ناتالیا:سەركەوتنی كورد لە هەر كوێیەك بێت مایەی سەربەرزییە بۆ هەموومان
هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان وەك ئەركی سەر شانی خۆیان بە گۆرانی و سروود پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی.
ناتالیا خانمە هونەرمەندێكی دەنگخۆشی كوردی وڵاتی ئۆكراینایە، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە و لەو كاتەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و بەردەوام لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بە گۆرانییەكانی گوزارشتی لە خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان دەربڕیوە، دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و رزگار كردنی لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و لەم بارەیەوە وتی: یەكێك لەو نەتەوانەی كە مێژوو غەدرێكی زۆری لێكردووە نەتەوەی كوردە، چونكە زۆربەی نەتەوەكانی جیهان بە مافەكانی خۆیان شاد بوون و بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، تەنیا ئێمەی كورد نەبێت كە قەدەرمان وابوو دەست بە خەبات و كۆشش بكەین بۆ پاراستنی بوونی خۆمان و زمان و كەلتووری نەتەوەییمان، بە هۆی ئەوەی ژێردەست بووین و وڵاتمان داگیر كراو بوو، دوژمنان هەمیشە هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی و كەلتووری ئێمە بە هەموو شێوەیەك بسڕنەوە، بەڵام میللەتی كوردستان كۆڵی نەدا و بە درێژایی مێژووی دەستی كرد بە خەبات لە هەموو روویەكەوە و توانییان بوونی خۆیان بپارێزن، دوژمنان هەموو جۆرە چەك و توانایەكی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازی خۆیان دژی میللەتەكەمان بەكارهێنا، لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و بن پێ خستنی مافەكانمان تا دەگاتە قەتلوعام كردن و ئەنفال و كیمیا باران و و دوایین جاریش تیرۆریستانی داعش.
ئەم خانمە هونەرمەندە كوردەی ئۆكرانیا ئاماژە بۆ خۆراگریی نەتەوەی كورد دەكات دەڵێ: ئێمە خاوەن وڵاتێكین كە داگیر كراوە و جگە لەوەش بەسەر چوار وڵات و سێ كەلتووری جیاواز دابەش كراوە و دوژمن و داگیركەرانیش بەر لە هەر شتێك بیریان لە نە هێشتنی زمان و كەلتوور و هونەری ئێمە داوە و لەكەداریان كردووە، تەنانەت بۆ ساڵانێكی زۆر لەم وڵاتانە تەنانەت قسەكردنیش بە زمانی كوردی قەدەغە بوو و لە بارودۆخێكی ئاوادا تەنیا پاراستنی زمانی كوردی بۆ خۆی دەستكەوتێك بووە، بەڵام كورد نەتەوەیەكی ژیاندۆستە بۆیە بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەرامبەر بە دوژمنانی وەستایەوە، بە درێژایی مێژوو ئەو سیاسەت و هێرش و دڕندایەتییەی دژ بە كورد بەكارهێنراوە، ئەگەر بەرامبەر هەر میللەتێكی دیكە بەكارهێنرا با بێگومان نەیدەتوانی بەردەوام بێت و لە ناو دەچوو، بەڵام ئیرادەی بە هێزی ئێمە و هەست كردن بە ژێر دەستی و قبوڵ نەكردنی ئەو واقعە توانیی بەسەر كۆت و بەندەكان زاڵ بێت و بوون و وجوودی خۆی بسەلمێنێت، بەمەش دۆست و دوژمنانی ناچار كرد رێز لەم قوربانیدانە بگرن.
ناتالیا لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ: دوژمنان چەندین شێوازی دژایەتی كردنی كوردیان بەكارهێنا لە هەموو پارچەكانی كوردستان بۆ ئەوەی هەستی نەتەوایەتیمان خامۆش بكەن و نەتەوەیەك نەمێنێت بە ناوی كوردەوە بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵیاندا مۆركی كوردی بەسەر زمان و كەلتووری رەسەنمانەوە نەمینێت و بە ئاگر و ئاسن دەستیان بە پیادە كردنی ئەم سیاسەتە كرد، بەڵام دوای ئەوەی گشت هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوو بیریان لە شێوازی دیكە كردووە، دوایین شێواز كە دوژمنانمان پیادەیان كرد، هێرشی دڕندانە و نا مرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش بوو، راستە داعش دوژمنی مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەوەی بەرامبەر بە كورد بە گشتی و كوردانی ئێزیدی بەتایبەتی ئەنجامیدا لە مێژووی جیهاندا وێنەی نەبووە مەگەر لە سەردەمە تاریكەكانی مێژوو نەبێت، چونكە دوای تاڵان كردنی سەر و ماڵیان پیاوەكانیان كوشت و ئافرەت و منداڵانیان بە سەبایە رفاند ئەمەش نیشانەی دواكەوتوویی ئەمان و رێژەی دوژمنایەتییان بۆ كورد نیشان دەدات.
نەتالیا لە كۆتاییدا دەڵێ: سەركەوتنی كورد بەسەر داعش ئومێدێكی زۆری پێ بەخشین و بووە مایەی خۆشحاڵیی كورد لە هەر شوێنێك بێت، ئازاد كردنی كۆبانی و شەنگال سەلماندی كە ئێش و ئازاری كورد یەكەوە بە یەكگرتوویی دەتوانن سەركەون بەسەر هەموو دوژمنان ئەگەر چەندیش دڕندە و داخ لە دڵ بن و سەلماندی كە ئەستەمە كورد واز لە خاكی خۆی بهێنێت لە هەر شوێنێك بێت و ئامادەیە خۆی بكات بە قوربانی وڵاتەكەی.