حەسنا مەتەرە دگەڕێتەوە و (بەدەوی) دەكاتە دیاری
هونەرمەند حەسنا مەتەر كە بەهۆی چەند كارێكی هونەرییەوە ئێستا لە شاری هەولێرە لە لێدوانێكی تایبەتدا رایگەیاند: گۆرانی (بەدەوی) نوێترین كاری هونەریمە، كەناڵی LBC لوبنانی كاری پەخشكردن و دابەشكردنی گۆرانییەكەی لە ئەستۆ گرتووە، وا چاوەروان دەكرێ بەم نزیكانە لە كەناڵەكان نیشان بدرێت. گوتیشی: ماوەیەك بەر لە ئێستا لە وێنەگرتنی گۆرانییەكە تەواو بووین كە ماوەی 3 رۆژی خایاند لە شارەكانی بەعلبەك و جۆنێی لوبنانی وێنەی گیرابوون، بەداخەوە بەهۆی ئەم رووداوانەی دوایی شاری بەیروت كارەكانم ماوەیەك دوا كەوت، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا كارەكە تەواو بووە، تەنها ماوە لە كەناڵەكان نیشان بدرێت.
حەسنا مەتەر زیاتر گوتی: هەفتەی داهاتوو سەردانی شاری دوبەی دەكەم و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بە فەرمی تەواوبوونی گۆرانییەكەم رادەگەیەنم، هەروەها چەندین چاوپێكەوتنی هونەری لەگەڵ دەزگا راگەیاندنەكان ئەنجام دەدەم، لە بەرنامەشمدایە بۆ ئاهەنگەكانی سەری ساڵ بگەڕێمەوە هەرێمی كوردستان. شایەنی باسە، ماوەیەك بەر لە ئێستا باوكی هونەرمەند حەسنا مەتەر لە لوبنان بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، ئەوەش وایكرد زۆربەی كارە هونەرییەكانی بەم كارەساتە دوا بكەوێت.