قەیرانی ئابووری رێگر نەبووە لەوەی هونەرمەندان لە كاری هونەرییان بەردەوام بن

قەیرانی ئابووری رێگر نەبووە لەوەی هونەرمەندان لە كاری هونەرییان بەردەوام بن
بارودۆخی سەختی ئابووری لە كوردستان ئاستەنگی لەبەردەم گشتیی جومگەكانی ژیان درووستكردووە، لەوانەش بواری هونەری كە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هونەرمەندان لێرە و لەوێ ئەگەرچی لە ئاستی پێویست نییە، بەڵام خۆبەخشانە بەردەوامن لە كارە هونەرییەكانی خۆیان، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان باس لە گرنگیی ئەم هەوڵەی هونەرمەندان دەكەن.
حەمەڕەشید هەرەس: لە ساڵی ( ١٩٨٦) كە كوردستانم بە ناچاری و بۆ خۆ رزگاركردن لە چنگی عەرەب بەجێهێشت، هەتا گەڕامەوە یەك فلسم لە پارەی هونەرەكەم نەهاتۆتە گیرفانەوە، بە پێچەوانەوە، هەموو بەرهەمێك كە ئەنجامم داون، زۆربەی لە سەر گیرفانی خۆم بووە. كەواتە بە درێژایی تەمەنی هونەریم، هونەرم نەكردۆتە سەرچاوەی پارە پەیداكردن. بەڵام ئێستا كە ماوەیەكی كەمە هاتوومەتەوە، بەداخەوە دەبینم بازرگانی بە هونەرەوە دەكرێت تەنانەت كۆمپانیا بۆ ئەم جۆرە بازرگانییە دروست بوون، ئەوەی راستی بێت بەم دوواییە چەند جارێك منیش بە ڕێژەیەكی زۆر كەم لە پارەی بەرهەمەكان سوودمەند بووم، چونكە دەمبینی كەسانێك بازرگانیان بە هونەرەكەمەوە دەكرد، نەدەكرا بڵێم من پارەم ناوێت، لە كاتێكدا كەسانێك دەیانویست كڕین و فرۆشتن بە بەهرەی هونەرمەندانەوە بكەن.
ئێستا لەم قەیرانە جۆراوجۆرانەی كوردستانەوە، كە هونەرمەندان خۆبەخشانە دێنەوە مەیدانی هونەر و چاوەڕوانی پاداشت نین، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتییەكەی جاران كە باسم لێوە كرد. هونەرێك بۆ نەتەوە و جەماوەر بێت، بۆ سەرخستنی دۆزی كورد بێت، هونەرمەندێك نەتەوەیی بێت و مەبەست و مەسەلەی هەر بۆ سەركەوتنی رەوتی خاك و نیشتمانەكەی بێت، دەبێت پارە بدات تا هونەرەكەی بگاتە جەماوەر، نەك پارە وەربگرێت، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر ستافەكە بە گشتی سوودمەند نەبن، چونكە ناكرێت هونەرمەند خۆبەخشانە كار بكات و بەرهەمهێنەرەكان بازرگانی پێوە بكەن.
قەیرانی ئابووری نابێتە هۆی بەستنەوە و ئیفلیج كردنی هونەر، چونكە هونەرمەندی راست ئەو كاتە داهێنان دەكات كە برسی و خاوەن مەسەلە بێت، پێموابێت لەم كاتەشدا هونەر جوانتر دەدرەوشێتەوە .ئەو كاتەی هونەرمەندان لەژێر سایەی داگیركەری عەرەبدا جەماوەریان هونەرباران دەكرد و ناوازەترین هونەریان دەدا بە دەستەوە، ئەو كاتە هەمووی برسی نان و ئازادی بوون، ئێستاش كە قەیران و قات و قڕی داراییە، پێموایە رۆڵی هونەری بەرخۆدان وەك زێڕ بەم تەنگژانە زاخاو ئەدرێتەوە، مەبەستم هونەرمەندی نەتەوەییە.
ئەنوەر قادر رەشی : ئەو شانۆكارانەی بێ چاوەڕوانی بودجە و پارە بەرهەمە جددییەكانیان نمایش دەكەن و متمانەیان بە توانای خۆیان و پشتگیری بینەرانیانە، ئەوانەن كە عاشقی شانۆن، سستی و چاوەڕوانیان بۆ بودجە و بێنەوبەردە وەك ئەوە وایە ژیانیان لێ زەوت بكەیت، چونكە هونەر لە خوێنیاندایە و بووە بەو هەوایەی كە هەڵیدەمژن، راستە ئەو هونەرمەندانەش وەك هەر كایەیەكی تری پیشەیی پێویستیان بە پشتگیری دارایی و بەسەركردنەوە هەیە، بەڵام كاتێ بەهۆی دەسەڵاتەوە بینینی شانۆ كرا بە خۆڕایی، بووە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵێ بەرهەمی بێ سەروبەر و سەرپێیی و هاتنە مەیدانی خەڵكانێك كە هیچ توانایەكی هونەرییان نەبوو، ئەوەش هۆكاری سەرەكیی تۆراندنی بینەری راستەقینەی شانۆ بوو، چونكە لە راستیدا ئەو هونەرە باڵایە وەك كتێب وایە، ئەوەی بە پەرۆشەوە كتێبێك دەكڕێ بۆ خوێندنەوەیەتی، بەڵام كاتێ بە خۆڕایی دەستی دەكەوێ، رەنگە نەزانێ لە كوێشدا دایدەنێ، بینەری شانۆش كاتێ بلیت دەكڕێ، دەیەوێ چێژ وەرگرێ و بەرهەمێكی ناوازە و هونەری ببینێ. نەك كاتێكی بێ بەهای پێ پڕ بكاتەوە.
رەنگە كار كردنی بێ پشتگیری دارایی ئاسان نەبێ، بەڵام عاشقانی هونەر وزەی كار و پشتگیری لە متمانە بە خۆیان و بینەرەكانیاندا دەبینن و هەر ئەوانیش دەتوانن مێژووی نوێی هونەریی بنووسنەوە و ببنە هێمای درەوشاوە و بەردەوامیی شانۆ و رۆحێكی نوێی بەبەردا بكەنەوە.
یاسین قادر بەرزنجی: هەڵبەت هەڵوێستێكی پەسەندو دڵگیرە، بەڵام بە زانیاریی من هەر لە ساڵانی سەرەتاكانی گەشانەوەی هونەری كوردییەوە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو، زۆربەی هونەرمەندانی كورد خۆبەخشانە كاریان كردووە و هەرگیز بەرهەمە هونەرییەكان داهاتێكی ئەوتۆیان نەبووە كە سوودێكی وایان پێ ببەخشێ، تەنانەت هەندێ جار بۆ خەرجییەكان و دابینكردنی كرێی بارەگای تیپ و گرووپەكان، هەندێ هونەرمەندی خاوەن پەیام لە نانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان گرتووەتەوە. لە ئەمڕۆشدا كە كوردستان بە قەیرانێكی دارایی سەختدا دەڕوات، هونەرمەندی كورد شپرزەیە و نازانێ لە چ دەرگایەك بدات. نووسەرانیش بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمیان بە هەمان شێوە. كەواتە ئامادەبوونی ئەكتەر بە بێ بودجە و بەشداریی شانۆكار و دراماكار و هونەرمەندانی دنیا جوانەكەی ئاواز و میوزیكی كوردی بەبێ پاداشت، كارێكە جێی ستایشە و مایەی نرخاندنە.
هیوا سوعاد: بەردەوامبوونی هونەرمەندان لە بەخششی هونەری و ئەنجامدانی كاری هونەری بە خۆبەخشانە خۆی لە خۆیدا دوو واتا دەگەیەنێ، یەكەمیان: خۆشەویستی و پابەندبوون و ئینتیمانە بۆ خاك و وڵات و نەتەوە، دووەمیان: حەز و ئارەزوویانە لە بەردەوامبوون لە كاری هونەری و ئەفراندن هەرچەندە بارودۆخەكە زۆر نالەبارە، هونەرمەندان مەبەستم هونەرمەندی راستەقینەیە، دەیانەوێ پەیامێك بگەیەنێتە بینەر و بەرپرسانی وڵاتەكە كە هەرگیز ماددە پێوەری كارە هونەرییەكان نابێت و هیچ كاتێكیش مساوەمە لەگەڵ كێشە و نەهامەتییەكانی میللەتەكەیان ناكەن و لە داهێنان و بەخشش پێشەنگ دەبن.
عەنان عوسمان: ئەو پەڕی دڵسۆزی خۆشەویستی بۆ كوردستان و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و هیوای ئاسۆی گەش بۆ نەتەوەكەمان بە كاری هەرە لە پێشینەی هونەرمەندان دەزانم. لەو سۆنگەوە من وەك سینەماكارێك بە هاوكاری و هاوبەشی پۆلێك لە هونەرمەندانی ئازیز هەستمان بە لێپرسراویەتی كرد و فیلمی سینەمایی مەملەكەتی مێروولەكانم خۆبەخشانە بەرهەم هێنا. مێژوو رەحم بە كەس ناكات و لەم كاتە ناهەموارەدا دەبێت هەڵوێسی نیشتیمانپەروەریمان هەبێت و بە رۆحی پێشمەرگانەوە كار بكەین، راستە رەنگە كاری خۆبەخشانە هەندێك هەژاری لە رووی تەكنیكی و هونەریی پێوە دیار بێت، بەڵام باشترە لە بێدەنگی.
Top