین.
ستافی دووانەی ئازادی ئەمانە بوون: دەرهێنەر ئەمیر تەها، كامێرا زەردەشت خان، گریمۆر شەنگە كەركووكی، دیكۆر حوسێن زارین، دەنگهەڵگر كارزان مامەند پیران، مۆنتاژ سۆران سۆرانی، شاریۆ لاڤان سەلام، فۆتۆ و پشت كامیرا، نیاز مەخمووری، یاریدەدەری كامێرا كاروان مەخمووری جل و بەرگ عومەر قەشقە، رووناكی ئەكرەم محەممەد و لاڤان سەلام، تەقینەوە رائید ئازاد، كرێن عوسمان مەخمووری، هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ: مەلا مەهدی و مولازم محەممەد و مولازم سەلیم و موقەدەم میران لە میحوەری مەخموور و سەید موحسین بەڕێوەبەری ئاسایشی مەخموور، فەتاح مەخمووری بەڕێوەبەری كارەبای مەخموور.
Top