خۆشەویستی بۆ كوردستان دوایین كاری دەرهێنەر و ئەكتەر یوسف یوسفییە كە بڕیار وایە بەم نزیكانە بە بەشداری ژمارەیەك هونەرمەندی لە شاری هەولێر نمایش بكرێت.لەم بارەیەوە یوسف یوسفی رایگەیاند: شانۆگەری خۆشەویستێك بۆ كوردستان بیرۆكەی دلێر زیرەك و داڕشتن و دەرهێنانی خۆمە، ئەم شانۆگەرییەك باس لە چەند لایەنێك دەكات وەك خۆشەویستی دایك و خۆشەویستی بۆ كوردستان و پیرۆزی ئاڵای كوردستان و خاك و نیشتیمان و ئەو قۆناغانەی میللەتەكەمان پێیدا تێپەڕیوە لە رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ و چۆنیەتی دابەشكردنی كوردستانی گەورە هێرشی دڕندانەی داعش تا دەگاتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی.یوسفی زیاتر وتی: پەیامی من بۆ نەوەی نوێ ئەوەیە كە ئەم سەربەخۆییەی ئێستای كوردستا بە خوێنی هەزاران شەهیدی گەنج و لاو و سەركردەی بە توانا و لێهاتوو هاتۆتە ئاراوە، بۆیە ناكرێ ئەم قوربانیدانەیان لەبەرچاو نەگیرێت و لە چاوتروكانێكدا لە دەستی بدەین، هەروەها دەمەوێ بە دوژمنانی كوردیش بڵێم میللەتی كورد هەرگیز لە بن نایە ئەگەر منداڵێكمان ببەن یان شەهید ببێت بە هەزاران منداڵ و گەنجی دیكە شوێنیان دەگرنەوە و هەر تاكێكی كورد لە شوێنی خۆی پێشمەرگەیەكی قارەمان و گیان لەسەر دەستە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان، ئەگەر سەركردەكمان شەهید بكرێ یان لە سێدارە بدرێ قارەمانی دیكە هەیە درێژە بە كاروانی ئەوان بدات و هەر چۆنێك بێت دەبێ كوردستانی گەورە یەك بگرێـتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس راگری کۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددین دکتۆر مەهدی قادر و سەرۆکی بەشی شانۆ دکتۆر سالح عومەر و مامۆستا فەرهاد بڕیاردەری بەش بکەم، هەروەها سوپاسی تایبەتم بۆ مامۆستا هیوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆهەیەشایەنی وتنە شانۆگەری خۆشەویستییەك بۆ كوردستان بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددینە و کارێکی خۆبەخشانەیە و ژمارەیەک هونەرمەند بەشداری تیدا دەکەن لەوانە غازی شینە، دڵسۆز ماوەتی، مەحمود گلی، سلێمان گەڵاڵی، عوسمان ئیسماعیل، دیلان خۆرانی، ئاڵان گەڵاڵی، عەبدولقادر عەزیز، هیمن سەعید و رۆژگار قەهار کارتێکەری دەنگ محەمەد سالح و سەرپەرشتی کار دڵسۆزماوەتی و یاریدەدەری دەرهێنەر سلێمان گەڵاڵی و دوای ٢٠ رۆژ پرۆڤە بڕیار وایە رۆژی پێنج رێکەوتی ٢٦/١١/٢٠١٥ كاتژمێر (٤) لە باغی شار لەبەردەم قەڵا نمایش بکرێت.